تونجەر باکرهان: ئەگەر پەیوەندیی برایەتی تورک و کورد بونیاد نەنێینەوە، هەموومان پێکەوە تیادەچین

#دەم پارتی#کورد#تورک#برایەتی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند: "یان لەسەر بنەمای دیموکراسی پەیوەندیی برایەتیی کورد و تورک سەرلەنوێ بونیاد دەنێینەوە، یان لەنێو گێژاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموومان تێدا دەچین".
Primary Asset

سبەی

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، یان لەسەر بنەمای دیموکراسی پەیوەندیی برایەتیی کورد و تورک سەرلەنوێ بونیاد دەنێنەوە، یان لەنێو گێژاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموومان تیادەچن.

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئایاری 2025 ئەنجوومەنی سیاسی دەم پارتی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تونجەر باکرهان بۆ میدیاکان دوا.

 باکرهان سەرنجی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت: "جیهانێکی نوێ و خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دروست دەکرێتەوە. هەم سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای ئاراستەی نوێدا دەگەڕێن. شەڕی ئۆکراینا و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە بەردەوامن. سوریا پارچە پارچەیە، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە تەشەنەسەندندان، ناشزاندرێت عێراق چی بەسەر دێت. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پێشەنگایەتی وڵاتانی کەنداو بە شەڕ دیزاین دەکرێتەوە".

باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە هاوپەیمانییەتییە کۆنەکان یەک یەک شکست دەهێنن و هاوپەیمانی نوێ دروست دەکرێن و دەڵێت: "ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە و ئاسایش ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لەمەدا. هەرشتێک ڕەق بێت دەبێتە هەڵم. پێویستە ئەو ڕاستییە بزاندرێت. بڕیارە مێژوویییەکەی پەکەکە خوێندنەوەی ئەم دۆخە بوو. هەم تورکیا، هەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەم باهۆزە جیۆسیاسییەکانی جیهان بە دوای دۆزینەوە و کێشانەوەی ئاراستەیەکی نوێدان. بۆیە یان لەسەر بنەمای دیموکراسی پەیوەندیی برایەتیی کورد و تورک سەرلەنوێ بونیاد دەنێینەوە، یان لەنێو گێژاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموومان تێدا دەچین". 

تونجەر باکرهان بە جەختکردنەوە لەوەی ئەم پرۆسە نوێیەی بە دەستپێشخەری باخچەلی دەستی پێ کردووە، پرۆسەی سەودا و مامەڵە و سازشکردن نەبووە، ئاماژە بەوە دەدات ئەمە بابەتی مان و نەمانە و دەڵێت: "بڕیارەکەی پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دەبێتە هۆی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی کورد و تورک لەسەر بنەمای نیشتمانی هاوبەش و دەرگا بە ڕووی ژیانێکی نوێدا دەکاتەوە. ئاشتی دەبێتە هۆی گەشەی دیموکراسی و دیموکراسییش گرنگترین گرێبەستی دڵنیاییدانی برایەتی کورد و تورکە".

 تونجەر باکرهان هاوکات پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە پەرلەمان بە گرنگ زانی و جەختی لەوە کردەوە بەردەوام دەبن لە دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، تاکوو پشتیوانی ئەوان بۆ لیژنەکە بەدەست بهێنن. 

کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری

لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.

دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.

تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەختیان لەوە دەکردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەک دابنرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.

9ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری کوردستان کە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لەو بڕیارانە نەکرد کە لە کۆنگرەکەدا دراون.

ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی