وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئێران
سبەی
لەكاتێكدا نزیكەی سێ مانگ بەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران دوای شەڕی ١٢ی ڕۆژەی نێوانیان تێپەڕیوە، ئاژانسێكی بەناوبانگی جیهانیی ئاشكرای دەكات، ئێران پێش هێرشەكەی ئیسرائیل توانای دروستكردنی 10 بۆمبی ئەتۆمیی هەبووە.
رۆیتەرز راپۆرتێكی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاشكرا دەكات، كە تێیدا باس لەوە دەكات كۆگای یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە ڕێژەی لەسەدا ٦٠% ە كە نزیكە لە پلەی پێویست بۆ دروستكردنی چەك، ئەمەش تا پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە ١٣ی حوزەیران زیادی كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەمە بە بەراورد بەو هەڵسەنگاندنەی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا كراوە، ٣٢.٣ كیلۆگرام زیادیكردووە.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، بڕی مەزەندەكراوی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بەڕێژەی 60% تا 13ی حوزەیرانی 2025 گەیشتووەتە 440.9 كیلۆگرام.
دەتوانرێت 10 بۆمبی ئەتۆمی لێ بەرهەم بهێندرێت
ڕاپۆرتەكە ڕوونیكردووەتەوە، ئەگەر ئەم بڕە لە یۆرانیۆمە پیتێندراوە بۆ ئاستی 90%بەرز بێتەوە ئەوا دەتوانرێت 10 بۆمبی ئەتۆمی لێ بەرهەم بهێندرێت.
ئەم ئامارانە بەر لە هێرشە سەربازییەكەی ئیسرائیلن بۆ سەر ئێران لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ، كە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وەك نەتەنز و فۆردۆی كردبووە ئامانج.
دوابەدوای ئەو هێرشە، پشكنینەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ئێران بەهۆی زیانگەیاندن بە دامەزراوەكان راگیرا، پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەیانتوانی وردبینی مەیدانی بۆ داتاكانی ئێران لەسەر ئەو كۆڵانەی ئێستا ئەنجام بدەن.
"بە خێرایی پشكنینەكان دەستپێبكرێتەوە"
ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، نیگەرانی خۆی لە بڕیاری تاران بۆ ڕاگرتنی هاوكارییەكانی لەگەڵ دامەزراوەكە لە دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەربڕی، داوای كرد بە خێرایی پشكنینەكان دەستپێبكرێتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە ڕاپۆرتێكی بڵاونەكراوەدا كە ئاژانسی فرانس پرێس بینیویەتی، رایگەیاندووە، "كشانەوەی سەرجەم پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ئێران بە هۆی نیگەرانییەكانی سەلامەتی كە لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەكانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانەوە سەریهەڵداوە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی گشتی ئەمنیی پێویست بووە"، ئاماژەی بەوەشكردووە، "بڕیاری دواتری ئێران بۆ راگرتنی هاریكاری لەگەڵ ئاژانسەكە بە قووڵی جێگەی نیگەرانییە".
لای خۆیەوە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لەو كاتەدا هۆشداری دابوو كە لە كاتێكدا “ئێران لە ئێستادا چەكی ئەتۆمی نییە، بەڵام ئەو ماددەیەی هەیە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی”.
دوای هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوەی فۆردۆ كە پیتاندنی ئاستی بەرزی تێدا ئەنجام دەدرا، ئەو پرسیارەی هاتە ئاراوە ئەوە بوو كە یۆرانیۆمە زۆر پیتێندراوەكەی ئێران چی بەسەر هاتووە؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاندبوو، پێی وایە بەشێكی زۆری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە قووڵایی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردودا جێگیركراوە و بە هۆی هێرشەكەی ئەمەریكا بە تەواوی لەناوچووە، هەر ئەو كات سەرۆكی ئەمەریكا وتی "بڕوام وایە ئەوان كاتیان نەبووە لەوێ هیچ شتێك دەربهێنن، ئێمە بە خێرایی هەنگاومان نا. ئەگەر دوو هەفتەی پێبچوایە، رەنگە، بەڵام زۆر قورسە ئەو جۆرە ماددەیە دەربهێنرێت، زۆر قورسە و زۆر مەترسیدارە بۆ ئەوان كە ئەو ماددەیە دەربهێنن."
ئەمەش لە كاتێكدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە دوای ئامادەبوونی پشكنەرەكانی لە ئێران دەگەڕێت بۆ هەڵسەنگاندنی كاریگەریی هێرشە سەربازییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و پشتڕاستكردنەوەی دۆخی كۆگاكانی یۆرانیۆمی ئێران كە زۆر پیتێنراون.
لەو كاتەدا گرۆسی لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە ئایا ئێران لە دۆخی كۆگاكانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی، بە تایبەتی 60% ی یۆرانیۆم ئاگاداری كردووەتەوە، ئاماژەی بە نامەیەكی ئێرانی كرد كە لە بەرواری ١٣ی حوزەیران (یەكەم رۆژی جەنگ)دا نووسرابوو، لە نامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئێران رێوشوێنی “تایبەتی” بۆ پاراستنی كەرەستە ئەتۆمییەكانی گرتووەتەبەر".
گرۆسی وتیشی: "ئەوان نەیانوت مەبەستیان چییە، بەڵام ئەوە بە روونی واتای نامەكە بوو، دەتوانین وا دابنێین كە كەرەستەكان هێشتا لەوێدان." هەندێك ئەمەیان بەو مانایە لێكدایەوە كە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێیوابوو كە بەشێكی زۆری مادەكان پێدەچێت لە هێرشەكاندا زیانیان پێنەگەیشتبێت، بەڵام ئێران تا ئێستا روونی نەكردووەتەوە كە چی بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%دا هاتووە.
بوونی پشكنەرانی دەزگاكە لە ئێران هەفتەی رابردوو بۆچی بووە؟
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ رایگەیاند: تا ئێستا هیچ بڕیارێك سەبارەت بە چۆنیەتی درێژەدان بە هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەدراوە، بوونی پشكنەرانی دەزگاكە لە ئێران هەفتەی رابردوو تەنیا بۆ باركردنی سووتەمەنی بووە بۆ وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر".
وتیشی “لە ئێستادا هیچ پشكنینێك لە ئێران نییە و هیچ پشكەنەرێك ئامادە نییە”.
بەقائی هەروەها وتی " ئەگەر لایەنەكانی دیكە ئەركەكانی خۆیان بەپێی رێكەوتنی ساڵی 2015 جێبەجێ بكەن، لەوانەش هەڵگرتنی گەمارۆ ستەمكارەكان، ئێرانیش دەگەڕێتەوە سەر ئەركەكانی خۆی".
" كارلێكەكانی ئێران لەگەڵ ئاژانس لە چوارچێوەی بڕیارنامەی پەرلەمان و بە بۆچوونی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوە دەچێت، تا ئێستا هیچ بڕیارێك لەسەر شێوازی كار و كارلێك لەگەڵ ئاژانس نەدراوە، جگە لەوەی هەفتەی رابردوو لە دامەزراوەی ئەتۆمی بوشێهر ئەنجامدراوە". بەقائی وای وت.
وتەكانی بەقائی بۆ بڕیارێكی پەرلەمانی ئێران دەگەڕێتەوە كە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەرچوو، تێیدا داوا لە حكومەت دەكات هاوكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رابگرێت و هاتنی پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی قەدەغە بكات، تا ئەو كاتەی “ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەكان و زانا ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەیان گەرەنتی دەكرێت.