سبەى
سوپا و هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەخرێنە ئەوپەڕى حاڵەتى ئامادەباشییەوە، ئەوەش بەئامانجى پاراستنى کارەکانى کۆنگرەى لوتکەى وڵاتانى عەرەبی کە 17ى ئەم مانگە دەستپێدەکات.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق رۆژى هەینى رایگەیاند، سەرجەم یەکەکانى وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانى دیکە لەرۆژى شەممەوە دەخرێنە حاڵەتى ئامادەباشى (ج)، کە ئەوپەڕى حاڵەتى ئامادەباشیە، ئەوەش بەهۆى کارەکانى کۆنگرەى لوتکەى وڵاتانى عەرەبییەوە و تا کۆتایی کۆنگرەکە رەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.
بڕیارە رۆژى شەممە 17ى ئەم مانگە بەغداد میواندارى کۆنگرەى لوتکەى وڵاتانى عەرەبی بکات بەبەشدارى سەرۆکى وڵاتانى عەرەبی لەناویاندا ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا کە بانگهێشتکردنى بۆ کۆنگرەکە لەلایەن عێراقەوە مشتومڕ و کاردانەوەى زۆرى دروستکردووە و گروپە چەکدارەکان و بەشێک لەلایەنە عێراقییەکان دژى بەشداریکردنین لە کۆنگرەکەدا.
بەسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژى هەینى تەواوبوونی هەموو ئامادەکارییە پێویستەکانی بۆ میوانداریکردنی لوتکەی عەرەبی راگەیاند و جەختیکردەوە، لوتکەکە یەکێک دەبێت لە گرنگترین لوتکە عەرەبییەکان.
رونیشیکردەوە،هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە، لە لوتکەکەدا تاوتوێدەکرێن.
لوتکەى عەرەبی هاوکاتە لەگەڵ کێشە و قەیران و ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش گرنگی ستراتیژیی لوتکەکە زیاتر دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە چارەنووسسازانەی کە ناوچەکەى گرتووەتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی عێراق و سەرجەم دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی کارەکانى لوتکەکە و دابینکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ شاندە بەشداربووەکان کە بڕیارە لە 21 وڵاتى عەرەبیەوە بچنە بەغداد.
لیوا وەلید تەمیمی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند "پلانی ئەمنی کە بە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ داڕێژراوە، بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای هەوڵی هەواڵگری و تەکنیکی پێشکەوتووە".
جەختیشی لەوەکردەوە، پلانەکە جەخت لەسەر دڵنیابوون لە سەلامەتی سەرجەم شاندەکان دەکاتەوە بەبێ هیچ ئامادەبوونێکی چەکداری، بە ئامانجی پیشاندانی وێنەی شارستانی عێراق و دابینکردنی کەشێکی پارێزراو و ئاسوودە بۆ بەشداربووان.
تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد، پلانە گشتگیرەکە ئاسایشی توند لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لەخۆدەگرێت، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە، ئەمە جگە لە پاراستنی پایتەخت و دەروازەکانی چوونە ژوورەوە، هەروەها سەرجەم ڕێگاکانی گواستنەوە بۆ شاندەکان و شوێنی مانەوەیان. بەڵام رێوشوێنەکان قەدەغەى هاتوچۆ ناگرێتەوە.