گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی ئارسنیک لە برنجدا

#برنج#ئارسنیک#شێرپەنجە
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • شارەزایان بۆ ماوەیەکی زۆرە، هەبوونی ئارسنیکیان لەنێو برنجدا تێبینیی کردووە. بەنزیکەیی هەموو جۆرەکانی برنج ئارسنیکی تێدایە، ئەوەش زیانبەخشە بۆ تەندروستی، هەبوونی ئارسنیک دەگەرێتەوە بۆ ئەو خاکەی کە برنجی لەسەر دەڕوێت.
Primary Asset

برنجی ئامادەکراو بۆ خواردن

سبەی

برنج خواردنی رۆژانەی ملیاران کەسە لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام مەترسیداریشە. توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، گۆڕانکارییەکارییەکانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ماددەیەکی ژەهراوی لە برنجدا.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی (بی بی سی)ـی بەریتانی پشتبەستوو بە توێژینەوەیەکی نوێ، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا رێژەی ئارسنیکی زیاد کردووە لە دانەوێڵەکاندا، لەنێویاندا برنج.

شارەزایان بۆ ماوەیەکی زۆرە، هەبوونی ئارسنیکیان لەنێو برنجدا تێبینیی کردووە. بەنزیکەیی هەموو جۆرەکانی برنج ئارسنیکی تێدایە، ئەوەش زیانبەخشە بۆ تەندروستی، هەبوونی ئارسنیک دەگەرێتەوە بۆ ئەو خاکەی کە برنجی لەسەر دەڕوێت.

ئارسنیک ماددەیەکی کیمیایی ژەهراوییە، زۆرجار بۆ لەناوبردنی مشک بەکاردەهێنرێت.

مەترسی ئارسنیک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تەنانەت بڕێکی کەم لە ئارسنیک لەناو خۆراک و ئاودا دەتوانێت ببێتە هۆی شیرپەنجە و ژمارەیەک کێشەی تەندروستی دیکە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە.

وەک لە توێژینەوە نوێیەکەدا هاتووە دەرکەوتووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی کاربۆنی بەرگە هەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، رێژەی ئارسنیکیش بەرزدەبێتەوە.

بەپێی توێژینەوەی توێژەران، تەنها لە چین، بەرزبوونەوەی رێژەی ئارسنیک لە برنجدا دەتوانێت ببێتە هۆی توشکردنی 19 ملیۆن و 300 هەزار کەیسی شێرپەنجە.

کەمکردنەوەی رێژەی ئارسنیک

پسپۆڕانی خۆراک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی ئارسنیکی برنج ژمارەک پێشنیاز دەکەن.

بە وتەی پسپۆڕان، ژمارەیەک جۆری برنج ئارسنیکیان زیاتر تێدایە لەوانی دیکە. رێژەی ئارسنیک لە برنجی سپیدا کەمترە، بە بەراورد لەگەڵ برنجی قاوەیی، بەڵام بەهای خۆراکی برنجی قاوەیی زیاترە، واتە سوودبەخشترە.

جۆری برنجی بەسمەتی رێژەی ئارسنیکی تێدا کەمترە بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی دیکە.

لەڕێگەی لێنانەوە دەکرێت مەترسی ئارسنیکی برنج کەمبکرێتەوە. توێژەران لە زانکۆی شیفێڵد، رێگەیەکی نوێیان دۆزیوەتەوە لێنانی برنج کە دەکرێت رێگریی لە ئارسنیک بکات لە برنجدا. پێشنیاز دەکەن سەرەتا برنجەکە لە ئاودا بۆ ماوەی پێنج خولەک بخوسێنرێن، پاشان ئاوی تێدەکرێت و لەسەر ئاگرێکی کەم بکوڵێنرێت تا ئاوەکە هەمووی هەڵدەمژێت و ئامادە دەبێت بۆ خواردن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی