سبەى
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەى کەیسەکانى لالەزار و دەستگیرکردنى ئارام قادرەوە پەیامێک ئاڕاستەى سەرۆکایەتییەکانى هەرێمى کوردستان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان دەکات.
دەستەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، ڕێگا نەدان و زانیاری پێ نەدان بە کەس و کاری بێسەروشوێنبووانى رووداوەکەى لالەزار "گومان هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجە درابن و توندوتیژی لەگەڵ یان بەکار هاتبێت لە کاتی دان پێدانان بۆیە نایانەوێت کەس بیانبینێت".
دەشڵێت، هەروەها بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دەستە کەسانێک لە ڕووداوی لالەزار کوژراون، "بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری بدەن و بڵاو بکەنەوە ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر شێوازی کوشتنیان."
باسى لەوەشکردووە، "هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لەدەست بەسەر داگرتنی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی زوومی شەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت و لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە ڕابگیرێت و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ڕۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتە".
دەستەکە داوا لە دژەتیرۆر و هێزی کۆماندۆ /سلێمانی دەکات هەرچی زووە ڕێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکەن و ڕێگەش بە کەس و کاری ئەوانە بدەن کە تا ئێستا سەردانیان نەکردوون و پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە ڕابگەیەنرێت کە تا ئێستا هەواڵیان نییە.
دەستەى مافى مرۆڤ دەشڵێت، هەروەها داوای بینینی ئارام قادر سەرۆکی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی کردبوو دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەداوە.
جەختیشدەکاتەوە، دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ چەسپاندنی یاسای یە بەپێی ڕێکارە ڕێگە پێدراوەکان پشتگیری سەروەری یاسا دەکات و دژی هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی هەڕەمەکین، پێویستە هەرچی زووە کار ئاسانی بۆ سەرۆک و تیمەکانمان بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک لە هەر کوێ و لای هەر دەزگایەک بێت ئەوەش لە چوارچێوەی کار و ئەرک و دەسەڵاتی دەستەیە کە پەرلەمانی کوردستان بۆی دیاری کردووە وەک دەزگایەکی نیشتمانی سەربەخۆ.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، ڕاپۆرتێکی وردیان نووسیوە لەسەر ئەو کەیسە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ چوار سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان/ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەنێرن.
دەستەکە هەروەها داوا دەکات کە لیژنەیەکی باڵا پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون و ڕاستی و دروستی ئەم کەیسە، خەڵکی کوردستان لە دەرەنجامەکانی ئاگادار بکرێنەوە.