دەرکەوتنى فەرماندەیەکى هێزەکانى ئەمەریکا لە سوریا لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە
سبەى
هاوپەیمانى نێودەوڵەتى گەورەترین مانۆرى سەربازى لەبنکەکانیەوە لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا بەرەو سنورەکانى عێراق ئەنجام دەدات، لە قۆناغێکى نوێی پتەوکردنى مانەوەى هێزەکانیان لە سوریا، فەرماندەیەکى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیش پرسی کشانەوەى هاوپەیمانان بە “خەیاڵ” دادەنێت.
مەحمود حەبیب، فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، هاریکاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی کاریگەر بەردەوامە، هەردوولا بەردەوامن لە مەشق و ڕاهێنانى هاوبەش، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستى هاریکارى نێوانیان. لەگەڵ پلانى جێگیربوونیان لەنزیک بەنداوى تشرین بەم نزیکانە.
وتیشى هاوکارى سەربازی و لۆجستی بۆ پشتیوانی لە بنکەکانی هاوپەیمانان لە باکوری سوریا نێردراوە و "قسەکردن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان تەنها خەیاڵێکى بێ بنەمایە".
هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەسەرۆکایەتى ئەمەریکا لەمساڵدا ناردنى هاوکارى سەربازى و لۆجستى بۆ بنکەکانى لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا زیادکردووە و مانگانە کاروانى نوێی هاوکارى دەگەیەنێتە هێزەکانى.
لەگەڵ بەردەوامى ناردنى هاوکارى، هاوپەیمانان سەرقاڵى ئامادەکارین بۆ گەورەترین مانۆڕى سەربازى لەو کاتەوە کە چونەتە سوریا، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ ئاژانسى نۆرس پرێس.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، مانۆڕەکە لە بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کێڵگەی نەوتی عومەر و دەوروبەری و هەروەها لە دەوروبەرى ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆرەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە سنووری عێراق، ئەوەش رێگە خۆشدەکات بۆ قۆناغێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
رۆژى هەینى رابردوو کاروانێکى سەربازى هاوپەیمانان کە بەربەستى کۆنکرێتى و چەک و کەلوپەلى سەربازى و لۆجیستى هەڵگرتبوو، لە کێڵگەى نەوتى عومەر و کونیکۆى غازییەوە لە دەوروبەرى دێرەزوور رەوانەى بنکەکانى دیکەى هاوپەیمانان لە پارێزگاى حەسەکە کران، ئەوەش بەپێی روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ.
ئەو جموجۆڵە دواى کەمتر لە 48 کاتژمێر هات لە رەوانەکردنى کاروانێکى سەربازى هاوپەیمانان بۆ بنکەکانیان لە رەققە، کە 25 بارهەڵگرى پڕ لە سیستمى چاودێرى پێشکەوتوو، زرێپۆش، تانکەرى سوتەمەنى، کەلوپەلى سەربازى و لۆجیستى جۆراوجۆرى لەخۆگرتبوو.
سێ هەفتە لەمەوبەر، هاوپەیمانان 70 بارهەڵگر چەک و کەرەستەى سەربازییان لە هەرێمەوە رەوانەى رۆژئاواى کوردستان کرد، لەگەڵ ئامادەکاریی بۆ کەمکردنەوەى ژمارەى هێزەکانیان لەو ناوچەیە.
کاروانەکە چەک و کەرەستەى سەربازى و ئۆتۆمبێلى سەربازى گولـلەنەبڕ، سیستمى رادار و دۆشکە و تانکەرى سوتەمەنى و چەندین سندوقى داخراویان لەخۆگرتبوو، کە لەزەوى و ئاسمانەوە و لەلایەن دوو هەلیکۆپتەرى سەربازییەوە دەپارێزران، ئەوەش بەپێی روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ.
کاروانەکە رەوانەى بنکەى خەراب جەبیر لە دەوروبەرى رمێلان لە باکورى پارێزگاى حەسەکە کران.
ئەمەریکا لە سوریا
لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 پنتاگۆن ڕایگەیاند کە نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریکا لە سوریا جێگیرکراون، ئەوەش زیاترە لەو ژمارە فەرمیانەی کە پێشتر وەزارەتەکە ڕایانگەیاندبوو.
لەو ژمارەیە 1100 سەربازیان لەلایەن پنتاگۆنەوە بە هێزى کاتى ناوبران، 900 سەربازەکەى دیکەش بە هێزى سەرەکى.
پنتاگۆن هۆکارى زیادکردنى هێزەکانى لە سوریا بۆ پێشهاتە خێراکانى ئەم دواییەى سوریا گەڕاندبووەوە.
بەوتەى بەرپرسێکی پنتاگۆن بۆ ئێن بی سی، رەنگه ژمارەى سەربازانى ئەمەریکا زۆر زیاتر بێت لەوەى که پنتاگۆن رایگەیاندووە.
هێزەکانى ئەمەریکا له بنکەی بچووک له ناوچه جیاجیاکان جێگیربوون وەک کێڵگەى نەوتی عومەر، شەدادی و حەسەکه و قامیشلۆ.
ئەم هێزانە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن، کە بەرپرسیارە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشى تۆڕێکی ئاڵۆزی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە نزیکەی 45 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان تێیدا زیندانیکراون.
جگە لە بنکەکانیان لە سوریا، هێزەکانی ئەمریکا هەروەها لە بنکەی تەنەف لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سوریا و ئوردن جێگیرکراون.
بنکەی تەنەف بووەتە بەشێک لە ستراتیژیی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و داعش و گرنگترین ئامانجیش کۆنتڕۆڵکردنی هەژمونى ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بنکەکە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و چەند میلێک لە سنووری ئوردنەوە دوورە.
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم بنکەیە خاڵی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش و مەشقپێکردنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بووە.
وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە هاوپەیمانی دژ بە داعش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کاتێک پێشتر دووجار ئیدارەی ترەمپ فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی دابوو، ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی هێرشی وێرانکەری داعش ببنەوە وەک ئەوەی لە ساڵانی 2015 و 2016 لە پاریس، کان، برۆکسل و بەرلین ڕوویاندا.