هەسەدە و توركیا ئەنجامدانی دیدار لەنێوان مەزڵوم عەبدی و بەرپرسانی توركیا رەتدەكەنەوە

#هەسەدە#تورکیا#سوریا#کورد
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ناوەندی میدیایی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" بڵاویكردەوە: راپۆرتێكی پێگەی "مۆنیتۆر" هەندێك زانیاریی هەڵەی تێدابوو، سەبارەت بەوەی هەریەك لە وەزیری دەرەوەی توركیا یاخود سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا چاویان بە فەرماندەی هەسەدە دەكەوێت.
Primary Asset

ئەردۆغان و مەزڵوم عەبدی

سبەی

توركیا رەتیدەكاتەوە هیچ پلانێكیان هەبێت تا بەرپرسانی وڵاتەكەی چاویان بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە بكەوێت، لەلایەن خۆشیەوە هەسەدە رەتیدەكاتەوە هیچ بەرنامەیەكی لەوشێوەیە هەبێت.

ناوەندی میدیایی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" بڵاویكردەوە: راپۆرتێكی پێگەی "مۆنیتۆر" هەندێك زانیاریی هەڵەی تێدابوو، سەبارەت بەوەی هەریەك لە وەزیری دەرەوەی توركیا یاخود سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا چاویان بە فەرماندەی هەسەدە دەكەوێت.

هەسەدە دەشڵێت "ئەو زانیارییانە هەڵەن، فەرماندەی هێزەكانمان و وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هیچ پێشنیازێكی چاوپێكەوتنی لەوشێوەیەیان پێنەگەیشتووە".

لەلایەن خۆشیەوە، بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، كە پشتی بە چەند سەرچاوەیەكی فەرمی بەستووە، ئاماژەی بەوەكردووە ئەو زانیارییانەی پێگەی "مۆنیتۆر" بڵاویكردووەتەوە ناڕاستن.

پێگەی مۆنیتۆر راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە كە لەلایەن "ئەمبرین زەمان" رۆژنامەنوسی توركەوە ئامادەكراوە، باس لەوەدەكات بڕیارە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، یاخود ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" چاویان بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بكەوێت.

بەوتەی ئەو پێگە ئەمەریكیە، تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە توركیا، لەمیانی گەشتەكەیدا بۆ دیمەشق كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجامیدا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەنجامداوە، لەو پەیوەندیەدا بەردەوامیی پشتیوانی ئەمەریكای بۆ هەسەدە لە شەڕی دژ بە داعش دووپاتكردووەتەوە، هەروەها هانیداوە بەردەوام بێت لە گفتوگۆ لەپێناو كەمكردنەوەی گرژییەكان لەنێوان هەسەدە و توركیا، كە ئەمەریكا نێوبژیوانییان دەكات.

لەو سەردانەدا تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریاش كەوت، هەر لەو دیدارەدا "جەخت كراوەتەوە پێویستە رێككەوتنی هەسەدە و حكومەتی دیمەشق جێبەجێ بكرێت".

بەپێی راپۆرتی ئەو پێگە ئەمەریكییە، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، پێشنیازی ئەوە دراوەتە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە، چاوی بە بەرپرسانی باڵای توركیا بكەوێت، دیدارەكەش لە دیمەشق بێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو دیدارەی بڕیاربوو رۆژی هەینی لەنێوان بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حكومەتی دیمەشق بەڕێوەبچێت، بەڵام دیدارەكە لەلایەن حكومەتی سوریاوە دواخرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی