48 کاتژمێرى یەکلاکەرەوە بۆ مووچە؛ عێراق و هەرێم کۆدەبنەوەو سودانیش وەڵامى فراکسیۆنەکان ناداتەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

 سبەى

هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەدوو رۆژى داهاتوودا بەجیا کۆدەبنەوە و چاوەڕواندەکرێت پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم تاوتوێ بکەن، لەکاتێکدا سەرۆک وەزیرانى عێراق هێشتا بەفەرمى وەڵامى یاداشتى فراکسیۆنە کوردییەکانى بۆ ناردنى مووچە نەداوەتەوە.

رۆژى 29 ى ئایار، فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق یاداشتێکى ناڕەزاییان ئاڕاستەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق کرد لەبارەى بڕیارەکەى وەزارەتى دارایی بۆ راگرتنى ناردنى پارەى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان و داوایان لێکرد دەستوەردانى بەپەلە بکات بۆ چارەسەرى کێشەکە.

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق رۆژى دووشەممە بە سبەى راگەیاند، هێشتا سەرۆک وەزیرانى عێراق هیچ وەڵامێکى نەبووە بۆ یاداشتى فراکسیۆنە کوردییەکان.

فراکسیۆنە کوردییەکان لە یاداشتەکەدا داوای چارەسەری ریشەییان بۆ کێشەی مووچە کردووە و جەختیان کردووەتەوە، هەڵوێستی ئەوان وابەستەی وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەتە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جدی کە لەگەڵ رادەی ئازارەکانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا بگونجێت.

نەهلە قادر ئەندامى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق جەختیکردەوە، هێشتا سودانى وەڵامى یاداشتەکەى نەداوەتەوە و بەنیازە لیژنەیەکى هاوبەش پێکبهێنێت و بەڵێنیشیداوە پێش جەژن مووچە بنێرێت، بەڵام ئەو پڕۆسەیە کاتى دەوێت، لەکاتێکدا تەنها 48 کاتژمێر مۆڵەت ماوە بۆ بریاردان لەسەر ناردنى مووچە پێش جەژن، بەو پێیەى رۆژى پێنج شەممە پشووە .

وتیشى "وەڵامنەدانەوەى سودانى جێگەى گومان و پرسیارە، کە ئایا هەڵوێستى چیە لەو بارەیەوە، لەکاتێکدا ئێمە چاوەڕوانى زۆر شتین لە سودانى".

دیارنەبوونى چارەنووسى موچەى مانگى رابردووى فەرمانبەرانى هەرێم لەکاتێکدایە، بریارە لەدوو رۆژى داهاتوودا هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان بەجیا کۆبنەوە و چاوەڕواندەکرێت پرسی مووچە تاوتوێ بکەن.

تاوتوێکردنى پرسی مووچە، یەکێکە لە کارنامەى کۆبوونەوەى رۆژى چوارشەممەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، هەروەها سێ شەممە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کۆدەبێتەوە و چاوەڕواندەکرێت پرسی ناردنى مووچە بە قەرز تاوتوێ بکات.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، لەگەڵ زیادبوونى فشارى ناوخۆیی و دەرەکى لەسەر ئەو پرسە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران ئامادەیی نیشانداوە بە مەرج مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەران خەرج بکات.

مەرجەکانى سودانى بریتین لەوەى پارەى مووچە وەک قەرز بنێرێت، لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش نێوان هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەرى ریشەیی کێشەى مووچە بۆ مانگەکانى داهاتوو.

بڕیارەکەى تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق لە رۆژى 28 ى ئایار بۆ راگرتنى ناردنى پارەى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە و کێشەکانى هەرێم و بەغدادى لەسەر ئەو پرسە قوڵکردەوە و چارەنووسى مووچەى بە نادیارى هێشتووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەى 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەى بڕى 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارى رادەستکراوە لەکۆى خەرجى کردەیی. لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان لەکۆى 19.9 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوت لە ساڵى 2023 ەوە تا مانگى نیسانى ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە.

بەڵام وەزارەتى دارایی هەرێم، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژى دەستور ناودەبات و دەڵێت، لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینارى پشکى هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.

حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ مووچەى چوار مانگى فەرمانبەرانى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، ئەوەش بە پێی رێککەوتنى نێوانیان کە سەرەتاى ئەمساڵ راگەیەنرا، ساڵى رابردوو مووچەى مانگى 12 ى فەرمانبەران دابەشنەکرا و هەریەکە لە هەرێم و بەغداد یەکتریان بە هۆکارى دابەشنەکردنى تۆمەتبارکرد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی