سبەى
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رەشنوسى پڕۆژەى رووناکى بۆ دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى پەسەندکرد و وتەبێژى حکومەتى هەرێم دەڵێت لە دیاریکردنى نرخى کارەبا رەچاوى دۆخى هاوڵاتییان کراوە.
پێشەوا هەورامانى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکرد، لە دیاریکردنى نرخەکە رەچاوی دۆخى دارایی خەڵک کراوە، نزیکەی لە 80%ـی خەڵک پارەیەکی کەمتر لەجاران دەدەن بۆ ئەوەی سودمەندبن لە کارەبای 24 کاتژمێری.
رونیشیکردەوە، سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربووانەی دەچنە ناو پرۆژەی رووناکییەوە، بەڕێژەی سەدا 15 و 25 و 50 پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن حکومەتەوە، بۆ ئەوەی خۆیان رابهێنن و بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنرێت.
بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ سبەى، نرخەکان بەم شێوەیە دیاریکراون و بەسەر پێنج قۆناغدا دابەشکراون:
0-400 کیلۆ وات: 72 دینار
800-400 کیلۆ وات: 108 دینار
1200-800کیلۆ وات: 175 دینار
1600-1200: 265 دینار
1600 و زیاتر: 350 دینار
پڕۆژەى روناکى دەڵێت، ئاستى بەکارهێنانى کارەباى هەر ماڵێکى ئاسایی لە هەرێمى کوردستان بەگشتى مانگانە 670 کیلۆ واتە، بەو پێیەش 400 کیلۆ واتى یەکەم بە 72 دینار بۆیان هەژمار دەکرێت و ئەوەى دیکەشى دەمێنێتەوە بە نرخى 108 دینار دیاریدەکرێت و مانگانە دەکاتە 57 هەزار و 960 دینار.
بەڵام سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى کارەبا بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، بەگشتى هاووڵاتییان لە هەرێمى کوردستان مانگانە لەنێوان 700-750 کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنن و لەو بڕە پارەیە زیاتریان بۆ دەگەڕێتەوە.
پرۆژەى رووناکى لە 17 ى مانگى 10 ى ساڵى رابردوو لەلایەن مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە راگەیەنرا، ئەوەش دواى دوو مانگ لە تێستکردنى پڕۆژەکە لە گەڕەکێکى هەولێر.
بەپێی ئامارەکانى پڕۆژەى رووناکى، تا ئێستا 600 هەزار هاووڵاتی لە پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوونە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، ژمارەکە بگاتە یەک ملیۆن سوودمەند. لە کۆتاییی ئەمساڵیش، سەنتەری سەرجەم شارەکان دەبێتە 24 کاتژمێری و کۆتایی 2026 یش پڕۆژەکە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان یەکشەممەى رابردوو لە سەردانێکیدا بۆ چەند گەڕەکێکى دهۆک کە پڕۆژەکەیان پێگەیشتووە دڵنیاییدا کە نرخی کارەبا بۆ زۆرینەی هاووڵاتییان نرخێکی "گونجاو" دەبێت و کەمتر دەبێت لە نرخی ئێستای کارەبای موەلیدە و نیشتمانی.
داواشی لە هاووڵاتییان کرد زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی کارەبادا نەکەن و بەپێی پێداویستیی خۆیان بەکاری بهێنن و بەفیڕۆی نەدەن.
بەپێی پێگەى فەرمى حکومەتى هەرێم، حکومەت چەندین ئاسانکاری و هاریکاریی تایبەت بە کارەبا بۆ هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت.
بەوتەى بەرپرسانى وەزارەتى کارەبا، بڕى بەکارهێنانى کارەبا لەو شوێنانەى سیستمەکە تێیاندا خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە بەڕێژەى لەسەدا 30 کەمبووەتەوە و بەشێکى زۆر لە هاووڵاتییان بڕە پارەیەکى کەمیان بۆ هاتووەتەوە.