چەند گەریلایەکی پەکەکە
سبەی
وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی لە بڕیارەكەی پەكەكە دەكات بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەك دانان.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند"ئێران پێشوازی لە دەستبەرداربوون لە چەك و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە دەكات، ئەو بڕیارەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و زیاتر سەقامگیری".
بەقائی وتیشی:"ئێران پێی وایە ئەو بەرەوپێشچوونە گۆڕانكارییەكی ئەرێنییە كە بەشدار دەبێت لە سەقامگیری و ئارامیی لە توركیا و ناوچەكە، هیوادارین ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەك كۆتایی بێت كە خزمەت بە ئاسایشی ناوچەكە و ئارامییەكەی بكات".
دوێنێ دووشەممە، پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامنامەی 12 هەمین كۆنگرەی خۆی راگەیاند، كە تیایدا بڕیاریداوە بە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەك دانان، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كاردانەوەی لێكەوتەوە.
لە خەباتی چەكدارییەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ
خەباتی پەكەكە لە شاخ و خەباتی ئەو ئاراستە سیاسییە لە شار، چەندین جار حكومەتی توركیای ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە كردووەتەوە كە لەو وڵاتە كێشەی كورد هەیە و پێویستی بە چارەسەركردنە.
هەرچەند یەكەم هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بۆ سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەركۆماری ئەوكاتی توركیا لە 1993 دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی مردنی گوماناوی ئۆزالەوە كێشەكە چارەسەر نەكرا.
هەوڵی دووەمیش بۆ ئەمە بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە كە لەو كاتەدا پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیەندرا و لە ماوەی دوو ساڵدا توركیا و باكوری كوردستان بوژانەوەیەكی زۆریان بە خۆیانەوە دیت. بەڵام ئەمە لە دوو ساڵ زیاتر بڕی نەكرد و جارێكی دیكە شەڕ و پێكدادان لە نێوان توركیا و پەكەكە هەڵگیرسایەوە.
بە سوودوەرگرتن لە هەڵەكانی هەردوو قۆناغی پێشوو، دوایین قۆناغی پرۆسەی دانوستانەكان بە دەستپێشخەرییەكەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی گشتیی مەهەپە لە 22ی تشرینی یەكەمی 2024ەوە دەستی پێ كرد.
عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش لە 27ی شوباتی 2025 بە دەم داواكارییەكە هات و داوای لە پەكەكە كرد كۆتایی بە خەباتی چەكداری بهێنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە هاوكات ڕەخساندنی زەمینەیشی بۆ ئەمە لە لایەن توركیاوە بە پێویست زانی، پەكەكەیش 12ی ئایار ڕایگەیاند كۆتایی بەو شێوازەی خەبات دەهێنێت، چەك دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
بۆچی پەكەكە كۆتایی بە خەباتی چەكداری دەهێنێت؟
هەرچەند ئەو بڕیارەی پەكەكە ژمارەیەكی زۆر لە خەمخۆرانی كوردی نیگەران كردووە و بەشێكیان بە "شكست" و "خۆڕادەستكردن" ناوی دەبەن، بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی كورد لە باكوری كوردستان بەر لە دامەزراندنی پەكەكە تاكو ئێستا و ئەو دۆخەی ئێستا پەكەكە تیایدایەتی شتی دیكە بەدی دەكرێت.
هۆكاری سەرەكیی دامەزراندنی پەكەكە كۆتاییهێنان بوو بەو هەموو ستەمكارییەی لە كورد دەكرا، نكۆڵی لە بوونی دەكرا، قسەكردن بە كوردی و ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاكییەك بە كوردی قەدەغە بوو، بە كورد دەگوترا توركی چیایی، كورد لە سەرەتاییترین مافی خۆی بێبەش بوو، زۆربەی كورد نەدەوێران ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان ئاشكرا بكەن، بەڵام ئێستا دۆخەكە بە جۆرێكی دیكەیە.
هەرچەند ئێستایش كورد لە باكوری كوردستان و توركیا لە زۆر ماف بێبەشە و هیچ مافێكی بەپێی دەستور و یاساكانی توركیا گرێنتی نەكراوە، زیندانەكانی توركیا پڕن لەو كوردانەی بەهۆی داكۆكیكردن لە مافەكانی نەتەوەكەیان خراونەتە زیندان؛ بەڵام لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە چاوەڕێ دەكرێت، هەنگاوی گرنگ بنرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە.