چاندنی ئەندامەکانی جەستە و گەڕان بەدوای نەمریدا؛ ئایا شی و پوتین بەدوای ئەم بیرۆکەیەدا دەگەڕێن؟

#چین#روسیا
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رەنگە پوتین و شی باس لە ئەگەری چاندنی چەندان ئەندام، رەنگە فرەچەشنی ئەندامەکان بکەن، بەڵام ئەنجامدانی نەشتەرگەری شتێکی سادە نییە. مەترسییەکی بەرچاوی تێدایە و هەر جارێک نەخۆشێک دەچێتە ژووری نەشتەرگەرییەوە، ئەوە قومارێکە بەژیانیەوە دەیکات.
Primary Asset

سبەى

ئەمە ئەو تەوەرە چاوەڕواننەکراوە بوو، کە لە دیداری شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین هاوتا رووسییەکەی لە پەراوێزی نمایشێکی سەربازی لە بەیجین وروژێنرا.

وەرگێڕێکی چینی کە لە بری پوتین قسەی دەکرد، بە شی گەیاند، دەتوانرێت چەندین جار ئەندامەکانی مرۆڤ بچێنرێن، "بە تێپەڕبوونی کات مرۆڤەکان گەنجتر و گەنجتر دەکەن"، تەنانەت رەنگە پیربوون "بۆ ماوەیەکی نادیار" دوابخات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت لەماوەی ئەم سەدەیەدا، بتوانرێت مرۆڤ تا 150 ساڵ بژی. زەردەخەنە و پێکەنینی ئەو دوو سەرکردەیە ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەمە گاڵتەجاڕییە، بەڵام پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە: ئایا دەکرێت هەندێک راستی لەم بیرۆکەیەدا هەبێت؟

لە راستیدا چاندنی ئەندامەکانی جەستە، ژیانی ملیۆنان کەسی لە سەرانسەری جیهان رزگار کردووە. بەپێی ئامارەکانی دەزگای خوێن و چاندنی بەریتانیا، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا تەنها لە بەریتانیا زیاتر لە 100 هەزار کەسی رزگار کردووە.

لەگەڵ پێشکەوتنی پزیشکی و تەکنەلۆجی، ئێستا ئەندامە چێنراوەکان، توانای کارکردنیان هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر لە پێشوو. بۆ نموونە هەندێک لە نەخۆشەکان زیاتر لە 50 ساڵە لەگەڵ چاندنی گورچیلەدا ژیاون. تەمەنی ئەندامێکی چێنراو، بەندە بە تەندروستی هەردوو بەخشەر و وەرگر، هەروەها پابەندبوونی ئەمەی دووەمیان بە چاودێری تەندروستی.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە گورچیلەی بەخشەرێکی زیندوو، دەتوانێت 20 بۆ 25 ساڵ بخایەنێت، لەکاتێکدا تەمەنی ئەندامەکە بۆ 15-20 ساڵ کەم دەبێتەوە، ئەگەر ئەندامەکە لە بەخشەرێکی مردووەوە بێت.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری ئابووری پزیشکیدا بڵاوکراوەتەوە، جگەر دەتوانێت نزیکەی20 ساڵ و دڵێک نزیکەی 15 ساڵ و سییەکان نزیکەی 10 ساڵ بخایەنێت.

"بلیتێک" بۆ ژیانی ئەبەدی؟

رەنگە پوتین و شی باس لە ئەگەری چاندنی چەندان ئەندام، رەنگە فرەچەشنی ئەندامەکان بکەن، بەڵام ئەنجامدانی نەشتەرگەری شتێکی سادە نییە. مەترسییەکی بەرچاوی تێدایە و هەر جارێک نەخۆشێک دەچێتە ژووری نەشتەرگەرییەوە، ئەوە قومارێکە بەژیانیەوە دەیکات.

لە ئێستادا ئەو کەسانەی ئەندامێکی نوێ وەردەگرن، دەبێت دەرمانی بەهێزی سەرکوتکەری بەرگری تاکو کۆتایی تەمەنیان بخۆن . ئەم دەرمانانەش دەبنە هۆی کاریگەری لاوەکی، وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن، ئەوەش بەپێی بی بی سی.

بەڵام هەندێک جار رەتکردنەوە روودەدات، تەنانەت ئەگەر نەخۆشەکە پابەند بێت بە دەرمانەکەوە، بەو پێیەی سیستمی بەرگری لەش، ئەندامە چێندراوەکە بە نامۆ دەناسێتەوە و هێرش دەکاتە سەری.

زانستی نوێ

زاناکان کار لەسەر پەرەپێدانی ئەو ئەندامانە دەکەن، کە لەبەرازەوە وەردەگیرێن، بە بەکارهێنانی تەکنیکى بۆماوەیی، بەشێوەیەک هەندێک جینی تایبەتی بەرازەکە لادەبات و جینەکانی مرۆڤ زیاد دەکات، بۆئەوەی زیاتر لەگەڵ جەستەی مرۆڤدا بگونجێت.

ئەو شارەزایانە دەڵێن، بەخێوکردنی بەرازی تایبەت بۆ ئەم کارە، نمونەییە، چونکە ئەندامەکانی نزیکن لە قەبارەی ئەندامەکانی مرۆڤ، بەڵام ئەم توێژینەوەیە لە قۆناغەکانەکانی سەرەتایی پراکتیکیدایە، سەرەڕای ئەنجامدانی دوو نەشتەرگەری چاندنی دڵ و گورچیلە بەو تەکنیکە.

مردنی ئەو دوو پیاوەی، کە خۆبەخشانە بەشدارییان لە تاقیکردنەوەدا کردووە و ئەندامەکانیان بەو تەکنیکە بۆ چێندراوە راگەیەندرا، بەڵام ئاسۆیەکی رۆشن بەدی دەکرێت لە پێشکەوتنی ئەو زانستە لەداهاتوودا.

لە لایەکی ترەوە بەشێکی تر لە زانایان، ئاراستەیەکی جیاوازیان هەڵبژاردووە، بە دروستکردنی ئەندامەکان لە خانەی بنەڕەتی مرۆڤ، ئەم تەکنیکەش لە قۆناغی سەرەتادایە و تویژینەوەکان لەسەری بەردەوامە. 

لەگەڵ ئەوەشدا زاناکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە پێشکەوتنەکانی بواری چاندنی ئەندامەکان، لەسەر بنەمای چارەسەری نەخۆشیەکانە، نەک درێژکردنەوەی تەمەن بۆ 150 ساڵ.

برایان جۆنسۆنی سەرمایەدار، کە ملیۆنان دۆلار بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی بایۆلۆجی خۆی خەرج دەکات، هێشتا چاندنی ئەندامەکانی جەستە ناکات، بەڵام درێغی نەکردووە لە تاقیکردنەوەی گواستنەوەی پلازما لە کوڕە 17 ساڵانەکەیەوە.

دواتر ئەم تاقیکردنەوەیە (گواستنەوەی پلازما لە کەسێکی گەنجەوە) بەهۆی ئەوەی سوودێکی کاریگەری لەسەر تەمەنی بایلۆجی نەبووە، بە راسپاردەی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی راگیران.

جولیان موتز مامۆستای بەشی پزیشک لە زانکۆی کینگ لە لەندەن دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رێگاکانی تری وەک وروژاندنی پلازما دەکرێت، بەڵام هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە.

بەڵام نیل مابۆت، پسپۆڕی بەرگری لە پەیمانگای رۆزلین لە زانکۆی ئەدینبۆرگ، ئەوپەڕی سنوری تەمەنی چاوەڕوانکراوی مرۆڤ بە 125 ساڵ دەخەمڵێنێت، بە بەڵگەی ئەوەی ژان کلۆد کالمانی فەرەنسی (1875 - 1997) 122 ساڵ ژیاوە.

مابۆت دەڵێت دەکرێت ئەندامەکانی جەستە بگۆڕدرێن، بەڵام لەگەڵ تەمەندا جەستە کەمتر بەرگەی فشارەکان دەگرێت و بەگشتی تەمەنی بایلۆجی کەمدەبێتەوە.

لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەداوە، ئامانجی چاندنی ئەندامەکانی جەستە، زیادکردنی ژمارەی ساڵەکانی تەمەن نییه، بەڵکو گرەنتی ئەوە ده کات، کەساڵەکانی تەمەن تەندروستتر بن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی