کورد بە پەرتەوازەیی دەچێتە بەغداد؛ هەوڵەکانى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بۆ هاوپەیمانى شکستیان هێنا

#هەڵبژاردن#ئۆپۆزسیۆن#پارتى#یەکێتى
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی ئەو خەمڵاندنانەى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن لەکۆبوونەوەکاندا خستبوویانەڕوو، لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەى پارتى و یەکێتى لەحاڵەتى پێکهێنانى هاوپەیمانیدا دەیانتوانى لەنێوان 15-17 کورسی پەرلەمانى داهاتووى عێراق بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا ئەگەر بەجیا بەشدارى بکەن 10-12 کورسی بەدەستدەهێنن.
Primary Asset

هەوڵى هەشت لایەنى هەرێمى کوردستان بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى بێ ئەنجام بوو

سبەى

لایەنە کوردییەکان هەریەکەیان بە جیا بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەکەن، دواى شکستهێنانى هەوڵەکانیان بۆ یەکلیستى و دروستکردنى هاوپەیمانى.

بەدرێژایی چەند مانگى رابردوو هەریەکە لە پارتى و یەکێتى، لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمى کوردستان لە هەوڵى پێکهێنانى چەند هاوپەیمانێتییەکى سەربەخۆدا بوون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، بەڵام وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان کۆتایی هات و هەوڵەکانیان سەرینەگرت.

بەپێی زانیارییەکانى سبەى، لەناو لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆندا هەوڵ بووە بۆ پێکهێنانى سێ هاوپەیمانى، یەکەمیان هاوپەیمانى فراوانى بەرەى خەڵک بەبەشدارى سەرجەم هێزەکان، دووەمیان هاوپەیمانى نێوان یەکگرتوو، کۆمەڵ و هەڵوێست و بزوتنەوەى پەیوەندى، سێیەمیان هاوپەیمانى نێوان کۆمەڵ و هەڵوێست و بزوتنەوەى پەیوەندى.

دوو سەرچاوەى بەشدار لە هەوڵى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ سبەى ئاماژەیان بەوەدا، هیچکام لەو هەوڵانە سەریان نەگرت، بەهۆى ئەوەى هەر لایەنە و داواى خۆى هەبووە، بەتایبەت هەندێ لایەن کە دەیانویست لایەنەکان لەدەورى کۆبنەوە و پشکى زۆرى هاوپەیمانێتییەکە بۆ ئەو بێت.

بەوتەى سەرچاوەکان، لەماوەى دوو رۆژى دانوستانەکاندا و بەهۆى دەستوەردان و هەندێ هەنگاوى هەڵەوە بێمتمانەیی لەنێوان لایەنەکان دروستبوو، بۆیە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى بەشێک لەلایەنەکان، یان هاوپەیمانى فراوان سەریان نەگرت.

سەرچاوەکان جەختیانکردەوە، پێکنەهێنانى هاوپەیمانێتى فراوانى ئۆپۆزسیۆن کاریگەرى لەسەر ژمارەى دەنگەکانیان دەبێت لە هەڵبژاردن، بەڵام تازە وادەکە کۆتایی هات و هیچ هاوپەیمانێتییەک پێکنەهێنرا.

بەپێی ئەو خەمڵاندنانەى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن لەکۆبوونەوەکاندا خستبوویانەڕوو، لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەى پارتى و یەکێتى لەحاڵەتى پێکهێنانى هاوپەیمانیدا دەیانتوانى لەنێوان 15-17 کورسی پەرلەمانى داهاتووى عێراق بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا ئەگەر بەجیا بەشدارى بکەن 10-12 کورسی بەدەستدەهێنن.

پێشتر یوسف محەمەد سادق سەرۆکى خولى پێشوترى پەرلەمانى کوردستان و یەکێک لەکەسایەتییە سەربەخۆکان کە هەوڵى پێکهێنانى هاوپەیمانى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى دەدا ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەگەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە پەرتەوازەیی بچنە هەڵبژاردنەوە تەنها لە هەولێر 72 هەزار و 550 دەنگ و لە سلێمانیش 50 هەزار دەنگ و لە دهۆکیش نزیکەى 20 هەزار دەنگى ناڕازیی دەفەوتێنن.

پێکنەهێنانى هاوپەیمانى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ هەڵبژاردن لەکاتێکدایە، هەوڵەکانى پارتى و یەکێتیش بۆ پێکهێنانى یەک لیستى شکستیهێناوە و هەریەکەیان بڕیاریانداوە بەجیا بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.

لەدوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، لایەنە کوردییەکان 63 کورسییان بەدەستهێنا، لەکاتێکدا لە خولى چوارەمى پەرلەمانى عێراق خاوەنى 58 کورسی بوون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی