ئێران: پێشنیازێكی ئەمەریكامان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی پێگەیشتووە

#ئەمەریکا#ئێران#بەرنامەی ئەتۆمیی
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • عەراقچی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" نوسیویەتی "بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی میرنشینی عوممان سەردانێكی كورتی بۆ ئێران ئەنجامدا و چەند خاڵێكی پێشنیازكراوی لەبارەی رێككەوتن پێشكەش بە ئێران كرد لەلایەن ئەمەریكاوە".
Primary Asset

تیمی دانوستانکاری ئێران هەفتەی رابردوو کاتێک باڵیۆزخانەی عوممان لە رۆما جێدەهێڵن

سبەی

ئێران رایگەیاند، پێشنیازێكی ئەمەریكایان بۆ رێككەوتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیان پێگەیشتووە و بەمزووانە وەڵامی دەدەنەوە.

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"چەند پێشنیازێكی ئەمەریكامان لەبارەی رێككەوتنی چاوەڕوانكراو لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكە پێگەیشتووە". ئەمەش دوای پێنج گەڕی دانوستان دێت لەنێوان تاران و واشنتن بە نێوبژیوانی میرنشینی عوممان.

عەراقچی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" نوسیویەتی "بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی میرنشینی عوممان سەردانێكی كورتی بۆ ئێران ئەنجامدا و چەند خاڵێكی پێشنیازكراوی لەبارەی رێككەوتن پێشكەش بە ئێران كرد لەلایەن ئەمەریكاوە".

وتیشی "كار لەسەر ئەوە دەكەین بەشێوەیەك كە لەگەڵ مافەكانی گەلی ئێران و بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەكان بگونجێت، بەمزووانە وەڵامی بدەینەوە".

ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت كە دوێنێ چوارشەممە 29ـی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، داوای لە نەتەنیاهۆ كرد هێرشنەكاتەسەر ئێران و وتیشی، "پێشبینی دەكەم لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ ئێراندا ڕێكبكەوین".

تا ئێستا ئێران و ئەمەریكا پێنج خولی دانوستاندنیان بەڕێكردووە و شاندی هەردوولا خۆیان بۆ خولی شەشەم ئامادە دەكەن. بەرپرسانی ئەمەریكا و ئەوروپا ترسی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ئیسرائیل بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە، بڕیاری هێرشكردنەسەر ئێران بدات و بەوەش هەوڵەكانی گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانەوە جارێكی دیكە بگاتەوە بە بنبەست.

كۆتایی هاتنی گەڕی پێنجەمی دانوستانەكان لەكاتێكدایە، ئەمەریكا داوا لە ئێران دەكات، بەتەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، ئەمەش وەك پێشهەنگاوێك بۆ رێگری بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمیی لەلایەن ئێرانەوە بەشێوەیەكی هەمیشەیی.

بەڵام ئێران ئەم داواكارییە رەتدەكاتەوە، هەرچەندە ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ دانانی سنور بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی و رێگەدان بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك بۆ چاودێریكردنی.

دوو هەفتە لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، پێشنیازێكیان داوەتە ئێران بۆ بەردەوامیی گفتوگۆكان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

رێككەوتنامەی ئەتۆمی ئێران كە لەنێوان وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، چین، روسیا، ئەمەریكا، فەرەنسا و ئێران لە ساڵی 2015 ئەنجامدرا، بووە هۆی سوككردنی بەشێك لە گەمارۆ و سزاكانی سەر ئێران لەبەرامبەر سەپاندنی مەرج و كۆتوبەند بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ویلایەتی یەكەمی سەرۆكایەتی لە ئایاری 2018 تاكلایەنە لە رێككەوتنەكە كشایەوە و سزاكانی لەسەر ئێران قورستر كرد.

دوای گەڕانەوەی بۆ كۆشكی سپی ئەمەریكا لەسەرەتای ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری لەسەر ئێران خستەكار و دواتر دانوستان و گفتوگۆی نێوانیان بە نێوەندگیریی شانشینی عوممان دەستی پێكردەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی