سبەى
پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، ئاماژەى “ئەرێنى” هەیە لەلایەن بەغداد و دامەزراوەى دادوەرییەوە بۆ چارەسەرى پرسی مووچە و پشتیوانى هەڵوێستى کۆبوونەوەى بەشێک لە لایەنەکان لە پیرمام دەکات کە بژاردەى گفتوگۆیان بە گونجاو دانابوو بۆ چارەسەرى کێشەکە.
کۆمیتەى ناوەندى پارتى رۆژى دووشەممە بەسەرپەرشتى مەسعود بارزانى کۆبوەوە و چاوەڕواندەکرا تاوتوێی وەرگرتنى بڕیار بکات لەو بارەیەوە لەناویاندا کشانەوە لە پڕۆسەى سیاسی عێراق، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە کۆتایی هات.
بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست سبەى کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە کە ئاماژەى ئەرێنى هەیە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و دامەزراوەى دادوەرى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە "ئێمەش داکۆکى دەکەین لە چارەسەرکردنى کێشەکان و کۆتایى هێنان بەم شێوەڕەفتارە نادادپەروەرانەیەى کە لەگەڵ بژێوى ژیانى فەرمانبەر و مووچەخۆرانى کوردستان دەکرێت".
رۆژى 29 ى ئایار، مەکتەبى سیاسی پارتى لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردبوو، بڕیارى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ نەناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتە و بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە، ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە ٢/ ٦/ ٢٠٢٥ دەخرێتە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیان دەبێت و ڕایدەگەیەنن.
کۆمیتەى ناوەندى پارتى هەروەها پشتیوانى خۆى بۆ کۆبوونەوەى بەشێک لە لایەنەکان لەدەربڕیوە کە رۆژى شەممە 31 ى ئایار لە بارەگاى مەکتەبی سیاسی پارتى لە پیرمام بەرێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنى پرسی مووچە لەدواى بڕیارەکەى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەران.
لە راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کە دەست سبەى کەوتووە، بەشداربووانى کۆبوونەوەکە بڕیارەکەى عێراقیان بۆ راگرتنى ناردنى پارەى مووچە بە “سیاسی” ناوبردووە، لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ بۆ ئەم قۆناغە بە باشترین رێگەچارە دادەنێن، لەگەڵ هێشتنەوەى سەرجەم بژاردەکان بە کراوەیی لەبەردەمیاندا.
مەجید حەمە ئەمین نوێنەرى یەکێتى لە کۆبوونەوەکە دواى کۆتایی هاتنى کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە لەسەر بەردەوامى گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، هەوڵدان بۆ وەرگرتنى مووچەیەک ئەکەر بەقەرزیش بێت تا ئەو کاتەى کێشەکە بەتەواوى چارەسەر دەکرێت.
جەختیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارى پێکهێنانى هیچ ئەنجومەنێک نەدراوە و باسى پرسى کشانەوەش نەکراوە، لایەنەکانى بەشداربووى کۆبوونەوەکە “زۆر نەرم” بوون بە پارتى دیموکراتى کوردستانیشەوە و بژادەى “نەرم” خراوەتەڕوو بۆ چارەسەرى کێشەکە.
مەجید حەمە ئەمین پێشبینیکرد موچەى ئەم مانگەى فەرمانبەران لە سێ رۆژى داهاتوودا ئەگەر بە شێوەیەکى کاتیش بێت چارەسەر بکرێت.
بڕیارەکەى تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق لە رۆژى 28 ى ئایار بۆ راگرتنى ناردنى پارەى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە و کێشەکانى هەرێم و بەغدادى لەسەر ئەو پرسە قوڵکردەوە و چارەنووسى مووچەى بە نادیارى هێشتووەتەوە.
لەگەڵ زیادبوونى فشارى ناوخۆیی و دەرەکى لەسەر ئەو پرسە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران ئامادەیی نیشانداوە بە مەرج مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەران خەرج بکات، ئەوەش بەپێی میدیا عێراقییەکان.
مەرجەکانى سودانى بریتین لەوەى پارەى مووچە وەک قەرز بنێرێت، لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش نێوان هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەرى ریشەیی کێشەى مووچە بۆ مانگەکانى داهاتوو.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەى 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەى بڕى 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارى رادەستکراوە لەکۆى خەرجى کردەیی. لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان لەکۆى 19.9 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوت لە ساڵى 2023 ەوە تا مانگى نیسانى ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە.
بەڵام وەزارەتى دارایی هەرێم، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژى دەستور ناودەبات و دەڵێت، لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینارى پشکى هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.
حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ مووچەى چوار مانگى فەرمانبەرانى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، ئەوەش بە پێی رێککەوتنى نێوانیان کە سەرەتاى ئەمساڵ راگەیەنرا، ساڵى رابردوو مووچەى مانگى 12 ى فەرمانبەران دابەشنەکرا و هەریەکە لە هەرێم و بەغداد یەکتریان بە هۆکارى دابەشنەکردنى تۆمەتبارکرد.