قەندیل ناوچەیەکى شاخاوى سەختە لە باشووری کوردستان و بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس
سبەى
لەئەگەرى کشانەوەى گەریلاکانى پەکەکە لەقەندیل، پاسەوانى سنورى عێراق لەو ناوچانە جێگیر دەکرێن و پێشمەرگەش رۆڵى هاوبەشى دەبێت لەو پڕۆسەیەدا، ئەوەش بەوتەى دوو سەرچاوە لە وەزارەتى پێشمەرگە و پاسەوانى سنور بۆ سبەى.
لەدواى بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، پرسی جێگرتنەوەى پەکەکە لە چیاى قەندیل هاتووەتە بەرباس، ئەو چیایەى کە ساڵانێکى زۆرە بووەتە پێگەى سەرەکى پەکەکە.
سەرچاوەیەک لە پاسەوانی سنورى عێراق بە سبەی راگەیاند، لە ئەگەری چۆڵکردنى قەندیل و کشانەوەى گەریلاکانى پەکەکە ڕاستەوخۆ لیوای دووی پۆلیسى پاسەوانی سنور لە قەندیل جێگیر دەکرێت.
لە هەرێمى کوردستان فەرماندەیی یەکى پاسەوانى سنور بوونى هەیە کە سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقە لە چوار لیواى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە پێکهاتووە و ژمارەیان نزیکەى 10 هەزار کەسە و ئەرکیان پاسەوانیکردنى سنورەکانە.
هێزەکانى پاسەوانى سنورى عێراق، ساڵى رابردوو بە هەماهەنگى لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەناوچە سنورییەکانى نزیک لە ناوچەکانى پێکدادانى پەکەکە و سوپاى تورکیا لەسنورەکانى سیدەکان و دهۆک جێگیرکران، بەڵام هێشتا بەتەواوى ئەرکى پاراستنى سنورەکانیان لەو ناوچانە نەگرتووەتە دەست.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەسبەى راگەیاند، هێشتا زووە لەو بارەیەوە بڕیاری کۆتایی بدرێت، بەڵام پاراستنی سنور ئەرکی پاسەوانی سنورە و ئەوان لە قەندیل جێگیر دەکرێن، لەئەگەرى چۆڵکردنى لەلایەن پەکەکەوە.
جەختیشیکردەوە، پێشمەرگەش ڕۆڵی هاوبەشی دەبێت لەو پڕۆسەیەدا بەتایبەتى لە جێگیرکردن و دیاریکردنی خاڵی سنوری و هێزەکانى پاسەوانى سنور.
لەدوو رۆژى رابردوودا رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان جەختیکردەوە، هێشتا پڕۆسەى جێگرتنەوەى شوێنەکانى پەکەکە لە قۆناغى سەرەتادایە و دواتر دەکرێت قسەى زیاترى لەسەر بکرێت، هێشتاش زووە بۆ باسکردنى ئەوەى لەکوێ چەکەکان رادەستدەکرێن و هەرێمى کوردستان چاودێرى پڕۆسەکە دەکات.
قەندیل ناوچەیەکى شاخاوى سەختە لە باشووری کوردستان و بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، بە سەختترین و ستراتیژیترین چیاکانی کوردستان دادەنرێت کە بەرزاییەکەی زیاتر لە 3000 مەترە و لانکەى زۆربەى شۆڕشەکانى کورد بووە.
پەکەکە لە هەشتاکانى سەدەى رابردوودا و بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ پارتى بۆ یەکەمجار چووە قەندیل، بەڵام لە ساڵى 2006 ەوە بەشێوەیەکى بەرفراوان قەندیلى کردە بارەگاى سەرکردایەتى و پێگەى سەرەکى خۆى، دواى ئەوەى تورکیا ئۆپراسیۆنەکانى لەدژى پەکەکە چڕکردەوە.
لەو کاتەوە تا ئێستا زۆربەى ناوچەکانى قەندیل کە شاخاویین و لەسەر سنورن بە قوڵایی 20-30 کیلۆمەتر بەدەست پارتى کرێکارانى کوردستانەوەیە.
فەریق جەبار یاوەر ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا بۆ سبەى باسى لەوەکرد، چۆنیەتى جێهێشتنى سنورەکان و بەدەستەوەدانى چەک لەلایەن پەکەکەوە روون نییە و هەرێم و عێراقیش بەشێک نین لە پڕۆسەکە، ئەمەش هەنگاوى زۆرى دەوێت و وەستاوەتە سەر هەنگاوەکانى تورکیا بۆ دەرکردنى لێبوردنى گشتى و جێبەجێکردنى تەواوەتى پڕۆسەى ئاشتى.
هەروەها پێشبینیکرد، تا سەرەتاى ساڵى نوێ سنورەکان لەلایەن پەکەکەوە چۆڵ نەکرێن و چەکیش رادەست نەکرێت، بەڵام وەک گریمانە ئەگەر تورکیا لێبوردنى گشتى دەربکات و دەستور بگۆرێت و رێگە بدات بەپەکەکە خەباتى سیاسی بکات، پێدەچێت پڕۆسەکە بچێتە پێش.
بەپێی دەستور، پاراستنى سنورەکان ئەرکى هێزەکانى پۆلیسى پاسەوانى سنورى عێراقە، کە هەندێکیان لەناوچەکانى دیکە و بەدرێژایی سنورى خانەقین تا هەڵەبجە جێگیرکراون، بەڵام بەهۆى بوونى هێزى بیانى بەتایبەتى تورکیاوە کە بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر و درێژایی 200 کیلۆمەتر سەربازگە و بنکەی لە خاکى هەرێم دروستکردووە، نەیانتوانیوە بچنە سەرجەم ناوچەکان.
بەوتەى جەبار یاوەر، دواى چەکدانانى پەکەکە و کشانەوەى سوپاى تورکیا لەسەر سنورەکان، ئەوکاتە ئەو لیوایانەى نەیانتوانیوە بچنە سەر سنور دەچنە ئەو ناوچانەى بۆیان دیاریکراوە.
پرسی توندوتۆڵکردنى ئاسایشى سنورەکانى عێراق بەشێکە لە کارنامەى حکومەتى عێراق و بودجەى پێویستى بۆ تەرخانکراوە بۆ دانانى خاڵى چاودێرى و سیستمى پێشکەوتوو، تەلبەندکردنى سنورەکان، لەناویاندا سنورەکانى عێراق لەگەڵ تورکیا.
بەوتەى جەبار یاوەر، عێراق دەیەوێت پاسەوانى سنور لە هێڵى سفرى سنورى جێگیربکرێت، بۆ بەستنەوەى سنورەکان بەیەکەوە، لەسەر سنورى عێراق و ئێرانەوە، تا سێ کوچکەى سنور لە خواکورک، لەوێشەوە تا سەر سنورى سوریا، دەبێت هیچ کەسێکى لێ نەمێنێت بۆ ئەوەى هێزەکانى عیراق بچنە ئەو شوێنانە.
دەشڵێت، مەسەلەکە هەر قەندیل نییە، پەکەکە بەدرێژایی 800 کیلۆمەتر لەهەموو سنورەکانى تورکیا-عێراق، تورکیا-ئێران تا دەگاتە خانەقین بارەگا و بنکە و ئەشکەوت و تونێل و کۆگاى چەک و تەقەمەنى هەیە، چەکى قورس و سوکى هەیە، بۆیە ئەو پرۆسەیە درێژخایەنە و هێشتا میکانیزمى جێبەجێکردنى ناڕوونە.