دابەشکردنى سامانى وڵات و دەستاودەستى دەسەڵات؛ پەیامى دادگاى فیدراڵى بۆ سەرۆکایەتییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان

#دادگاى فیدراڵى
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دادگاى فیدراڵى عێراق هەروەها پەیامێکى ئاڕاستەى مەسرور بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کردووەو تێیدا جەختى لە کارکردن بە دەستور کردووەتەوە کە گرەنتییە بۆ یەکسانى لە دابەشکردنى سامانى وڵات و دەڵێت گەل خاوەنى راستەقینەى سامانى وڵاتە.
Primary Asset

سبەى

دادگاى فیدراڵى عێراق جەخت لە دابەشکردنى دادپەروەرانەى سامانى وڵات بەپێی دەستور دەکاتەوە، لەگەڵ گرەنتى دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەسەڵات، ئەوەش لە چەند پەیامێکدا کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کردووە.

پەیامەکانى دادگا تایبەتن بە جەژنى قوربان، کە تێیدا وێڕاى پیرۆزبایی جەژن، جەختى لەچەند پرسێکى دیکە کردووەتەوە لەناویاندا پێشێلنەکردنى دەستور بەهەر هۆکارێک بێت.

دادگاکە لە پەیامێکدا بۆ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران، جەختى لە چڕکردنەوەى هەوڵەکان کردووەتەوە بۆ بنیاتنانى دەوڵەتێکى دەستورى لەسەر بنەماى دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەسەڵات، پاراستنى سامانى گشتى وڵات، بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى.

جەختیشیکردووەتەوە، کە بەهیچ هۆکارێک نابێت دەستور پێشێل بکرێت، بەو پێیەى دەستور موڵکى هەموو گەلە نەک تەنها لایەنێکى دیاریکراو.

دادگاى فیدراڵى عێراق هەروەها پەیامێکى ئاڕاستەى مەسرور بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کردووەو تێیدا جەختى لە کارکردن بە دەستور کردووەتەوە کە گرەنتییە بۆ یەکسانى لە دابەشکردنى سامانى وڵات و دەڵێت گەل خاوەنى راستەقینەى سامانى وڵاتە.

دادگاکە هەروەها لە پەیامێکدا بۆ لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار داوایکردووە، سەرۆک کۆمار گرەنتى دابەشکردنى دادپەروەرانەى سامانى وڵات بکات. لە پەیامێکیشیدا بۆ مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمان بەهەمان شێوە جەختیکردووەتەوە کە گەل خاوەنى سامانى وڵاتە و دەبێت بۆ گەل بێت.

پەیامەکانى دادگاى فیدراڵى لەو بارەیەوە لەکاتێکدایە، چاوەکان بۆ چارەسەرى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى چوونەتەوە سەر دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، لەگەڵ قوڵبوونەوەى زیاترى کێشەکە، ئەوەش دواى زیاتر لە ساڵێک لە بڕیارى یەکلاکەرەوەى دادگا لەو بارەیەوە.

بڕیارەکەى 28 ى ئایارى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، جارێکى تر کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمەوە هێنایەوە خاڵى سەرەتا، ئەوەش دواى چوار مانگ لەناردنى مووچە لەمساڵدا بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەرەتاى ئەمساڵدا.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەى کێشەکە، هەریەکە لە هەرێم و بەغداد یەکترى تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنى بڕیارى دادگاى فیدراڵى کە ساڵى 2024 دەریکرد و تێیدا مووچەى فەرمانبەرانى بەدەرکرد لە کێشەکانى هەرێم و بەغداد.

سودانى داواى رونکردنەوە دەکات

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رۆژى سێشەممە لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق ناردنى مووچەى بەستەوە بە پێدانى رونکردنەوە لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە لەبارەى بڕیارەکەى بۆ ئەوەى پاڵپشتى یاسایی هەبێت بۆ ناردنى مووچە، ئەوەش بەوتەى موسەننا ئەمین پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو.

موسەننا ئەمین لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا و لەزارى سودانییەوە باسى لەوەکرد، کە پێویستە عێراق و هەرێم رێز لە مەرجەکانى ناو بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بگرن بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە.

رونیشیکردەوە، هەریەکە لە وەزارەتى دارایی، دیوانى چاودێرى دارایی، ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى ناردنى مووچەیان بۆ هەرێم بە “نایاسایی” داناوە، بەڵام خۆى بەرپرسیارێتى هەڵگرتووەو لەمانگەکانى رابردوودا پارەى بۆ هەرێم ناردووە، ئێستاش ئامادەیە ئەوە بکات بەڵام لەبەرئەوەى هەرێم پابەند نییە بە رادەستکردنى 50%ى داهاتى ناوخۆ و نەوت، تەوتین نەکردنى مووچە، ناتوانێت چیتر ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت.

سودانى لەکۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە کە لەساڵى 2024 ەوە داواى رونکردنەوەیان لە دادگاى فیدرڵى کردووە کە بڕیارەکەیان بڕگەیەکى تێدایە و کێشە دروستدەکات چونکە نوسراوە لە چوارچێوەى پشکى هەرێم مووچە خەرج بکرێت، ئەوەش پەیوەستە بە خەرجى کردارییەوە و بەشى مووچە ناکات، ئەو چۆن ئەو بڕگەیە جێبەجێ بکات کە لەلایەکەوە دەڵێن نابێت مووچە پەیوەست بکرێت بە کێشەى سیاسی و دەبێت لە پشکى هەرێمیش بدرێت، بەڵام دادگا جەختیکردووەتەوە کە بڕیارەکەیان روونە و پێویستى بە رونکردنەوە نییە.

سودانى هەروەها ئاماژەى بەوەکردووە، جارێکى تر داواى لە دادگاى فیدراڵى کردووە رونکردنەوەى پێبدات لەو بارەیەوە و تا دادگا رونکردنەوەى پێنەدات ناتوانێت مووچە رەوانەى هەرێمى کوردستان بکات.

جگە لەو داوایەى سودانى، لە ئێستادا سکاڵایەکیش لەلایەن ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى هەرێمەوە ئاڕاستەى دادگاى فیدراڵى کراوە تا وەزارەتی دارایی عێراق پابەند بێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەویش لەسەر بنەمای بڕیاری ساڵى رابردووى دادگای فیدراڵی لەو بارەیەوە.

دادگاى فیدراڵى یەكشەممە 1-6-2025 لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە، کە بەم نزیکانە بڕیارێکى فەرمان سالارى لەبارەى سکاڵاکەوە دەردەکات.

"راگرتنى بڕیارەکەى وەزارەتى دارایی"

بەکر حەمە سدیق پارێزەری کەیسی ساڵى رابردووى مووچەخۆران لە دادگای فیدڕاڵی بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەرووى یاساییەوە کۆتایی هاتووە، دواى ئەوەى ساڵى رابردوو دادگا پرسەکەى یەکلاکردەوە، ئەوەى ئێستاش هەیە کێشەى سیاسییە.

وتیشى "بەڵام لەسەر بنەماى ئەو سکاڵایەى لە رۆژانى رابردوودا پێشکەشکرا، لەرووى یاساییەوە دەکرێت دادگاى فیدراڵى بڕیارێک دەربکات بۆ راگرتنى بڕیارەکەى وەزیرى دارایی لەبارەى راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، بەڵام ناکرێت جارێکى تر بڕیار لەسەر دۆسیەکە بدرێتەوە، بەو پێیەى پێشتر دادگا لەو بارەیەوە بڕیاریداوە".

بەوتەى بەکر حەمەسدیق، هەروەها دادگاى فیدراڵى دەکرێت رونکردنەوە بدات لەبارەى بڕیارەکانى بۆ ئەنجومەنى وەزیران و هەر فەرمانگەیەکى دیکەى پەیوەندیدار کە داواى رونکردنەوەى لێبکات، بەڵام جەختیکردەوە کە بڕیارى دادگا لەبارەى مووچەى فەرمانبەران زۆر روونە و هیچ شیکردنەوەیەک هەڵناگرێت و پێویستە عێراق و هەرێم وەکو خۆى جیبەجێى بکەن.

لە دۆخى ئێستادا، بەکر حەمەسدیق پێیوایە پێویستە بەپێی یاساى سزادانى عێراقى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان بدرێنە دادگا بەهۆى جێبەجێنەکردنى بڕیارى دادگاى فیدراڵییەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی