سبەی
تیمەکانی بەدیهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەدەن هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باشوری کوردستان لە مانگی نیسان بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئادار بە ڕێژەی لە سەدا 78 زیادیان کردووە.
وێڕای بە دەمەوەهاتنی پەکەکە بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە لە 27ی شوبات بڵاوکرایەوە و لە 1ی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، کەچی تورکیا بە شێوەیەکی چڕتر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە بە ئامانج دەگرێت.
لەمبارەیەوە تیمەکانی بەدیهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ یەکەشەممە 11ی ئایاری 2025 ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەدات هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باشوری کوردستان لە مانگی نیسان بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئادار بە ڕێژەی لە سەدا 78 زیادیان کردووە.
لە ڕۆژی ئاگربەستهكەوە زیاتر لە 23 هەزار هێرش ئەنجام دراون
لە 1ی ئادارەوە کە پەکەکە وەک بەدەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند تاکو 9ی ئەم مانگە، تورکیا 23 هەزار و 369 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە.
ناوەندی چاپەمەنیی هەپەگە ئاماژەی بەوە داوە تەنیا لە مانگی ئادار و نیساندا تورکیا 21 هەزار و 375 هێرشی جۆراوجۆری ئەنجام داوە و لە پێنج ڕۆژی یەکەمی مانگی ئایاریشدا تورکیا هەزار و 994 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە باشوری کوردستان.
هەرچەند پێرێ هەینی 9ی ئایاری 2025 پەکەکە ڕایگەیاند لە 5-7ی ئایار لە دوو ناوچەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کۆنگرەی بە سەرکەوتوویی بەستووە و بەمزووانە بڕیارەکانی کۆنگرەکە بڵاودەکەنەوە.
کەچی تورکیا هێشتا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە.
ئەنجامدانی کۆنگرەکەی پەکەکە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو کە لە 27ی شوبات بڵاوکرایەوە و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، چەک دابنێت و بە مەبەستی خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت، ڕەخساندنی زەمینەیشی بۆ ئەو مەبەستە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بە پێویست زانی.