هاکان فیدان و تۆماس باراک
سبەی
ئەمەریكا باڵیۆزی ئێستای لە توركیا وەك نێردەی تایبەتی خۆی لە سوریا دیاری دەكات، ئەو بڕیارەش دوای چەند رۆژێك دێت لەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند سزاكانی سەر سوریا هەڵدەگرێت.
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی لە توركیا ئاشكرایكردووە، ئەمەریكا بڕیاریداوە تۆماس باراك باڵیۆزی ئێستای ئەمەریكا لە ئەنقەرە و هاوڕێی دۆناڵد ترەمپ وەك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا لە سوریا دیاری بكات.
ئەو بڕیارە پاش ئەوەدێت، پێش چەند رۆژێك ترەمپ رایگەیاند كە سزاكانی سەر سوریا هەڵدەگرێت، بەڵام وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رەتیكردەوە لەمكاتەدا هیچ شتێك لەوبارەیەوە رابگەیەنن.
دوێنێ سێشەممە، ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەوتەیەكدا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، رایگەیاند:"رێگەمان بە كارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە توركیا داوە لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆیی سوریا كاربكەن بۆ ئەوەی جۆری ئەو هاوكارییانە تێبگەن كە پێویستیانە".
ئەمەریكا پێشتر بڕیاریدابوو بەشێوەیەكی پلەبەندی سزاكانی سەر سوریا هەڵبگرێت، تا ئەوكاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بریاریدا سزاكان هەڵبگرێت، تا هەلێكی دیكە بداتە سوریا بۆ بوژانەوە لەدوای ئەو جەنگە وێرانكەرەی زیاتر لە دەیەیەكی خایاند، ئەو بریارەش دوای گفتوگۆ بووە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا.
دواتر ترەمپ لە سعودیە و لە 14 ی ئایار بە ئامادەبوونی شازادەی جێنشینی سعودیە چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كەوت.