خۆراك پارێزراوە و نەوت لە مەترسیدایە؛ عێراق رێوشوێنی خۆپارێزی لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هیندستان و پاكستان دەگرێتەبەر

#عێراق#هیندستان#پاکستان
19 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • عومەر نەزیر، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی بازرگانی و ئابوری لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە میدیای عێراقیی وتووە "ئەمڕۆ دانیشتنێكی نائاساییمان بە ئامادەبوونی چەند ئەكادیمییەك ئەنجامدا، بۆ ئەوەی تاوتوێی كاریگەریە ئابوریی و سیاسییەكانی زیاتر گرژبوونی نێوانی نیودەلهی و ئیسلام ئاباد لەسەر بەغداد بكەین".
Primary Asset

وێنە- میدیای عێراقی

سبەی

ناوەندی توێژینەوەی بازرگانی و ئابوری لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، جەختدەكاتەوە سەرەڕای ئاڵۆزیەكانی نێوان هیندستان و پاكستان پێداویستی خۆراكیی لە عێراق پارێزراوە، لە هەمانكاتیشدا هۆشداری دەدات كە كەرتی نەوت لە عێراق كاریگەری لەسەر دروست دەبێت ئەگەر لەداهاتوو جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە هەڵبگیرسێت.

عومەر نەزیر، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی بازرگانی و ئابوری لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە میدیای عێراقیی وتووە "ئەمڕۆ دانیشتنێكی نائاساییمان بە ئامادەبوونی چەند ئەكادیمییەك ئەنجامدا، بۆ ئەوەی تاوتوێی كاریگەریە ئابوریی و سیاسییەكانی زیاتر گرژبوونی نێوانی نیودەلهی و ئیسلام ئاباد لەسەر بەغداد بكەین".

نەزیر وتیشی "عێراق لە سیاسەتی دەرەوەدا بە وریاییەوە مامەڵە دەكات و مەبدەئی ئەوەیە دووربكەوێتەوە لە مەترسییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات جێگرەوەی بازرگانیی و جۆراوجۆری هەبێت". جەختیشیكردەوە "هەر ئەگەرێكی سەرهەڵدانی جەنگی درێژخایەن لەنێوان هیندستان و پاكستان دەبێتەهۆی گۆڕانكاری كتوپڕ لە نرخی نەوت لە جیهاندا".

بەوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی بازرگانی و ئابوری لە وەزارەتی بازرگانی عێراق "هەناردەی نەوتی عێراق ساڵی 2024 بەهاكەی نزیكەی 30 ملیار دۆلار بووە، بەوەش هیندستان دووەم بەكارهێنەری نەوتی عێراقە پاش چین، ئەمەش بەپێی داتاكانی ناوەندی توێژینەوە".

وتیشی "عێراق خاوەن كۆگایەكی ستراتیژی پارێزراوی ماددەی خۆراكییە، جۆراوجۆریی هاوبەشە بازرگانییەكانیش وایكردووە بە ئاسانی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ قەیرانە جیهانییەكان بكات، ئەمەش وایكردووە عێراق بەدووربێت لەهەر كاریگەرییەكی راستەوخۆ بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی هیندستان و پاكستان".

"عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانیی و ژمارەیەك پسپۆڕ، كۆڕبەندێكی فراوان ئەنجامدەدات، بۆ گفتوگۆكردنی كاریگەرییەكانی ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر وڵاتەكەی، هەروەها رۆڵی وەزارەت لە پاراستنی ئاسایشی خۆراكی نیشتمانی". ئەو بەرپرسەی ناوەندی توێژینەوەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق وا دەڵێت.

جەختیشدەكاتەوە "پێویستە پلانێكی فریاگوزاری هەبێت بۆ ئەو عێراقیانەی لە هیندستان و پاكستانن، كە بۆ مەبەستی خوێندن یاخود چارەسەر چوونەتە ئەو وڵاتە، لە ئەگەرێكدا ئەگەر چەكی ناكلاسیكی بەكارهات".

ئاڵۆزییەكانی نێوان هیندستان و پاكستان لە كۆتاییەكانی نیسانی ئەمساڵ زیاتربوو، دوای ئەوەی هێرشێكی خوێناوی لە كشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان روویدا، ئەمەش وایكرد پاش چەند رۆژێك هیندستان و پاشانیش پاكستان لەسەر سنور بۆردومانی یەكتر بكەن و بەهۆیەوە چەندین كەس لەهەردوولا كوژران و برینداربوون.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی