عێراقییەكان لە ریزبەندی توڕەترینەكانی جیهانن

#عێراق#توڕەیی#گالووپ#Gallup
5 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • دامەزراوەی گالووپ (Gallup) كە بنكەكەی لە واشنتنی ئەمەریكایە، ساڵانە ژمارەیەك توێژینەوەی جیاواز لە سەرانسەری جیهان ئەنجام دەدات. بەپێی توێژینەوەكانی دامەزراوە ئەمەریكییەكە هاوڵاتیانی عێراق دووەم توڕەترینن لەسەر ئاستی جیهان.
Primary Asset

نەخشەی توڕەیی وڵاتانی جیهان

سبەی

دامەزراوەی گالووپ (Gallup) كە بنكەكەی لە واشنتنی ئەمەریكایە، ساڵانە ژمارەیەك توێژینەوەی جیاواز لە سەرانسەری جیهان ئەنجام دەدات. بەپێی توێژینەوەكانی دامەزراوە ئەمەریكییەكە هاوڵاتیانی عێراق دووەم توڕەترینن لەسەر ئاستی جیهان.

توێژینەوەكەی گالووپ لەژێر ناونیشانی "پلەی گەرمی سۆزداری جیهان چەندە؟" لە 100 وڵاتی جیاواز ئەنجام دراوە لە نێویاندا عێراق. داتا و زانیارییەكانی توێژینەوەی دامەزراوە ئەمەریكییەكە دەگەڕێتەوە بۆ 2023، بەڵام ئەم هەفتەیە بڵاوکراوەتەوە.

لە توێژینەوەكەی گالووپ جگە لە هەستكردن بە توڕەیی پرسیار لەسەر هەستەكانی دیكەی وەك دڵتەنگیی، فشاری دەروونی، نیگەرانیی، ئازاری جەستەیی، دڵخۆشی، ئیسراحەتی باش، فێربوونی پێكەنین و بەڕێزەوە مامەڵكردنی تێدایە.

میتۆدی توێژینەوەكەش بەو شێوەیە كە پرسیار لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەكرێت كە ئایا دوێنێ ئەو هەستانەت هەبووە؟ بەپێی "بەڵێ" یان "نەخێر"ـی بەشداربووان رێژەی هەستەكانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دیاری دەكرێت.

سەبارەت بە توڕەیی، لە توێژینەوەكەدا پرسیار لە بەشداران كراوە كە "دوێنێ ئەزموونی توڕەییت كرد؟" بەپێی ئەنجامی توێژینەوەكە 49% هاوڵاتیانی باكووری قوبرس، بە بەڵی وەڵامیان داوەتەوە و بە پلەی یەكەم دێن. دوای قوبرس عێراقییەكان توڕەترینن، بە جۆرێك كە 47%ـی وتویانە بەڵێ.

دوای ئەوانیش ئەرمینیا بە 42%، ئوردن بە 42% و هاوڵاتیانی كۆنگۆی دیموكرات 40%ـیان بە بەڵێ وەڵامی ئەو پرسیارەیان داوەتەوە كە دوێنێ هەستیان بە توڕەیی كردووە.

بەپێچەوانەی ئەو وڵاتانەوە، تەنها 5%ـی هاوڵاتییانی ڤێتنام بە بەڵی وەڵامی پرسیارەكەیان داوەتەوە بەوەش واتە كەمترینیان هەستیان بە توڕەیی كردووە. دوای ڤێتنامیش وڵاتی فینلاند-ە بە تەنها 7%ـی، دوای ئەوانیش هەر یەك لە ئیستۆنیا بە 7%، پۆرتوگال و مەكسیك-یش بە 8%.

یەكێكی دیكە لەو هەستانەی هاوڵاتیانی عێراقی پلەیەكی بەرزیان تێدا هێناوە، هەستكردن بووە بە ئازاری جەستەیی، بەجۆرێك كە 57%ـی عێراقییەكان هەست بە ئازاری جەستەیی دەكەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی