هەزاران چەکدارى بیانى ئیگۆرى دەچنە ریزى سوپاوە؛ واشنتن گڵۆپى سەوزى بۆ سوریا هەڵکرد

#ئەمەریکا#سوریا
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سێ بەرپرسی سەربازى سوریا رایانگەیاند، بەپێی ئەو پلانە نزیکەی سێ هەزار و 500 چەکداری بیانی کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئیگۆریین و لە چین و وڵاتانی دراوسێى ئەو وڵاتەوە چونەتە سوریا، دەچنە پاڵ فیرقەی 84ی سوپای سوریا کە تازە پێکهێنراوە و سورییەکانیش لەخۆدەگرێت، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.
Primary Asset

شەرع ڕۆژئاواى دڵنیاکردووەتەوە کە چوونى چەکدارانی بیانی بۆ ناو سوپا کەمتر مەترسی ئەمنی دەبێت لە وازهێنانیان

سبەى

ئەمەریکا گڵۆپى سەوزى بۆ دەسەڵاتى نوێی سوریا هەڵکرد، لەبارەى تێکەڵکردنى هەزاران چەکداری پێشووی جیهادی بیانی لەگەڵ سوپای نیشتمانی ئەو وڵاتە، بەمەرجێک بەشێوەیەکی شەفافانە ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت.

سێ بەرپرسی سەربازى سوریا رایانگەیاند، بەپێی ئەو پلانە نزیکەی سێ هەزار و 500 چەکداری بیانی کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئیگۆریین و لە چین و وڵاتانی دراوسێى ئەو وڵاتەوە چونەتە سوریا، دەچنە پاڵ فیرقەی 84ی سوپای سوریا کە تازە پێکهێنراوە و سورییەکانیش لەخۆدەگرێت، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.

لە وەڵامی پرسیارێکى ئاژانسەکە لەبارەى رەزامەندى واشنتۆن بۆ تێکەڵکردنی چەکدارانی بیانی لەگەڵ سوپای نوێی سوریادا، تۆم باراک باڵیۆزی پێشووى ئەمریکا لە تورکیا کە مانگی ڕابردوو وەک نێردەی ئەمەریکا لە سوریا دەستنیشانکرا، وتی: "لێکتێگەیشتنێک هەیە لەو بارەیەوە، لەگەڵ بوونى شەفافیەت لە پڕۆسەکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، باشترە ئەو چەکدارانە کە بەشێکی زۆریان "زۆر دڵسۆزن" بۆ ئیدارەی نوێی سوریا، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی دەوڵەتیدا بمێننەوە نەک بەدەر بکرێن.

چارەنووسی ئەو بیانیانە کە پەیوەندییان بە گروپى تەحریر شامی سوریاوە کرد لە کاتی شەڕی 13 ساڵەی نێوان گروپە چەکدارەکان و بەشار ئەسەد، یەکێک بووە لە پرسە پڕ لە کێشەکان کە ڕێگری لە نزیکبوونەوەی دیمەشق لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکرد.

لانی کەم تا سەرەتای مانگی ئایار ئەمەریکا داوای لە سەرکردایەتی نوێ دەکرد بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکدارانی بیانی لە هێزە ئەمنییەکان دووربخاتەوە.

بەڵام ڕێبازی واشنتۆن بۆ سوریا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات، دوای ئەوەی ترەمپ لە مانگی ڕابردوودا گەشتێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەڵگرتنى سزاکانی سەر سوریا، هەروەها لە ڕیاز چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا کەوت و دۆستێکی نزیکی خۆی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ سوریا دیاریکرد..

بەوتەى دوو سەرچاوەی نزیک لە وەزارەتی بەرگری سوریا، شەرع ڕۆژئاواى دڵنیاکردووەتەوە کە چوونى چەکدارانی بیانی بۆ ناو سوپا کەمتر مەترسی ئەمنی دەبێت لە وازهێنانیان.

نیگەرانی چین

هەزاران کەسی بیانی موسڵمانی سوننە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە کە ماوەی 13 ساڵ بەردەوام بوو، پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانى سوریاوە کرد بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەسەد، کە لەلایەن میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە هاوکاری دەکرا.

هەندێک لە چەکدارەکان گروپى تایبەت بە خۆیان پێکهێنا، هەندێکی تریش پەیوەندییان بە گروپەکانى سەر بە داعشەوە کرد، کە بۆ ماوەیەکی کورت خەلافەتیان لە ناوچەکانی سوریا و عێراق ڕاگەیاند پێش ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکبشکێنرێت.

چەکدارانى بیانی لەناو دەستەى تەحریر شام ناوبانگێکی زۆریان بەدەستهێنا وەک چەکدارێکی دڵسۆز و دیسپلین و بەئەزموون و بڕبڕەی پشتی ئەو گروپە بژاردانەى کە پێیان دەوترا یەکەکانی خۆکوژی. 

ئەو چەکدارە ئیگیۆریانەى لە چین و ئاسیای ناوەڕاستەوە چونەتە سوریا، ئەندامی پارتی ئیسلامی تورکستانن، کە گرووپێکە لەلایەن پەکینەوە وەک “تیرۆریست” دەستنیشانکراوە. بەرپرسێکی سوری و دیپلۆماتکارێکی بیانی ڕایانگەیاند، چین هەوڵیداوە هەژمونى ئەو گروپە لە سوریا سنووردار بکرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی: "چین هیوادارە سوریا دژایەتی هەموو جۆرەکانی تیرۆر و هێزە توندڕەوەکان بکات لە وەڵامی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا".

عوسمان بوغرا، بەرپرسێکی سیاسی لە پارتی ئیسلامی تورکستان، وتى، ئەو گرووپە بە فەرمی هەڵوەشاوەتەوە و تێکەڵ بە سوپای سووریا بووە. 

لە مانگی کانوونی دووەمدا، دانانی ژمارەیەک چەکدارى بیانى کە بەشێک بوون لە سەرکردایەتی باڵای تەحریر شام بۆ پۆستە باڵا سەربازییەکان، ڕۆژئاوای نیگەران کردبوو.

داواکارییەکانی دەرکردنی چەکدارە بیانییە پلەدارەکان بووە خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی دیمەشق لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا تا کاتى کۆبوونەوەکەى نێوان ترەمپ و شەرع.

شەرع باسی لەوەکردووە، ڕەنگە چەکدارانی بیانی و خێزانەکانیان ڕەگەزنامەی سوریان پێبدرێت بەهۆی ڕۆڵیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەسەد.

عەباس شەریفە، شارەزای گرووپە جیهادییەکان کە بنکەکەی لە دیمەشقە پێیوایە، ئەو چەکدارانەی کە لە سوپادا جێگیرکراون، دڵسۆزییان بۆ سەرکردایەتی سوریا نیشانداوە و "لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە گۆڕاون، بەڵام ئەگەر وازیان لێبهێنرێت دەبنە نێچیری داعش یان گروپە توندڕەوەکانی تر".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی