سبەی
ملیاردێرێکی بەرازیلی، سامانەکەی دەبەخشێتە نەیمار داسلیڤای ئەستێرەی تۆپی پێی وڵاتەکەی.
ئەو ملیاردێرە تەمەن 32 ساڵە، بڕیاریداوە کۆی سامانەکەی کە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکییە ببەخشیتە نەیماری ئەستێری تۆپی پێی جیهان و بەرازیل کە ئێستا بۆ یانەی سانتۆس یاریی دەکات.
لیو دیاز، رۆژنامەنووسی دیاری بەرازیلی لەسەر پێگەی (portalleodias) بڵاوی کردەوە، مانگی تەمموزی 2023، ئەو پیاوە دەوڵەمەندە کە گرفتی تەندروستی هەیە و نەخۆشە، چووەتە فەرمانگەی دادنووسی شاری پۆرتۆ ئەلیگری بۆ ئەوەی بە فەرمی پەنجەمۆر و ئیمزای کۆتایی بخاتە سەر وەسیەتنامەکەی بۆ دیاریکردنی میراتگرەکەی.
ملیاردێرە بەرازیلییەکە سامانەکەی (5.4) ملیار دۆلاری بەرازیلییە و بە فەرمی بەخشیویەتییە نەیمار داسلیڤا جۆنیۆر، کە ئەویش سامانەکەی هاوتای دەوڵەمەندە بەرازیلییەکەیە و خاوەنی یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکییە، ئەوەش بەپێی پێگەی میترۆپۆلیس.
ئەو پیاوە بەرازیلییە ناسنامەی خۆی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکردووە، تەنها ئەوەندە نەبێت نایەوێت ئەو سامان و موڵک و ماڵەی هەیەتی بۆ کەسانی نزیکی خۆی بەجێبهێڵێت. ناشیەوێت بۆ حکومەتی بەرازیل بێت، باشترین بژاردەش ئەوەیە پێشکەشی ئەستێرەی دڵخوازی خۆی بکات.
ئەو کەسە کە تائێستاش ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، میراتگری راستەوخۆی نییە لەبەرئەوەی هاوسەرگیریی نەکردووە و منداڵی نییە، دەڵێت: ئەمە کۆتا وەسیەتی منە، ماڵ و موڵک و سامانەکەم بۆ نەیمار جێدەهێڵم و پێشکەشی ئەوی دەکەم.
تائێستا میدیاکانی بەرازیل هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە، کە ملیار دێرەکە لە ژیاندا ماوە، یان هەڵوێستی نەیمار چۆنە لەسەر ئەو سامانەی کە بڕیارە بۆی بەجێبمێنێت.