ترەمپ پەلەى نییە؛ دوایین وادە بۆ رێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران دیاریکرا

#ترەمپ#ئێران
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ‌ئێران رایگەیاند، ئێرانییەکان چەندین جار ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستان راگەیاندوە، بەڵام سەرەرای ئەمە ئەو پەلەی نییە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، چونکە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەریان بە تەواوەتی  لە ناو چوون.
  • مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا  رایگەیاند، کۆتایی مانگی ئاب دوا وادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
Primary Asset

سبەى

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پەلەی نییە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەوروپیش دەڵێن کۆتایی مانگی ئاب دوایین وادەیە بۆ ئەوەی ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی رێکبکەوێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەمموز دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ‌ئێران رایگەیاند، ئێرانییەکان چەندین جار ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستان راگەیاندوە، بەڵام سەرەرای ئەمە ئەو پەلەی نییە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، چونکە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەریان بە تەواوەتی  لە ناو چوون.

هاوکات ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت گفتوگۆکان لە ڕێگەی وڵاتی قەتەرەوە لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت. ماڵپەرەکە دەشڵێت: ستیف ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئێرانییەکانی راگەیاندووە کە ئەم جار دەبێت گفتوگۆکان بەشێوەی راستەوخۆ بێت نەک لە ڕێگەی نێوندگیرەوکانەوە، وتووشییەتی، دانوستانی راستەوخۆ دەتوانێت کاریگەری بێت بۆ ئەوەی زووتر دانوستانەکان بگاتەوە بە ئەنجام.

لای خۆشییەوە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاری شانگهای لە وتارێکدا دیپلۆماسی بە چارەسەرێكی سەرەکی زانی، بەڵام جەختیشیکردەوە کە ئەمەریکا دەبێت گەرەنتی ئەو بدات لە میانی دانوستانەکاندا دوبارە هێرش ناکاتەوە سەر ئێران.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسییەی ئەتۆمی ئێران، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا  رایگەیاند، کۆتایی مانگی ئاب دوا وادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

پێشتریش ژان نویل باریۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، کە ئەگەر پێشکەوتنی کۆنکرێتی لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ڕوونەدات، هەر سێ وڵاتی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا تا کۆتایی مانگی ئاب میکانیزمی گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیکی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران چالاک دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا و ولاتانی ئەوروپی کە پێشتر تەنها داوایان لە ئێران دەکرد دەست لە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت یا خود سنورداری بکات، بەڵام لە ئێستادا داوای سنوردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و دەستهەڵگرتنی تاران دەکەن لە یارمەتیدانی هێزە چەکدارەکان لەو ناوچەکەدا، داوایەک کە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی یرائیل لە ئێرانی دەکات وەک پێشمەرجێک بۆ دەستهەڵگرتن لە هێرشی دوبارەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران.

بەپێچەوانەوە لە ئێستادا بەرپرسانی ئێران هیچ کام لەو مەرجانە قبوڵ ناکەن و وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رگەیەنراوێکدا دەڵێت، دانوستانەکان دەبێت تەنها سنوردار بێت بە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و لابردنی گەمارۆکان دژی تاران دوپاتیشیدەکاتەوە هەر جۆر دانوستان لەسەر دەستهەڵگرتن لە پیتاندنی یۆرانیۆم یا خود بەرنامەی موشەکی ولاتەکەیان بە توندی رەتدەکەنەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی