12هەزار وێنە بۆ بەئامانجگرتنی ئێران؛ مانگی دەستکردی نوێی سیخوڕی ئیسرائیل لە خولگەی زەوی

#مانگی دەستکرد#ئیسرائیل#ئێران
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئیسرائیل مانگێکی دەستکردی سیخوڕی نوێ رەوانەی خولگەی زەویی دەکات، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلش رایگەیاند: هەڵدانی مانگی دەستکردی ئاسۆیی 19 پەیامێکە بۆ دوژمنەکانمان کە "ئێمە لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو بارودۆخێکدا چاودێرییان دەکەین".
  • ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٨ چووە ناو لیستی زلهێزەکانی چاودێری بۆشایی ئاسمانەوە، کاتێک یەکەم مانگی دەستکردی رەوانەی خولگەی زەوی کرد.
Primary Asset

مانگی دەستکرد

سبەی

ئیسرائیل دەڵێت مانگێکی دەستکردی نوێی سیخوڕییان رەوانەی خولگەی زەویی کردووە کە توانای چاودێریکردنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بەرز دەکاتەوە، مانگێکی دەستکرد کە "دەتوانێت وێنەی تەنی بچووک تەنانەت تا 50 سانتیمەتر بەشەو و ڕۆژ بگرێت".

ئیسرائیل مانگێکی دەستکردی سیخوڕی نوێ رەوانەی خولگەی زەویی دەکات، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلش رایگەیاند: هەڵدانی مانگی دەستکردی ئاسۆیی 19 پەیامێکە بۆ دوژمنەکانمان کە "ئێمە لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو بارودۆخێکدا چاودێرییان دەکەین".

 کاتز هەڵدانی مانگی دەستکردی بە "دەستکەوتێکی بەرز" وەسف کرد کە "کەم وڵات" دەتوانێت هاوتای بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، مانگە دەستکردەکە شەوی سێشەممە یەکی ئەیلول بە بەکارهێنانی شوێنی هەڵدانی "شاڤیت" ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە و بە سەرکەوتوویی چووەتە ناو خولگەی زەوی.

دوای دوو مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دێت 

هەڵدانی مانگە دەستکردەکە دوای دوو مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دێت، کە ماوەی ١٢ ڕۆژەی خایاند، تیایدا ئیسرائیل دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێران و هەندێک ناوچەی نیشتەجێبوونی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە دوورییەوە کردە ئامانج. ئێران وەڵامی دایەوە و سەدان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و زۆربەیان رێگرییان لێکرا، بەڵام هەندێکیان لە چەندین بەرگریی ئاسمانیی رزگاریان بوو و خاکی ئیسرائیلیان کردە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕی "ئاسۆی 19"، بەشێک لە دانیشتوانی تەلئەبیب و ناوەڕاستی ئیسرائیل سەرەتا پێیانوابوو کە مووشەکێک بە بینینی تەنێکی ڕووناکدار لە ئاسماندا رێگری لێکراوە، ئەمەش بۆ ساتێک نیگەرانی لێکەوتەوە.

خستنەکاری "ئاسۆی ١٩"بە هاوکاری وەزارەتی بەرگری و پیشەسازی فڕۆکەوانیی ئیسرائیلی کە سەر بە دەوڵەتە ئەنجامدراوە.

زیاتر لە ١٢ هەزار وێنەی مانگی دەستکرد بۆ رێنماییکردنی هێرشەکانی سەر ئێران بەکارهێنراوە 

بە وتەی دانیال گۆڵد، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی بەرگریی، زیاتر لە ١٢ هەزار وێنەی مانگی دەستکرد بۆ رێنماییکردنی هێرشەکانی سەر ئێران بەکارهێنراوە.

جەنەڕاڵ ئەمیر بارام، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئاسۆی 19 بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ "بەدەستهێنانی چاودێریکردنی بەردەوام و هاوکات لەسەر هەموو خاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

لای خۆشییەوە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت وڵاتەکەی لە “حەوت بەرە” شەڕ دەکات.

 لەماوەی 23 مانگ لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، هێزەکانی ئیسرائیل ئامانجەکانیان لە لوبنان، سوریا، یەمەن و عێراق پێکاوە، ئەمە جگە لە شەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئێران.

ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٨ چووە ناو لیستی زلهێزەکانی چاودێری بۆشایی ئاسمانەوە

بۆئاز لیڤی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئیسرائیل ئایرۆسپەیس ئیندستریز"، کە سەر بە دەوڵەتە و هاوکاری وەزارەتی بەرگریی کردووە لەسەر پڕۆژەی مانگی دەستکردی سیخوڕی، بە ئاماژەدان بە شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئێران، دەڵێت "ئۆپەراسیۆنی هێرش بۆ سەر ئێران نیشانیدا کە هەبوونی چاودێرییەکی پێشکەوتوو لە ناوچەکەماندا زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە باڵادەستی ئاسمانی و زەمینی".

ئاسۆی ١٩ بۆ وێنەگرتن پشت بە رادار دەبەستێت و بە وتەی لیڤی، توانای وێنەگرتنی شەو و رۆژی هەیە، لیڤی بە کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی وتووە، مانگە دەستکردە نوێیەکە دەتوانێت وێنەی تەنی بچووکتر لە ٥٠ سانتیمەتر بگرێت، بە شەو بێت یان رۆژ.

ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٨ چووە ناو لیستی زلهێزەکانی چاودێری بۆشایی ئاسمانەوە، کاتێک یەکەم مانگی دەستکردی رەوانەی خولگەی زەوی کرد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی