سبەى
وتەبێژى دەم پارتى رایگەیاند، پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لەماوەیەکى کورتدا بڕیارى خۆى لەبارەى کۆنگرە رادەگەیەنێت کە بڕیارێکى مێژویی دەبێت، ئەوەش دواى بڵاووبوونەوەى دەنگۆى بەستنى کۆنگرەى پەکەکە، لەکاتێکدا هێشتا پەکەکە هیچ قسەیەکى لەو بارەیەوە نەکردووە.
ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژى دەم پارتى رۆژى هەینى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسدا ئاماژەى بەوەکرد، راگەیاندنى بەستن و ئەنجامى کۆنگرەى پەکەکە پەیوەستە بە کاتەوە، پەکەکە لە ماوەیەکى کورتدا بڕیارى خۆى لەو بارەیەوە ئاشکرادەکات.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە بەشێک لە میدیاکانى تورکیا دەنگۆى بەستنى کۆنگرەى پەکەکە بڵاوبووەتەوە، بەپێی پەیامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان کە داواى بەستنى کۆنگرەى چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەى کردووە.
رۆژى پێنجشەممە 8ی ئایاری 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند، لەم یەک دوو ڕۆژەدا، پەکەکە چەک دادەنێت و خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە، لە دوای ئەوە قۆناغێکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکات.
ئەردۆغان هۆشداری لە هەستیاری قۆناغەکە دەدات و دەڵێت: "ئەرکی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی سیاسییەکان. پێویستە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە ببرێت چونکە ئاسان نییە".
ئەو قسانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە سێ ڕۆژ لەمەوبەر ڕۆژنامەی ئایدنڵک بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەکەکە لە نیوەی یەکەمی مانگی نیسان کۆنگرەی خۆی بەستووە و بڕیاری داوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، دەوڵەتی تورکیای لەوە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هێشتا بڕیارەکەی ڕانەگەیاندووە.
تا ئێستا بەرپرسانى پەکەکە جگە لە جەختکردنەوە لە مەرجى ئامادەبوونى عەبدوڵا ئۆجەلان لە کۆنگرەى خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەک دانان و پابەندبوونى تورکیا بە ئاگربەست، هیچ لێدوانێکیانى دیکەیان لەو بارەیەوە نەداوە.
قۆناغی نوێی پرۆسەی ئاشتی
لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.
ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.
دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.
لە 2ی ئاداریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکوو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.
گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەخت لەوە دەکەنەوە لە شەڕدا ناتواندرێت چەک دابندرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.
بابەتە پەیوەندیدارەکان
دەم پارتى: پەکەکە لەماوەیەکى کورتدا بڕیارى خۆى لەبارەى کۆنگرە رادەگەیەنێت
هەرێم وەرگرتنى 700 ملیار دینارەکە بۆ مووچە رەتدەکاتەوە و تەیف سامیش داواى نوێى هەیە
جۆرێكی تەنها بۆ پشكنین بەكارهێناوە؛ بەنزینخانەیەك بەهۆی بوونی دوو كوالێتی بەنزینی نۆرماڵ دادەخرێت
نوێترین بابەتەکان
دەم پارتى: پەکەکە لەماوەیەکى کورتدا بڕیارى خۆى لەبارەى کۆنگرە رادەگەیەنێت
هەرێم وەرگرتنى 700 ملیار دینارەکە بۆ مووچە رەتدەکاتەوە و تەیف سامیش داواى نوێى هەیە
جۆرێكی تەنها بۆ پشكنین بەكارهێناوە؛ بەنزینخانەیەك بەهۆی بوونی