بە قاچاخبردنى خەڵک لەژێر ناوى چیمەنتۆدا؛ هەڵوەشاندنەوەى هەوڵێکى گەورەى بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق

#عێراق#بازرگانیکردن بە مرۆڤ
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق لە دوای ساڵی 2003 بە شێوەی جۆراوجۆر دەستیپێکرد، لەوانە ئیستغلالکردنی منداڵان بۆ دەرزەکردن، ناچارکردنی ژنان بۆ کارکردن لە تۆڕەکانی لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤ، هێنانى هاووڵاتیانى بیانى بە قاچاخ بەناوى کارکردنەوە و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستى دیکە.
Primary Asset

سبەى

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق هەڵوەشاندنەوەى هەوڵێکى گەورەى بازرگانیکردن بە مرۆڤى راگەیاند، دواى ئەوەى تۆڕێکى بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەوڵیدا زیاتر لە 100 هاووڵاتى بیانى لەژێر ناوى گواستنەوەى کەرەستەى بیناسازیدا بگوازنەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکى دەزگاکە کە دەست سبەى کەوتووە، بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکانى بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دیالە، دەستبەسەر بارهەڵگرێکدا گیراوە کە بە کیسى چیمەنتۆ داپۆشرابوو، لەکاتێکدا 125 هاووڵاتی بیانی لەناوەوە شاردرابووەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان و لە تەواوکردنی ئەرکەکەدا، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، بوونی حەشارگەیەک لە پارێزگای کەرکوک دەستنیشانکرا، ئەو هێزە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکوک، هەڵیانکوتایە سەر شوێنەکە، بەو هۆیەوە 69  هاوڵاتی بیانی دەستگیرکران و رەوانەی دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەرى ڕێکاری یاسایی.

بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق لە دوای ساڵی 2003 بە شێوەی جۆراوجۆر دەستیپێکرد، لەوانە ئیستغلالکردنی منداڵان بۆ دەرزەکردن، ناچارکردنی ژنان بۆ کارکردن لە تۆڕەکانی لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤ، هێنانى هاووڵاتیانى بیانى بە قاچاخ بەناوى کارکردنەوە و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستى دیکە.

بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ئەم تاوانانە وایکرد پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە (28)ی ساڵی 2012 دەربکات، کە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “وەرگرتن، گواستنەوە، داڵدەدان، هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز یان جۆرەکانی تری زۆرەملێکردن، ڕفاندن، ساختەکاری، فێڵکردن، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پێدان یان وەرگرتنی پارە یان سود بە وەرگرتنی ڕەزامەندی کەسێک کە دەسەڵات یان سەرپەرشتیاری هەیە بەسەر کەسێکی تردا، بە مەبەستی فرۆشتن یان ئیستغلالکردنی لەشفرۆشی، سێکسی، کاری زۆرەملێ، کۆیلایەتی، سواڵکردن، بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤ، یان بۆ تاقیکردنەوەی پزیشکی.”

لەچەند مانگى رابردوودا، تۆڕەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لە نایجیریا هەوڵیاندا لە رێگەی فڕۆکەخانەى ئەبوجای پایتەختی وڵاتەکەوە 13 کچ رەوانەی بەغداد بکەن بەمەبەستی کرێکاری و ئیستیغلالکردنی سێکسی، بەڵام هەر لە فڕۆکەخانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکران.

تەمەنی کچەکان کە لەنێوان 19 بۆ 39 ساڵدا بووە، لەلایەن گروپەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە فریودراون کە گومان دەکرێت کار بۆ باندێکی گەورەی تاوانکاریی بکەن لە نێوان نایجیریا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی کرێکاری و ئیستیغلالکردنی سێکسی، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای نیشتمانی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (NAPTIP) لە وڵاتی نایجیریا کە دەست سبەى کەوتووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، کچەکان لەلایەن دەزگا بێ مۆڵەتەکانی دۆزینەوەی کارەوە فریودراون، گوایە لە بەغداد کاریان بۆ دۆزیونەتەوە، بەڵام زانیاری هەڵەیان پێداون لەسەر سروشتی کارەکە.

کچەکان تەنها ڤیزەی 60 رۆژیان بۆ وەرگیراوە، بەڵام گرێبەستی کارەکەیان بۆ ماوەی دوو ساڵە؛ بەوتەى دەزگاکە ئەوەش واتە لەدوای تەواو بوونی ماوەی ڤیزەکە، کچەکان دەکەونە ژێر سۆز و بەزەیی خاوەن کارەکەیان و هەموو مافە یاساییەکەیان لەدەستدەدەن لەنێویاندا موچەی مانگانەیان، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتیشەوە  ئەگەر کچەکان هەرچییەکیان لێ بەسەربێت، حکومەتی نایجیریا ناتوانێت بەهانایانەوە بچێت.

لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە بڕیار بووە مانگانەی ئەو کچانە تەنها 250 دۆلار بێت، لەو بڕەش دەبێت مووچەی چوار مانگیان بنێرن بۆ ئەو کەسانەی کە کارەکەیان بۆ دۆزیونەتەوە لە نایجیریا، بڕە پارەیەکی زۆریش بدەن بە ئەو کەسانەی لە عێراق کارەکەیان بۆ دۆزیونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2020، حکومەتی عێراق بەتەواوی کەمترین ستانداردەکانی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە جێبەجێ ناکات، بەڵام هەوڵی بەرچاو دەدات بۆ ئەو کارە. 

بەپێی ئامارەکانى روانگەی عێراقی بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ دوو لەسەر سێی قوربانییەکان پێکدەهێنن.

چاودێران هۆکاری بڵاوبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق دەگەڕێننەوە بۆ زیادبوونی هەژاری و بێکاری، لاوازی ئاسایش و بەهێزی میلیشیاکان کە پشتیوانی و قازانج لە تۆڕە تاوانکارییەکان دەکەن. هەروەها نەبوونی یاسا و لاوازی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکان کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی