سبەى
هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا پەیامێکى توندى ئاڕاستەى پەکەکە کرد و جەختیکردەوە، تەنها چەکدانان بەس نییە، بەڵکو دەبێت سەرجەم گروپ و رێکخراوەکانى سەر بە پەکەکە هەڵبوەشێندرێنەوە، ئەوەش دواى چەند کاتژمێرێک لە ئاشکراکردنى بەستنى کۆنگرە لەلایەن پەکەکەوە لەسەر بنەماى بانگەوازەکەى ئۆجەلان.
هاکان فیدان رۆژى هەینى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵ 24 ى تورکى ئاماژەى بەوەدا، چاوەڕوانى وەڵامى ئەرێنى پەکەکەن لەبارەى چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەوە، دواى ئەوەى کۆنگرەى خۆیان لەو بارەیەوە بەست و ماوەیەکى تریش چاوەڕوان دەبن لەو بارەیەوە.
جەختیشیکردەوە، ئەوان ئێستا باسى تورکیاى “بێ تیرۆر” دەکەن و تەنها چەکدانانى پەکەکە بەس نییە، بەڵکو پێویستە سەرجەم گروپ و رێکخراوەکانى سەر بە پەکەکە هەڵبوەشێندرێنەوە، کە ئەو بە رێکخراوى “نایاسایی” ناویبردن.
ئەوە لەکاتێکدایە، پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) رۆژى هەینى بەستنى کۆنگرەى ئاشکراکرد و بەم نزیکانە ئەنجامەکەى بڵاودەکاتەوە، عەبدوڵا ئۆجەلانیش بەشێوەى “تەکنیکى” بەشدارى کۆنگرەکەى کردووە، ئەردۆغانیش هەڵوێستى خۆى لەو بارەیەوە رادەگەیەنێت.
کۆنگرەى 12 هەمینى پەکەکە لە رۆژانى 5-7 ى ئایار هاوکات لەدوو ناوچەى جیاواز لە ناوچەکانى پاراستنى مەدیا بەڕێوەچووە، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى پەکەکە کە دەست سبەى کەوتووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کۆنگرەکە سەرکەوتوو بووە و لەسەر بنەماى بانگەوازەکەى ئۆجەلان بەڕێوەچووە و هەڵسەنگاندنى بۆ پێشنیازەکانى ئۆجەلان کردووە.
جەختیشیکراوەتەوە لە کۆنگرەکەدا و لەسەر بنەماى بانگەوازەکەى ئۆجەلان، بڕیارى گرنگى مێژوویی دراوە و لە نزیکترین کاتدا ئەنجامى کۆنگرە و بڕیارەکان بڵاودەکرێنەوە.
بەستنى کۆنگرەى پەکەکە دواى زیاتر لە دوو مانگ دێت لە بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان لەبارەى پڕۆسەى ئاشتییەوە، کە تێیدا داواى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکەى کردووە.
بەشداری ئۆجەلان و هەڵوێستى ئەردۆغان
پەروین بوڵدان ئەندامى شاندى ئیمراڵى لەبارەى بەشدارى ئۆجەلان لە کۆنگرە وتى "بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشێوەی تەکنیکی (ڕاگەیاندنێکی تەکنیکی) بەشداریکردووە. نامەوێ وردەکاری زیاتر بدەم. لەبەرئەوەی ڕێگەکەمان درێژەی هەیە و پێویستە بە ئاگادارییەوە لەسەر پرۆسەکە قسەکەین و زیانی لێنەدەین".
وتیشى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەربارەی بابەتە قسەى دەبێت "لە ماوەیەکی نزیکدا قسەی لەبارەی بابەتەکەوە دەبێت. نامەوێ لەسەر ئەم بابەتە هەڵسەنگاندن بکەم. بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا سەرۆک کۆماریش قسەی لەسەر بابەتەکە دەبێت."
رۆژى پێنجشەممە 8ی ئایاری 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند، لەم یەک دوو ڕۆژەدا، پەکەکە چەک دادەنێت و خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە، لە دوای ئەوە قۆناغێکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکات.
ئەردۆغان هۆشداری لە هەستیاری قۆناغەکە دەدات و دەڵێت: "ئەرکی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی سیاسییەکان. پێویستە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە ببرێت چونکە ئاسان نییە".