248 کەس کوژراون؛ دوای ئاگربەست پێکدادان لە سوەیدا دەستیپێکردەوە

#سوریا#سوەیدا
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • کۆمەڵێک چەکداری هۆزەکان و هێزەکانی وەزارەتی بەرگری سوریا دەستیان بە هێرشەکانیان کردەوە.
  • وەزارەتی بەرگری سوریا داوای لە دانیشتوانی سوەیدا کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە
  • ژمارەی کوژراوانی رووداوەکانی سوەیدا بۆ 248 کەس بەرزبووەتەوە سبەی
Primary Asset

سبەى

لە شاری سوەیداى باشووری سوریا پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەکدارە ناوخۆییەکانی دروز دەستیپێکردەوە، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە ئاگربەستى نێوانیان، لەکاتێکدا ژمارەی کوژراوان بۆ 248 کەس بەرزبووەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەکدارە ناوخۆییەکانی دروز لە شاری سوەیدا لە باشووری سوریا دەستیپێکردەوە. ماڵپەڕی هەواڵی ناوخۆیی سوەیدا 24 بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری تۆپباران کراون.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەکدا "گروپە نایاساییەکانى" لە سوەیدا بە بەرپرسیار زانی لە پێشێلکردنی ئاگربەست.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی حکومەت "وەڵامی ئەو گروپە نایاساییانە دەدەنەوە کە لە سوەیدا تەقەیان کردووە". داواشی لە دانیشتوانی سوەیدا کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

لە تەلئەبیب، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند، پێویستە حکومەتی سوریا دەستوەردان لە کاروباری دروزەکان لە سوەیدا رابگرێت و هێزەکانی لەو ناوچەیە بکشێنێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سوپا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی هێزەکانی سوریا تا ئەوکاتەی لە سویدا دەکشێنەوە و رەنگە بەم نزیکانە ئاستی وەڵامدانەوەیان بەرزبکاتەوە.

کاردانەوەکانی رووداوەکانی سوەیدا بەردەوامن. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزەکانی وەزارەتی بەرگری لە نیوەی شەوی سێشەممە تا چوارشەممە، بە بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەردەوامن لە کردنە ئامانجی چڕی شاری سوەیدا. راپۆرتەکان باس لە گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەختی مەدەنی دەکەن، هاوکات تۆڕەکانی ئینتەرنێت و کارەبا براون.

بەپێی ئامارەکانى روانگەى سورى، ژمارەی کوژراوانی رووداوەکانی سوەیدا بۆ 248 کەس بەرزبووەتەوە کە بەم شێوەیە دابەشکراون:

- 71 دانیشتووی شاری سوەیدا کە چوار منداڵ و دوو ژنیان تێدایە.

- 156 ئەندامی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی کە 18 کەسیان بەدەوی بوون.

-21 کەس لە مەیدانەکەدا بە تەقەی ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ لە سێدارە دراون کە سێ ژنیان تێدایە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەواڵی تێکچوونی رەوشی مرۆیی لە نەخۆشخانەی نەتەوەیی ئەس-سوەیدای بڵاوکردەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانەکان بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک. تۆپبارانی پچڕپچڕ ناوچەکانی نزیک نەخۆشخانەکەی گرتووەتەوە، بەو هۆیەشەوە کارمەندانی پزیشکی و پێداویستییەکانی نەیانتوانى بگەنە نەخۆشخانەکە.

سەرچاوەکان دووپاتیانکردەوە کە دۆخی ئەمنی دەوروبەری نەخۆشخانەکە ئاڵۆز و مەترسیدارە. گەیشتن بە نەخۆشخانەکە لە رادەبەدەر قورسە بەهۆی بوونی قەناس بەدەست لە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە، بە تایبەتی لەسەر رێگای سیتادێل- گۆڕەپانی تشرین کە لە ئێستادا بە تەواوی بە ناپارێزراو دادەنرێت. 

هاوڵاتیانی مەدەنی ئاگادار کراونەتەوە کە خۆیان لەو ناوچانە بەدوور بگرن. لەسەر زەوی، لە ئێستادا شەڕ و پێکدادانەکان لە شاری سوەیدا لە گۆڕەپانی تشرین و دەوروبەری چڕبوونەتەوە. دوو قەناس بەدەستی وەزارەتی بەرگری لە ناوەندی شارەکەدا جێگیرکراون.

هاوکات ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری بینران کە سوەیدا بەجێدەهێڵن.

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی و مرۆیی، بانگەوازەکان لە ناو شارەوە بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن و دەستەبەرکردنی رێڕەوی سەلامەت بۆ چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان و پاراستنی کارمەندانی پزیشکی و مەدەنییەکان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی