هیچ پلانێك نییە بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل؛ سودانی: چەك لەدەستی دەوڵەتدا كۆدەكەینەوە

#عێراق#ئیسرائیل#چەك
18 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • مانگێک لەمەوبەر، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری 10 سەرچاوەی باڵای سەربازی عێراقەوە بڵاویکردەوە، ژمارەیەك لە گروپە چەكدارە بەهێزەكانی سەر بە ئێران ئامادەن چەك دابنێن، ئەوەش بۆ یەكەمجارە ئەو گروپانە هەڵوێستێكی وەهایان هەبێت.
Primary Asset

سودانی

سبەی

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هیچ پلانێكیان نییە بۆ بنیاتنانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.

سودانی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند:"هیچ پلانێكمان نیە تا ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بنیات بنێین". جەختیشیكردەوە "هیچ براوەیەك لە بەرەنگاربوونەوەی نێوان ئەمەریكا و ئێران بوونی نییە".

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند:"حكومەت نەخشەرێگایەكی هەیە بۆ ئەوەی چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا كۆبكاتەوە و سنورداری بكات".

سەبارەت بە لوتكەی عەرەبی لە بەغداد كە بڕیارە شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، سودانی وتی "لە لوتكەی عەرەبی لە بەغداد شتی چاوەڕوان نەكراو روودەدات".

لوتكەی عەرەبی هاوكاتە لەگەڵ كێشە و قەیران و ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان، ئەمەش گرنگی ستراتیژیی لوتكەكە زیاتر دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە چارەنووسسازانەی كە ناوچەكەی گرتووەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا حكومەتی عێراق و سەرجەم دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەركەوتنی كارەكانی لوتكەكە و دابینكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر بۆ شاندە بەشداربووەكان كە بڕیارە لە 21 وڵاتی عەرەبیەوە بچنە بەغداد.

لیوا وەلید تەمیمی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا رایگەیاند "پلانی ئەمنی كە بە هەماهەنگی نزیك لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ داڕێژراوە، بە پلەی یەكەم لەسەر بنەمای هەوڵی هەواڵگری و تەكنیكی پێشكەوتووە".

مانگێک لەمەوبەر، ئاژانسی رۆیتەرز  لە زاری 10 سەرچاوەی باڵای سەربازی عێراقەوە بڵاویکردەوە، ژمارەیەك لە گروپە چەكدارە بەهێزەكانی سەر بە ئێران ئامادەن چەك دابنێن، ئەوەش بۆ یەكەمجارە ئەو گروپانە هەڵوێستێكی وەهایان هەبێت.

فشارەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەر گروپە چەكدارە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران رژدە، ئەوەش وای كردووە گروپەكان ترسیان هەبێت لەوەی بەئامانج بگیرێن لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە، بۆیە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ چەكدانان.

لە ماوەكانی رابردودا بەرپرسانی ئەمەریكا بە بەغدادیان راگەیاندووە، ئەگەر گروپەكان بەردوامبن لە ئۆپەراسیۆنەكانیان لە خاكی وڵاتەكەدا ئەوا بەئامانج دەگیرێن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی