کۆبوونەوەى ترەمپ و شەرع بە ئامادەبوونى مارکۆ رۆبیۆ لە سعودیە
سبەى
وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا هۆشداریدا لەوەى کە رەنگە دەسەڵاتى راگوزەرى سوریا چەند هەفتەیەک لە روخان و شەڕى ناوخۆوە دوور بێت و دواجار ئەو وڵاتە دابەش بێت.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا رۆژى سێشەممە لەوتەیەکیدا لەبەردەم لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمەریکا، هەڵگرتنى سزاکانى سەر سوریاى لەلایەن ئەمەریکاوە بە هەنگاوێکى چارەنوسساز دانا بۆ رزگارکردنى دەسەڵاتى راگوزەر، هۆشداریشدا لەوەى کە هەڵسەنگاندنى ئەوان بۆ دۆخى سوریا ئەوەیە کە رەنگە تەنها چەند هەفتەیەک لە روخانى دەسەڵات و شەڕى ناوخۆیەوە دوربێت.
وتیشى دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکى بوێرانەیدا کاتێک سەرجەم سزاکانى سەر سوریاى هەڵگرت.
رۆبیۆ کە رۆژى 14ى ئایار لەگەڵ ترەمپ لە سعودیە چاویان بە ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا کەوت ئاماژەى بەوەشکرد، ئەحمەد شەرع و سەرکردایەتى سوریا مێژوویەکى سەختیان هەیە و لە پشکنینى “ئێف بی ئاى” دەرنەچوون، بەڵام لایەنێکى دیکەى پرسەکە ئەوەیە کە ئەگەر لە پەیوەندیدابن لەگەڵیان سەردەکەون، بە پێچەوانەوە سەرکەوتن بەدەستناهێنن.
باسى لەوەشکرد، سوریا رووبەڕووى شەڕى ناوخۆى گشتگیر دەبێتەوە ئەگەر پشتیوانى حکومەتى راگوزەر نەکرێت "بەراشکاوى دەڵێم لەگەڵ بوونى ئەو ئاڵنگارییانەى کە رووبەڕووى سوریا بووەتەوە پێمانوایە دەسەڵاتى راگوزەر چەند هەفتەیەک نەک چەند مانگێک دوورە لە داڕوخان و شەڕێکى ناوخۆیی گشتگیر کە دەبێتە هۆى دابەشبوونى وڵات".
لەگەڵ ئەوەشدا وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا باسى لەوەکرد، سوریا یەکێکە لەو شوێنانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێکهاتە و ئاینەکانى وەک عەلەوییەکان دروز و کریستیان، سوننە و شیعە و کورد لەژێر ناسنامەی سوریدا ژیاون، تا ئەو کاتەی کە لەلایەن بەشار ئەسەدەوە ئەو دۆخە شکێنرا و گرووپەکانیدا بەگژ یەکدا.
تا پێش کۆبوونەوەى ترەمپ و شەرع، ئەمەریکا هەڵوێستێکى روونى نەبوو بەرانبەر حکومەتی نوێی دیمەشق و زیاتر پشتى بە دیبلۆماسیەتى ناڕاستەوخۆ دەبەست لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیدارەى نوێی سوریا، ئەوەش لە رێککەوتنى 11ى ئازارى نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی نوێی سوریا رەنگیدایەوە، کە بە هاندان و پشتیوانى ئەمەریکا واژۆکرا.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوو مانگ لەمەوبەر لە سەردانێکیدا بۆ ئیسرائیل و لەبارەى دەسەڵاتى راگوزەرى سوریاوە ئاماژەى بەوەکردبوو "رووخانی ئەسەد ئومێدبەخش و گرنگە، بەڵام گۆڕینی هێزێکی ناسەقامگیر بە هێزێکی دیکەی هاوشێوە، پێشهاتێکی ئەرێنی نییە".
یەکەم شاندی ئەمەریکی کە دوای ڕووخانی ڕژێمى بەشار ئەسەد سەردانی دیمەشقیان کرد، ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەم بوو، بە سەرۆکایەتی باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک کە هەڵوەشاندنەوەى خەڵاتێکى 10 ملیۆن دۆلاری راگەیاند بۆ هەر کەسێک کە زانیارى بدات بۆ دەستگیرکردنى ئەحمەد شەرع.