سبەی
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لەبارەی هەوڵەکان بۆ نووسینەوەی دەستورێکی لە تورکیا ڕایگەیاند: "ئێمە ئەوەمان بۆ وڵاتەکەمان دەوێت، نەک بۆ خۆمان. من لە خەمی ئەوەدا نیم جارێکی دیکە خۆم کاندید بکەمەوە و خۆم هەڵببژێرمەوە".
لە کاتی گەڕانەوەی لە هەنگاریاوە بۆ تورکیا ئەردۆغان لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا و وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، پانتایییەکی فراوان بە ڕووی دەم پارتیشدا دەکاتەوە بۆ چالاکییە سیاسییەکانی، جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، هەسەدەیش دەگرێتەوە و دەڵێت: "چەند ڕۆژی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن. زۆر لە نزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەین کە یەپەگە تا چەند پابەند دەبێت بە بوون بە بەشێک لە سوپای نوێی سوریا. دوای چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی هۆڵ، گرنگی یەپەگە کەم دەبێتەوە و ئاسانتر تێکەڵی سوپای سوریا دەبێت".
لەبارەی پێویستی نووسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ تورکیا دوای تێپەڕینی 101 ساڵ بەسەر یەکەم دەستوری مەدەنی لە کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت: "تورکیا و جیهانیش دەگۆڕێن و ناکرێت هەر بەو دەستورە کۆنە بڕۆین، کە هەرچەند هەمواریش بکرێتەوە، هێشتا کاریگەری عەقڵییەتی کودەتاچییەکان بە دێڕەکانییەوە دیارن. 40 ساڵی ڕابردوو شاهیدی ئەوە دەدات کە چەند قورسە دەستورێک کودەتاچییەکان نووسیبێتیان لەگەڵ کۆمەڵگادا یەکانگیر ببێت. هۆکاری زۆربەی ئەو کێشانەی بە دەستیانەوە دەناڵێنن، ئەم دەستورەی کودەتاچییەکانە. بە درێژایی ژیانی سیاسیی خۆم هەمیشە بە پێویستم زانیووە دەستورێک بنوسرێتەوە کە مەدەنی، دیموکراسی و ئازادیخواز بێت".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە ئەوان لەپێناو تورکیا دەستورێکی نوێ دەنووسنەوە، نەک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە و هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرکۆماری تورکیا.
ئەردۆغان جەختی لەوەیش کردووە کە ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ چوار مادەی یەکەمی دەستوری تورکیادا نییە و زۆربەی پارتەکانی دیکەیش کێشەیان لەگەڵدا نییە، ئەوە لە کاتێکدایە زۆربەی چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە تاکوو چوار مادەی یەکەمی دەستوری تورکیا هەموار نەکرێنەوە، ئەوا لە ڕووی دەستورییەوە هیچ مافێک بۆ کورد دەستەبەر ناکرێت.
مادە نەگۆڕەکانی دەستوری تورکیا
لە مادەی یەکەمی دەستوری تورکیادا هاتووە، تورکیا دەوڵەتێکی کۆمارییە.
لە مادەی دووەمدا ئاماژە بەوە دراوە کە کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی یاسایی، کۆمەڵایەتی، عەلمانی، دیموکراسییە و پشت بەو بنەما سەرەکییانە دەبەستێت لە دیباجەی دەستوردا ئاماژەیان پێ دراوە و پابەندە بە هرزی نەتەوایەتی (تورکایەتی) ئەتاتورک، ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی تورکیا دابین دەکات.
لە مادەی سێیەمی دەستوردا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا بەشێکی دانەبراوە لە وڵات و گەلی تورک و زمانەکەیشی تورکییە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ڕەنگی ئاڵای تورکیا سورە و مانگ و ئەستێرە لەخۆ دەگرێت. سرودی نیشتمانیی "سرودی ئیستیقلال"ە و پایتەختی تورکیایش ئەنقەرەیە.
لە مادەی چوارەمی دەستوردا جەخت لەسەر مادەی یەکەم و دووەم و سێیەم کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە ناتواندرێت ئەو سێ مادەیە گۆڕانکارییان تیادا بکرێت و تەنانەت ناتواندرێت داوای هەموارکردنەوەی ئەو مادانەیش بکرێت.
سێ مادەی یەکەمی دەستوری تورکیا کە مادە نەگۆڕەکانی دەستورن، زۆرترین مشتومڕیان لەسەرە و جەخت لەوە دەکرێتەوە تا ئەو مادانە نەگۆڕدرێن، هەر گۆڕانکارییەکی دیکە لە دەستوری تورکیا بە سودی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان تەواو نابێت.
لە هیچ شوێنێکی دەستورەکەدا ئاماژە بە گەلی کورد و زمانی کوردی نەدراوە و تەنانەت کوردیش وەک "نەتەوەی تورک" پێناسە کراوە.