داوایەکى نوێ لە ئەنقەرەوە؛ هەسەدە: پێشنیازى یەکگرتن بەماناى خۆرادەستکردنە و رەتیدەکەینەوە

#هەسەدە#تورکیا#سوریا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • فەوزە یوسف، هاوسەرۆکی شاندی دانوستانکاری کورد دەڵێت "ئەو یەکگرتنەی ئەمڕۆ پێشنیاز کراوە بە مانای رادەستکردنى هەموو شتێکە، هەسەدە یەکگرتنەکە وەک یەکگرتنەوەی دوو ئیدارە دەبینێت، نەک هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەکەی"
Primary Asset

سبەى

تورکیا داواى تێکەڵکردنى هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا دووپاتدەکاتەوە، هەسەدەش یەکگرتنی پێشنیازکراو، بە "رادەستکردنى هەموو شتێک" دادەنێت و رەتیدەکاتەوە، هۆشداریش دەدات لەوەى ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە ناوچەکانی سوەیدا روویاندا، رەنگە لە ناوچەکانیان بە توندوتیژی زیاترەوە دووبارە ببنەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەمڕۆ هەینی جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی پابەندبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سوریادا، لەژێر رۆشنایی  جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازاردا. وەزارەتەکە هەر پێشێلکارییەک لەم لێکتێگەیشتنانە بە مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەبینێت.

دەشڵێت "پابەند نەبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بەڵێننامەی دانانی چەکەکانیان و تێکەڵبوون لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا، هەڕەشه لەیەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات و دەبێتە کێشەیەکی گەورەش بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتییە پێویستەکان بۆ سوریا، هەم بۆ ئەوەی بەشداری لە سەقامگیری ئەو وڵاتەدا بکات و هەم بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی تورکیا، رێگەش نادەین بە هێزەکانی سوریای دیموکرات پرۆسەی سەقامگیری سوریا تێکبدات".

ئەنقەرە جگە لە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، کە تایبەتە بە یەکخستنی هێزەکانی سوپای سوریا لە سوپای سوریادا، پشت بەو رێککەوتنە سەربازییە دەبەستێت، کە لە سەرەتای مانگی ئابی 2025 لەگەڵ دیمەشق واژۆی کردووە، کە بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە رەوتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.

رێککەوتنەکە، کە لە ئەنقەرە بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و هەواڵگری هەردوولا واژۆ کرا، بریتی بوو لە دابینکردنی سیستمی پێشکەوتووی چەک و کەرەستەی لۆجستی بۆ سوپای سوریا، جگە لە مەشقی سەربازی و خزمەتگوزاری راوێژکاری، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و داڕشتنەوەی کەرتی ئەمنی.

ئەنقەرە ئەم هاوکارییە سەربازییە، وەک هەنگاوێکی سروشتی بۆ دامەزراندنی هاوبەشییەکی نوێی ئەمنی لەگەڵ دیمەشق دەڕوانێت.

هەروەها لە رێککەوتنەکەدا میکانیزمێکی هەماهەنگی هاوبەش بۆ پلاندانانی ئۆپەراسیۆن و ئاڵوگۆڕی زانیاری دامەزراندووە، میدیاکانی تورکیاش ئەگەری دامەزراندنی بنکەی سەربازی تورکیا لە شوێنە ستراتیجییەکانی ناوخۆی سوریا دزەپێدەکەن.

بەقسەی بەرپرسانی تورکیا، رێککەوتنە نوێیەکە پێگەی تورکیا لە گوشار خستنەسەر سوپای سوریای دیموکرات بەهێزتر دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پاڵپشتی راستەوخۆی تورکیا بۆ سوپای سوریا، رێگری لە هەر پرۆژەیەکی سەربازی سەربەخۆ لە رۆژهەڵاتی فوڕات دەکات.

لەبەرامبەردا دیمەشق پێی وایە، هاوکاری لەگەڵ ئەنقەرە یارمەتیدەر دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی باکوور، هەروەها بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی یان ناوخۆیی.

دیمەشق سەرەتا پێشوازی لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ هەسەدە کرد و جەختی لەوە کردەوە، "هەر هەنگاوێک کە یەکێتی سوریا بەهێز بکات، پێشوازی لێدەکرێت". بەڵام هێشتا وردەکاری روونی سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستنی هەسەدە و داهاتووی ئیدارەی خۆرئاوای کوردستانی ئاشکرانەکردووە.

بەڵام فەوزە یوسف، هاوسەرۆکی شاندی دانوستانکاری کورد دەڵێت "ئەو یەکگرتنەی ئەمڕۆ پێشنیاز کراوە بە مانای رادەستکردنى هەموو شتێکە، هەسەدە یەکگرتنەکە وەک یەکگرتنەوەی دوو ئیدارە دەبینێت، نەک هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەکەی".

وتیشى "سوریا ئەمڕۆ خاوەنی دەوڵەت و حکومەت و سوپای ئاسایی نییە، بەڵکو هەمووی لە پرۆسەی بنیاتناندایە، چۆن دەتوانین ئیرادەی خۆمان تەسلیمی ئەوان بکەین؟".

فەوزە یوسف جەختیکردەوە، کۆماری عەرەبی سوریا گوزارشت لە واقیعی فرەچەشنی سوریا ناکات و ئەو بەیاننامە دەستورییەی کە داڕێژرا، دیموکراسی نییە و پێویستە هەموار بکرێتەوە.

هۆشداریشیدا لەوەی "ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە ناوچەکانی کەنار و سوەیدا روویانداوە، رەنگە لە ناوچەکانمان بە توندوتیژی زیاترەوە دووبارە ببنەوە، هەر بۆیەش رەتیدەکەینەوە ژیانی خۆمان تەسلیمی ئەو گروپانە بکەین".

"لایەنە نێودەوڵەتییەکان خۆیان لە حکومەتی سوریا دەپرسن: چۆن هەموو سوریا کۆنتڕۆڵ دەکەیت؟ دەبێت دیمەشق هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێمە بگۆڕێت"، فەوزە یوسف وايوت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی