دیناری عێراقی
سبەی
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 50 ملیار دینار بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم خراوەتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەوەش لەكاتێكدایە بەغداد مانگی پێشوو داوای زیاتر لەو بڕەی كرد، سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت "هەرێم بەپێی یاسای ئیدارەی مالیی و بڕیاری دادگای فیدراڵ" نیوەی داهاتی فیدراڵی لە باج و رەسمی گومرگی دەنێرێت.
هەرێم ئەو داهاتەی زیادكرد كە مانگانە بۆ بەغدادی دەنێرێت
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: "رۆژی پێنج شەممە ( 22ی ئایاری 2025 ) بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی نیسانی ساڵی ( 2025 ) كە بڕەكەی پەنجا ملیارو پێنج سەدو بیست و دوو ملیۆن و حەوت سەدو پەنجا هەزار دینارە، بەشێوەی كاش خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق".
هێشتا ناكۆكی لەسەر جۆری داهاتەكان هەیە
ناردنی ئەو داهاتە لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكان، هێشتا لەنێوان هەولێر و بەغداد ناكۆكیی لەبارەی داهاتی نانەوتی و ناوخۆ هەیە، ئەوەش مانگانە كراوە بە مەرج بۆ ناردنی پارەی مووچە و ئەمەش مووچەی مانگی ئایار دەگرێتەوە بەڵام لەوبارەیەشەوە گفتوگۆ بەردەوامە.
میدیا عێراقییەكان لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
لەلایەكی دیكەوە، بەشێك لە میدیا عێراقییەكان وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی عێراق، رەتیكردووەتەوە مووچەی مانگی ئایار بنێرێت و مەرجی ئەوەی داناوە كە پێویستە حكومەتی هەرێم كەمتر لە 70 ملیار نەنێرێت، لەو دۆخەشدا ئامادەیە وەك مانگی نیسان زیاتر لە 952 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بنێرێت.
هەرێم بەپێی كام یاسا داهات دەنێرێت؟
"سبەی" بۆ بەدواداچوونی زیاتر و دڵنیابوونەوە لەوەی كە ئایا بۆ ئەم مانگەش گرفت بۆ ناردنی مووچە دروست دەبێت یاخود دوادەكەوێت، قسەی لەگەڵ سەرچاوەیەكی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد، كە ئاگاداری گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدادە.
سەرچاوەكە وتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە راگەیاندووە، بەوەی لە 50% ی داهاتی ئیتیحادی و لە 50% ی داهاتی رەسمی گومرگی بەپێی یاسای ئیدارەی مالی و بڕیاری دادگای فیدراڵی دەنێرێت، بەڵام ئەوان یاسای ئیدارەی مالیی جێبەجێ ناكەن".
"داهاتی فیدراڵی و ناوخۆیی جیاوازن"
ئەو سەرچاوەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتیشی "بڕیاری دادگای فیدراڵ دەڵێت بەپێی یاسای ئیدارەی مالیی دەبێت هەرێم داهات بۆ بەغداد بنێرێت، ئێمە ساڵی 2021 یاسای ئیدارەی مالیمان خستە ناو یاسای بودجەی عێراق، كە ئەوەش داهاتی ئیتیحادی و داهاتی ناوخۆیی جیاكردووەتەوە، بەڵام بەغداد وەكخۆی جێبەجێی ناكات".
هەرێمی كوردستان ئەمرۆ لیستی مووچەی مانگی ئایاری ئامادەكردووە و رەوانەی بەغدادی دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە، هەشت رۆژ لەمەوبەر دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان لە هەرێمی كوردستان دوای دوو هەفتە لە دواكەوتنی دەستیپێكرد و بەچەند رۆژێك دابەشكرا.
رۆژی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (959) ملیار و (514) ملیۆن دیناری وەك شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خستەسەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی 22 ی نیسان هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسانی رەوانەی بەغداد كرد، بەڵام ناردنی پارەی مووچە لەلایەن بەغدادەوە دواكەوت بۆ رۆژی 13 ی ئایار.
راگەیاندنی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد
رۆژی سێـی شوباتی 2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دوای 15 رۆژ كاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەكنیكیەكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە تەكنیكیەكان و جێبەجێكردنی داواكاریەكان و ئامادەكردنی خشتەكان لەبارەی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەكان و سوودمەندانی چاودێری كۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.
دواتریش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەران راگەیاند و جەختیكردەوە "بەپێی رێككەوتنیان لەگەڵ بەغداد بۆ ساڵی 2025 كێشەی موچەخۆران چارەسەركرا و كۆتایی هات".