سبەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا جەختیکردەوە، تورکیا توانای چارەسەرکردنی پرسی کوردی هەیە بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و گوێنادەنە ئەو کەس و لایەنانەى دژى پڕۆسەکە دەوەستنەوە.
ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە 2ی حوزەیرانی 2025 دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا لەبارەی ئەو قۆناغە نوێیەوە دوا کە هێشتا کورد و حکومەتی تورکیا لەسەر ناولێنانی ڕێک نەکەوتوون و دەم پارتی و پەکەکە بە "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" و ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و مەهەپەیش بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بە جەختکردنەوە لەوەی تورکیا توانای چارەسەرکردنی پرسی کوردی هەیە بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، ڕایدەگەیەنێت: "هیچ کێشەیەک نییە لە تورکیا چارەسەر نەکرێت. هەرچەند کێشەکان سەختیش بن، توانا و ئیرادەی تورکیا چارەسەریان دەکات".
سەرکۆماری تورکیا بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە سیاسەت باشترین ئامرازە بۆ قسەکردن لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەڵێت: "بە هۆی ئەو دەسکەوتانەی لە 23 ساڵەی حوکمڕانیماندا بە دەستمان هێناون، دەکرێت گفتوگۆ لەسەر هەموو جۆرە کێشەیەک بکرێت و بە عەقڵیەتێکی هاوبەش کێشەکان چارەسەر بکرێن".
ئەردۆغان بۆ ئەمە نمونەی بەو قۆناغە نوێیە هێنایەوە کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستی پێ کردووە و دەڵێت: "لەگەڵ بە ئاسانی تێپەڕینی هەر قۆناغێکی پرۆسەکە، گەل و دەوڵەت زیاتر ئاوێتەی یەکتر دەبن".
ئەردۆغان ڕەخنەی توندی لەوانە گرت دژی ئەم پرۆسە نوێیە دەوەستنەوە و دەڵێت: "زۆر ئاسایییە ئەوانە دژمان بوەستنەوە کە چەندین ساڵە لەسەر ئازار و فرمێسکڕژانی خەڵک دەژین و نیگەرانن لەوەی تورکیا لەو بارە گرانە ڕزگاری ببێت کە لەسەر شانیەتی. گوێمان نەداوەتە ئەوانە و گوێشیان نادەینێ. ئەوانە هەواڵەی گەل دەکەین کە پێداگیرن لەوەی لە بری چارەسەری، بە دوای کێشەدا بگەڕێن".
پڕۆسەى ئاشتى
لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.
ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.
دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.
لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.
تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەختیان لەوە دەکردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەک دابنرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.
9ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری کوردستان کە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لەو بڕیارانە نەکرد کە لە کۆنگرەکەدا دراون.
ڕۆژی 12ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.