بەشداری ئۆجەلان و هەڵوێستى ئەردۆغان؛ پەکەکە کۆنگرەى بەست و ئەنجامەکەى رادەگەیەنێت

#پەکەکە#کۆنگرە#ئۆجەلان
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • کۆنگرەى 12 هەمینى پەکەکە لە رۆژانى 5-7 ى ئایار هاوکات لەدوو ناوچەى جیاواز لە ناوچەکانى پاراستنى مەدیا بەڕێوەچووە
  • پەکەکە: لە کۆنگرەکەدا لەسەر بنەماى بانگەوازەکەى ئۆجەلان بڕیارى گرنگى مێژوویی دراوە
  • پەکەکە: لە نزیکترین کاتدا ئەنجامى کۆنگرە و بڕیارەکان بڵاودەکرێنەوە
Primary Asset

سبەى

پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بەستنى کۆنگرەى ئاشکراکرد و بەم نزیکانە ئەنجامەکەى بڵاودەکاتەوە، عەبدوڵا ئۆجەلانیش بەشێوەى “تەکنیکى” بەشدارى کۆنگرەکەى کردووە، ئەردۆغانیش هەڵوێستى خۆى لەو بارەیەوە رادەگەیەنێت.

کۆنگرەى 12 هەمینى پەکەکە لە رۆژانى 5-7 ى ئایار هاوکات لەدوو ناوچەى جیاواز لە ناوچەکانى پاراستنى مەدیا بەڕێوەچووە، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى پەکەکە کە دەست سبەى کەوتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆنگرەکە سەرکەوتوو بووە و لەسەر بنەماى بانگەوازەکەى ئۆجەلان بەڕێوەچووە و هەڵسەنگاندنى بۆ پێشنیازەکانى ئۆجەلان کردووە.

جەختیشیکراوەتەوە لە کۆنگرەکەدا و لەسەر بنەماى بانگەوازەکەى ئۆجەلان، بڕیارى گرنگى مێژوویی دراوە و لە نزیکترین کاتدا ئەنجامى کۆنگرە و بڕیارەکان بڵاودەکرێنەوە.

بەستنى کۆنگرەى پەکەکە دواى زیاتر لە دوو مانگ دێت لە بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان لەبارەى پڕۆسەى ئاشتییەوە، کە تێیدا داواى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکەى کردووە.

بەشداری ئۆجەلان و هەڵوێستى ئەردۆغان

پەروین بوڵدان ئەندامى شاندى ئیمراڵى لەبارەى بەشدارى ئۆجەلان لە کۆنگرە وتى "بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشێوەی تەکنیکی (ڕاگەیاندنێکی تەکنیکی) بەشداریکردووە. نامەوێ وردەکاری زیاتر بدەم. لەبەرئەوەی ڕێگەکەمان درێژەی هەیە و پێویستە بە ئاگادارییەوە لەسەر پرۆسەکە قسەکەین و زیانی لێنەدەین". 

وتیشى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەربارەی بابەتە قسەى دەبێت "لە ماوەیەکی نزیکدا قسەی لەبارەی بابەتەکەوە دەبێت. نامەوێ لەسەر ئەم بابەتە هەڵسەنگاندن بکەم. بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا سەرۆک کۆماریش قسەی لەسەر بابەتەکە دەبێت."

رۆژى پێنجشەممە 8ی ئایاری 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند، لەم یەک دوو ڕۆژەدا، پەکەکە چەک دادەنێت و خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە، لە دوای ئەوە قۆناغێکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ  دەستپێدەکات.

ئەردۆغان هۆشداری لە هەستیاری قۆناغەکە دەدات و دەڵێت: "ئەرکی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی سیاسییەکان. پێویستە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە ببرێت چونکە ئاسان نییە". 

قۆناغی نوێی پرۆسەی ئاشتی

لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.

دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

لە 2ی ئاداریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکوو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.

گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەخت لەوە دەکەنەوە لە شەڕدا ناتواندرێت چەک دابندرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی