مارکۆ روبیۆ
سبەی
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی كوردەوە چەند داواكارییەك ئاراستەی عێراق دەكات، دەشڵێت " ئۆتۆنۆمی كورد دەروازەیەكی گرنگی ئێمەیە بۆ عێراق".
ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند:"ئەو ئۆتۆنۆمییەی كە كورد لەو بەشەی وڵات هەیەتی دەروازەیەكی گرنگی ئێمەیە بۆ عێراق كە بەهۆیەوە گەشەی ئابورییان فەراهەم كردووە و سەركەوتووبوون، بەرپرسانی عێراق ویستی خۆیان پیشانداوە بۆ بوونی پەیوەندیی نزیك و باشتر لەگەڵ ئەمەریكا، ئێمەش بۆمان روون كردوونەتەوە كە چەقی ئەوە رێزگرتنە لەو كۆمپانیایانەی كە لەوێ كاردەكەن هەروەها رێزگرتن لەو ئۆتۆنۆمییەی كە كورد هەیەتی".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وتیشی "كاریگەری ئێران بەداخەوە لە هەندێك بوار لە زیادبووندایە و مەترسی بۆسەر ئەمەریكا دروست دەكەن، لەناویشیاندا میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران كە پێشتر لە دژی ئەمەریكا كاریان كردووە، هەروەها ئەوەشیان نیشانداوە كە لە داهاتوو بەردەوام دەبن، ئەوەش جێگەی قبوڵكردن نییە".
ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرێس، لە وەڵامی چەند پرسیارێك بوو لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، سەبارەت بەو دوو گرێبەستە ئاراستەی كرا، كە دوو كۆمپانیای ئەمەریكی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆیان كرد.
گرێبەستە نوێیەكان
حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممە 19ی ئایار واژۆكردنی گرێبەستی وزەی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی راگەیاند، بەمەبەستی پەرەپێدانی چەند كێڵگەیەكی گازی سروشتی و نەوت بەبەهای 110 ملیار دۆلار.
گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم تایبەتن بە كێڵگەكانی تۆپخانە و كوردەمیر لە سنوری گەرمیان لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیای وێسترین زاگرۆس، كێڵگەی غازی میران لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیای میران ئینێرجی كە لە كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن و گرووپی ئۆنێكس پێكهاتووە.
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە بەسەردانێك لە ئەمەریكایە رۆژی دووشەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو گرێبەستانە پێشتر هەبوون و تەنها كۆمپانیاكان گۆڕاون، هەروەها هاوشێوەی گرێبەستەكانی پێشوون كە گرێبەستی هاوبەشین.
وتیشی ئەو داهاتەی دیاریكراوە و لەسەر بنەمای نرخی ئەمڕۆ دیاریكراوە، گرێبەستەكان دەبنە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاردەهێنرێت لەگەڵ دابەشكردنی بەسەر ماڵاندا.
كەمال محەمەد باسی لەوەشكرد، بۆ واژۆكردنی گرێبەستەكان راوێژیان لەگەڵ عێراق نەكردووە و پێیانوانییە كێشەی لێبكەوێتەوە، بەو پێیەی بەشێك لەو كارەبایەی بە گازی سروشتی بەرهەمدەهێنرێت رەوانەی عێراق دەكرێت. جەختیشیكردەوە، ناكرێت بۆ هەموو شتێك بگەڕێنەوە بەغداد.
ناڕەزایی بەغداد
رۆژێك دوای واژۆكردنی گرێبەستەكان، وەزارەتی نەوتی عێراق لە رونكردنەوەیەكدا گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكانی میران و تۆپخانە - كوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی، بە پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی دانا و جەختیكردەوە، گرێبەستەكان بەپێی دەستووری عێراق و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، پووچەڵن.
جەختیشیكردووەتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق: سەرباری ئەوەی عێراق پێویستیی بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەكانی كارەبا، ئەو ڕێوشوێنانەی حكومەتی هەرێم گرتوونیەتیەبەر پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسای عێراقیین.
وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت، سامانی نەوت موڵكی گشت عێراقییەكانە و هەر ڕێوشوێنێك بۆ وەبەرهێنان لەم سامانەدا، دەبێت لە ڕێگەی حكومەتی فیدراڵییەوە بێت.
لەبەرانبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژی سێشەممە 20ی ئایار لە رونكردنەوەیەكدا كە دەست سبەی كەوتووە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی HKN و WesternZagros واژۆكراون، ڕێككەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵكو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە و تەنیا كۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەكان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێكارە یاسایی وگرێبەستییەكانی هاتوو لە ڕێكەوتننامەكان.
جەختیشیكردووەتەوە، هەردوو كۆمپانیا ئەمەریكییەكە، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. ئامانج لەو ڕێككەوتننامە و گرێبەستانە، پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادكردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەكانی عێراق .