لەسەر داوای کورد؛ گۆڕانكاری لە دەستوری سوریا دەكرێت

#سوریا#ئیدارەی کوردی#دەستور#هەسەدە
18 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 18 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، نوێنەرانی حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، دەستیان بە گفتوگۆ كردووە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك سەبارەت بە هەمواری بەندەكانی دەستوریی سوریا، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو رەخنانەی هەسەدە لە دەستورەكەی هەبووە و كە بەپێی رێككەوتنی بنەڕەتی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە نییە كە 10 ی ئاداری ئەمساڵ واژۆیان كرد.
Primary Asset

ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی

سبەی

ئیدارەی نوێی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورد لە رۆژئاوای كوردستان، گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە راگەیەندراوی دەستوریی نوێی سوریا بكرێت.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، نوێنەرانی حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، دەستیان بە گفتوگۆ كردووە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك سەبارەت بە هەمواری بەندەكانی دەستوری سوریا، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو رەخنانەی هەسەدە لە دەستورەكەی هەبووە و كە بەپێی رێككەوتنی بنەڕەتی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە نییە كە 10 ی ئاداری ئەمساڵ واژۆیان كرد.

بەپێی زانیارییەكان كە روانگەی سوریا ئاشكرایكردوون، گفتوگۆكانی ئێستا ئامانج لێی گەیشتنە بە داڕشتنێكی هاوبەش كە بەرژەوەندی دانیشتوانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاشی تێدابێت.

ئەو جموجوڵە بە ئاراستەی گۆڕانكاری لە دەستوری سوریا لەسەر داوای كورد، لەچوارچێوەی گۆڕانكارییە هەرێمیی و جیهانییەكاندایە، بەپێی روانگەی سوریا هەردوولا واتە ئیدارەی كوردی و دیمەشق دەیانەوێت گفتوگۆ بكەن جێگرەوەی چەك و پەیوەندییەكانیان باشتر بكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی حكومەتی سوریا لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی عەرەبی و ئەمەریكا بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات.

پەسەندکردنی دەستوری نوێی سوریا

دوو مانگ لەمەوبەر، لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریا ڕەشنوسی دەستورەكەی ڕادەستی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كرد و ئەویش واژۆی كرد، بەڵام واژۆكردنەكە ناڕەزایی بەشێك لە پێكهاتەكانی سوریا و بەتایبەتیش كوردی لێكەوتەوە.

لەكاردانەوەی واژۆكردنی رەشنوسی دەستورەكە لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریاوە، هەرئەوكات ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە ڕایگەیاند: "دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسی، دڵخۆشبوونی گەلی سوریا، ئەمڕۆ لە دیمەشق ڕاگەیەندراوی دەستووری دەركرا، كە بەندەكانی هاوشێوەی پێوەرەكانی حكومەتی بەعسە".

"ئەم ڕێوشوێنە ڕەتكردنەوەی ڕاستەقینەی سوریا و دۆخی فرەییە تێیدا، ساختەكردنی ناسنامەی نیشتمانی و كۆمەڵگەیی سوریایە، ئەو ڕاگەیەندراوە بێبەرییە لە جێپەنجەی ڕۆڵەكانی سوریا و پێكهاتە جیاوازەكانی لە كورد و تەنانەت عەرەب و سریان و ئاشورییەكانیش". ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری وای وت.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان جەختیشیكردەوە "سوریا پێویستی بە هاودەنگی رۆڵەكانی هەیە، هەروەها پێویستی بە یەكڕیزی بۆ دیاریكردنی داهاتووی دیموكراتی هەیە".

رێككەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی

رۆژی 10 ی شوباتی 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە.

رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە.

خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە

خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.

لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.

بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا.

لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی