گەنجێك لەتاو گەرمای بەسرە لە باشوری عێراق خۆی هەڵدەداتە ئاوی شەتولعەرەبەوە
سبەی
دابەزینی ئاستی ئاو لە عێراق بەرزترین لەمێژوودا تۆماردەكات، بەرپرسێكی حكومەتی عێراق بەرپرسیارێتیەكەی دەخاتە ئەستۆی هەریەك لە دەوڵەتەكانی ئێران و توركیا.
ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاشكرایكردووە، ئاوی كۆگاكراو لەساڵی 2025 لە عێراق، كەمترین بووە لە مێژووی دەوڵەتی عێراق، هۆشداریشیداوە هاوینێكی سەخت و قورس چاوەڕێی عێراقییەكان دەكات.
عێراقی كردووەتە لێوارێكی هەستیارەوە
لەوبارەیەوە، خالید شیمال، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بە رۆژنامەی شەرقلولئەوسەتی وتووە "عێراق لە توركیا و سوریا و ئێرانەوە كەمتر لە 40% ی ئەو ئاوە دەرەكییەی پێدەگات، كە پێویستە بە دەستی بگات.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق، باس لە چەند هۆكارێكی ئاڵۆزی دابەزینی ئاستی ئاو دەكات كە عێراقی كردووەتە لێوارێكی هەستیارەوە، لەوانەش دروستكردنی چەندین بەنداو لەلایەن توركیا و گۆڕینی رێرەوی سەرچاوەكانی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، جگە لە چەند هۆكارێكی ناوخۆیی عێراق، كە ئەوانیش بەشێكیان ئامرازە سەرەتاییەكانی ئاودێری و تێپەڕاندنی پشكی ئاوی دەگرێتەوە.
وتەبێژەكەی وەزارەتی سەرچاوە ئاویەكانی عێراق، باس لەوەشدەكات ئێستا ئاو بەلای عێراقەوە پرسێكی سەروەرییە، لەكاتێكدا پێشتر تەنها پرسێكی تەكنیكی و دیپلۆماسی بووە.
هەرێمی كوردستان و عێراق بە بەكارهێنانی ئاو و ئیدارەدانی دەیانەوێت ئەو سامانە سروشتییە رێكبەخەنەوە
دابەزینی ئاستی ئاو لە عێراق كاریگەرییەكەی لەسەر هەرێمی كوردستانیشە، بۆیە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و عێراق بە بەكارهێنانی ئاو و ئیدارەدانی دەیانەوێت ئەو سامانە سروشتییە رێكبەخەنەوە، كە یەكێك لە هۆكارەكانیشی كەمیی باران و وشكەساڵییە.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم كۆتایی مانگی نیسان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی كەمی باران بارینەوە، ئاستی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكان زۆر دابەزیوە، بۆیە پێداچوونەوەی جددی دەكەن بە چۆنیەتی بەكارهێنان و ئیدارەدانی سامانی ئاو.
وتیشی لەگەڵ عێراق سەرقاڵی داڕشتنەوەی ستراتیژی ئیدارەدانی سامانی ئاون و رێكاری پێویست لەو بارەیەوە دەگرنەبەر، ئەو رێكارانەش كە لەناوخۆی هەرێم پێویستن دەیگرنەبەر بە دروستكردنی بەنداو و پۆند و تەكنیكی نوێ بۆ بەكارهێنانی ئاو.
لەهەرێمی كوردستان بە گشتی 23 بەنداو هەن
لەهەرێمی كوردستان بە گشتی 23 بەنداو هەن، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئاودێری، گەشتیاری و چەندین بواری تر سوودیان لێ وەردەگیرێت، كە گەورەترینیان دوكان، دەربەندیخان، بەنداوی دهۆكن.
دابەزینی ئاستی ئاو لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، ساڵی 2024، گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی كوردستان، بۆ زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا بەرز بوووەوە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2023، زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گل درابووەوە.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراق لەناویشیدا لە هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی پێنج وڵاتی سەرەكیدایە كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە كە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما وشكەساڵی درێژخایەنی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.