بەغداد بریاریداوە بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرێت کە 300 هەزار تۆنى لە ساڵى رابردوو کەمترە
سبەى
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بڕیاریدا سەرجەم بەرهەمى گەنمى جوتیارانى پارێزگاى کەرکوک وەربگرێت، وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمیش چاوەڕوانە بڕیارەکە جوتیارانى هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
پارێزگاى کەرکوک رۆژى سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوك لەگەڵ عەباس جەبر مالیکی وەزیری کشتوکاڵ کۆبووەتەوە و لەسەر داوای پارێزگاری کەرکوك، بڕیاردرا لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵدا گەنمی هەموو جوتیارانی کەرکوك بەتایبەت کورد و تورکمان لە سایلۆکاندا و بەنرخی حکومەت وەربگیرێت، بەمەش هەزاران جوتیار سوودمەند دەبن و بەرووبوومەکانیان ساغ دەکرێنەوە.
مانگى رابردوو ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا سەرجەم گەنمى ئەمساڵى جوتیاران لەچوارچێوەى پلانى ئەمساڵ و لەدەرەوەى پلان وەربگرێت، لەکاتێکدا بەغداد بریاریداوە بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرێت، کە 300 هەزار تۆنى لە ساڵى رابردوو کەمترە.
بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم رۆژى یەکشەممە لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا و لە وەڵامى پرسیارى پەیامنێرى سبەى ئاماژەى بەوەکردبوو، لە هەوڵى بەردەوامدان بۆ ئەوەى بڕیارەکەى عێراق جوتیارانى هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق لەسەر هێڵن.
وتیشى ئەگەر هەمان مامەڵە لەگەڵ جوتیارانى هەرێمى کوردستان نەکرێت، دەبێت کەرتى تایبەت بریار لەسەر کڕینەوەى گەنمى جوتیاران بدات.
نرخى هەر تۆنێک گەنم کە بەشێوازى پێشکەوتووى ئاودێرى بەرهەمهێنرابێت بە 800 هەزار دینار دیاریکراوە، لەبەرانبەر 800 هەزار دینار بۆ شێوازى کۆن.
بەرهەمى ساڵانەى گەنم لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک تۆنە، بەو پێیەش ئەمساڵ زیاتر لە نیوەى ئەو بڕە لەلایەن عێراقەوە وەرناگیرێت ئەگەر بڕەکەى زیاد نەکات.
حکومەتى عێراق ساڵى رابردوو شەش ملیۆن تۆن گەنمى لەسەرتاسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان لە جوتیاران وەرگرت، پاساوى کەمکردنەوەى بڕى وەرگرتنى گەنمیشى بۆ ئەمساڵ گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەى کە زیاتر لە نیوەى ئەو بڕەى ساڵى رابردوو وەرگیراوە لە سایلۆکان ماوەتەوە.
بەپێی رێنماییەکانى کشتوکاڵى عێراق، بۆ ئەمساڵ پشت بە سیستەمى ئەلکترۆنى دەبەسترێت بۆ بە بازاڕکردنى گەنم و پێویستە جوتیاران ماستەرکارد دەربکەن بۆ وەرگرتنى شایستە داراییەکانیان و هاوردەکردنى گەنمیش لە سنورەکان و گواستنەوەى لەنێوان پارێزگاکان لەو ماوەیەدا قەدەغە دەکرێت.