سودانی: پێویستە بەپێی یاسا و دەستور چارەسەری بنەڕەتی پابەندییە داراییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر بكرێت

#عێراق#هەرێم#مووچە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ 31-5-2025 عەبدوللەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی سودانی كردووە و چەند پرسێكیان تاوتوێ كردووە، لەوانەش گۆڕانكارییە سیاسی و ئابورییەكان و بەرنامەی حكومەت.
Primary Asset

سودانی و عەبدوللەتیف رەشید

سبەی

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە عەبدوللەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق كرد، یەكێك لە تەوەرەكانی دیدارەكەش پرسی پابەندییە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بووە، نوسینگەكەی سودانی دەڵێت " پێویستە بەپێی یاسا و دەستور چارەسەری بنەڕەتی پابەندییە داراییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر بكرێت".

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ 31-5-2025 عەبدوللەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی سودانی كردووە و چەند پرسێكیان تاوتوێ كردووە، لەوانەش گۆڕانكارییە سیاسی و ئابورییەكان و بەرنامەی حكومەت.

نوسینگەكەی سودانی بڵاویكردووەتەوە "لەمیانی دیدارەكەدا جەخت لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی لەچوارچێوەی دەستور و یاسا كرایەوە، سەبارەت بە پابەندییە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، بەپیی ئەو هەنگاوانەی دەستور و یاسا دیاریكردووە لە بودجەی گشتیی و بڕیاری دادگای فیدراڵی، هەروەها باس لە گرنگیی پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز كرا".

هەر بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، باس لە گرنگیی یەكڕیزی نیشتمانی كراوە بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

لەلایەن خۆشیەوە نوسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، لەمیانی دیداری ئەمڕۆی عەبدوللەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، گۆِرانكاری سیاسی و ئابوری تاوتوێكراوە.

نوسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق هەروەها نوسیویەتی "جەخت لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی لەچوارچێوەی دەستور و یاسا بۆ پابەندییە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێم كرایەوە، وەك ئەوەی دەستور و یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی باسیكردووە. هەروەها باس لە گرنگیی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز كرا.

كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆمار لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی و چەند لایەنێكی دیكە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبوونەوە و رایانگەیاند " كۆكبوون لەسەر ئەوەی ئەگەر بە قەرزیش بێت مووچەیەك وەربگرن تا بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكرێت، لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشانداوە بە قەرز مووچەیەك رەوانەی هەرێم بكات".

ئەو هەنگاوانە لەكاتێكدایە، بڕیارە سبەینێ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆدەبێتەوە.

بڕیارەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە رۆژی 28 ی ئایار بۆ راگرتنی ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و كێشەكانی هەرێم و بەغدادی لەسەر ئەو پرسە قوڵكردەوە و چارەنووسی مووچەی بە نادیاری هێشتووەتەوە.

لەگەڵ زیادبوونی فشاری ناوخۆیی و دەرەكی لەسەر ئەو پرسە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ئامادەیی نیشانداوە بە مەرج مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران خەرج بكات، ئەوەش بەپێی میدیا عێراقییەكان.

مەرجەكانی سودانی بریتین لەوەی پارەی مووچە وەك قەرز بنێرێت، لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش نێوان هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەری ریشەیی كێشەی مووچە بۆ مانگەكانی داهاتوو.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەی 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەی بڕی 13 ترلیۆن و 547 ملیار دیناری رادەستكراوە لەكۆی خەرجی كردەیی. لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەكۆی 19.9 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و نانەوت لە ساڵی 2023 ەوە تا مانگی نیسانی ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دیناری رادەستی بەغداد كردووە.

بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژی دەستور ناودەبات و دەڵێت، لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.

حكومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ مووچەی چوار مانگی فەرمانبەرانی رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوەش بە پێی رێككەوتنی نێوانیان كە سەرەتای ئەمساڵ راگەیەنرا، ساڵی رابردوو مووچەی مانگی 12 ی فەرمانبەران دابەشنەكرا و هەریەكە لە هەرێم و بەغداد یەكتریان بە هۆكاری دابەشنەكردنی تۆمەتباركرد.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی كێشەی مووچە لە نێوان هەرێم و بەغداد و نادیاری چارەنوسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق سبەینێ یەكی حوزەیران دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شەشی خانەنشینی شارستانی و سەربازی دەكات.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی