سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكاوە: دەمانەوێت نەوت و غازی زیاتر بەرهەم بهێنین

#هەرێم#بەغداد#غاز#نەوت#ئەمەریکا
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • مەسرور بارزانی لەمیانی بەشداریكردنی لە پانێڵێكدا لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمەریكا رایگەیاند:"گرێبەستە نەوتیی و گازییەكانمان تەواو یاسایین، بڕیارمانداوە پەرە بە كەرتی وزەی كوردستان بدەین، گرێبەستەكانی ئەمدواییەشمان لەو بوارەدا لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراقە".
Primary Asset

مەسرور بارزانیی

سبەی

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكاوە رایگەیاند "گرێبەستە نەوتیی و غازییەكانی هەرێمی كوردستان تەواو یاسایین".

مەسرور بارزانی لەمیانی بەشداریكردنی لە پانێڵێكدا لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمەریكا رایگەیاند:"گرێبەستە نەوتیی و غازییەكانمان تەواو یاسایین، بڕیارمانداوە پەرە بە كەرتی وزەی كوردستان بدەین، گرێبەستەكانی ئەمدواییەشمان لەو بوارەدا لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراقە".

وتیشی:"كەمیی سەرچاوەكانی وزە یەكێك بوو لە گرفتەكانمان، بۆیە دەمانەوێت نەوت و غازی زیاتر بەرهەم بهێنین".

"كاركردنی كۆمپانیا ئەمەریكیەكان لە هەرێمی كوردستان تەواو یاساییە، هەربۆیە دەمانەوێت عێراق رێز لە دەستور بگرێت، چونكە دەزانین كەموكوڕی لە پەیڕەوكردنی دەستوردا هەیە، ئەو گرێبەستانەی لە واشنتن كراون خزمەت بە كوردستان و عێراقیش دەكەن". سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای وت.

مەسرور بارزانی دەڵێت"لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناكییەوە كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هەموو كوردستان دابین دەكەین، تا كۆتایی ساڵی داهاتوو هەموو كوردستان دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەدرێژەی وتەكانیدا باسی لەوەشكرد، "كارەبای 24 كاتژمێری لەسەر هاووڵاتیانی كوردستان نرخێكی گونجاوی دەبێت و پێویستە باشترین خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیانمان دابین بكەین، هەروەها دەتوانین كارەبا بۆ عێراق و ناوچەكە دابین بكەین".

سەبارەت بە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی " كۆبوونەوەی زۆر باشمان كردووە و گوێمان لە پشتیوانی و پشتگیریی ئیدارەی ترەمپ بوو، ئەوان ئامادەن پشتگیریی هەم لەم گرێبەستانە هەم لە درێژەپێدانی ئەم پەیوەندییانە لە هەموو ئاستێكدا، پێویستمان بەوەیە كە زیاتر لە هەموو كاتێك یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن، ئێمە وەك هاوپەیمانێكی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریكا ئێستا ڕێزمان لێدەگیرێت و چاومان لەوەیە ئەو پەیوەندییانە بچنە قۆناغی باشتر و بەرزتر".

“پەرەپێدانی كەرتی وزە لە هەرێمی كوردستان كە بێگومان ئەنجامەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەبێت”

"ئێمە تەنیا بەرپرسین لەسەر ئەو بڕیارانەی كە ئێمە دەیدەین، ئێمە بڕیارمان داوە  بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە لە هەرێمی كوردستان كە بێگومان ئەنجامەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەبێت، خەڵكی تر چۆن لێكدانەوە بۆ پرسەكە دەكەن كەیفی خۆیانە بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەو گرێبەستانە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراقە". مەسرور بارزانی وای وت.

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، مەسرور بارزانی وتی "پێویستە هەموو لایەك بە حكومەتی عێراقیشەوە ڕۆڵی خۆیان بگێرن لە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان".

وتیشی "لە ڕۆژانی ڕابردوو دیداری گرنگمان هەبووە لەگەڵ بەرپرسانی گرنگی ئەمەریكا كۆبووینەتەوە و لە ڕۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەی دیكەی گرنگمان دەبێت، بە گرنگییەوە لە كۆبوونەوەكان دەڕوانین ئێمە خواستی بوونیادنانی  پەیوەندییەكی بەهێزمان هەیە". 

گڕێبەستی غاز

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 19ی ئایار واژۆکردنی گرێبەستی وزەی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی راگەیاند، بەمەبەستی پەرەپێدانی چەند کێڵگەیەکی گازی سروشتی و نەوت بەبەهای 110 ملیار دۆلار.

گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم تایبەتن بە کێڵگەکانی تۆپخانە و کوردەمیر لە سنوری گەرمیان لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و کۆمپانیای وێسترین زاگرۆس، کێڵگەی غازی میران لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای میران ئینێرجی کە لە کۆمپانیای ئێچ كه‌ی ئێن و گرووپی ئۆنێکس پێکهاتووە.

کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەسەردانێک لە ئەمەریکایە رۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو گرێبەستانە پێشتر هەبوون و تەنها کۆمپانیاکان گۆڕاون، هەروەها هاوشێوەی گرێبەستەکانی پێشوون کە گرێبەستی هاوبەشین.

وتیشی ئەو داهاتەی دیاریکراوە و لەسەر بنەمای نرخی ئەمڕۆ دیاریکراوە، گرێبەستەکان دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت لەگەڵ دابەشکردنی بەسەر ماڵاندا.

کەمال محەمەد باسی لەوەشکرد، بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکان راوێژیان لەگەڵ عێراق نەکردووە و پێیانوانییە کێشەی لێبکەوێتەوە، بەو پێیەی بەشێک لەو کارەبایەی بە گازی سروشتی بەرهەمدەهێنرێت رەوانەی عێراق دەکرێت. جەختیشیکردەوە، ناکرێت بۆ هەموو شتێک بگەڕێنەوە بەغداد.

ناڕەزایی بەغداد

رۆژێک دوای واژۆکردنی گرێبەستەکان، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق لە رونکردنەوەیەکدا گرێبه‌سته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌كانی میران و تۆپخانه‌ - كورده‌میر له‌ پارێزگای سلێمانی، بە پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی فیدراڵی دانا و جەختیکردەوە، گرێبه‌سته‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، پووچه‌ڵن.

جەختیشیکردووەتەوە، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق: سه‌رباری ئه‌وه‌ی عێراق پێویستیی به‌ زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتییه‌ بۆ به‌گه‌ڕخستنی وێستگه‌كانی كاره‌با، ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم گرتوونیه‌تیه‌به‌ر پێشێلكارییه‌كی ڕوونی یاسای عێراقیین.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق دەشڵێت، سامانی نه‌وت موڵكی گشت عێراقییه‌كانه‌ و هه‌ر ڕێوشوێنێك بۆ وه‌به‌رهێنان له‌م سامانه‌دا، ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ بێت.

لەبەرانبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 20ی ئایار لە رونکردنەوەیەکدا کە دەست سبەی کەوتووە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros واژۆکراون، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان.

جەختیشیکردووەتەوە، هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و  گرێبەستانە، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق .

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی