مەسعود بارزانی پێشوازی لە مایک پۆمپیۆ دەکات، کە ساڵی 2019. وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە
سبەی
وەزیری پێشووی دەرەوە و بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا و کەسایەتی نزیک لە ئیدارەی ترەمپ، لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمەریکی پەسنی هەرێمی کوردستان دەکات و بە هاوپەیمانی نزیکی ئەمەریکا ناویان دەهێنێت.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە لە کابینەی پێشووی ئەمەریکا لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمەریکی نوسیویەتی: "کوردەکان سەلماندوویانە کە یەکێکن لە متمانەپێکراوترین هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تائێستا خاوەنی دەوڵەت نین".
سەبارەت بە جیاوازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەت و گرووپەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پۆمپیۆ نوسیویەتی: "حکومەتەکانی دیکە هاوڕێیەتییەکی بەرژەوەندیخوازانە پێشکەش بە ئەمەریکا دەکەن، بەڵام کوردەکان پیشانی دەدەن لە رێگەی کردارەکانیان و قوربانییەکانیان هاوڕێیەتییەکی راستگۆیانەی ئەمەریکا دەکەن"، وەزیری پێشووی دەرەوە زیاتر دەڵێت: "چی لەوە زیاتر، کوردەکان رێگەرییەکی گەورەن دژی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، هەروەها لە دژی عێراقن کە بووە بە داردەستی ئێران".
بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا سەبارەت ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداد نوسیویەتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمڕانییەکی کاریگەر و باش دەکات بە هێنانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و ئابوورییەکی کارا، ئەوەش سەرەڕای رێگرییەکانی بەغداد".
سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی پۆمپیۆ نوسیویەتی: "کۆمەڵگەی کوردی دیدگای دژە ئەمەریکا و دژە سامی (جوو) رەتدەکەنەوە، کە ئەو دیدگایانە بەشێکی زۆری رۆهەژڵاتی ناوەڕاستی ژەهراوی کردووە".
نوسیویشیەتی:" بۆ ماوەکی زۆرە، ئەمەریکا ستراتیژی پشتیوانی لە کوردەکانی پشتگویخستووە، ئەوەش لە ترسی وڵاتانی دیکەی وەک ئێران و تورکیا. لەم قۆناغەدا کە ئەمەریکا بە بەهێزی هاتووەتەوە بۆ رۆژەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە کورد بخاتە ناو ستراتیژی خۆیەوە لە ناوچەکە".
بۆ بەدیهێنانی ئەو ستراتیژییە، مایک پۆمپیۆ نوسیویەتی: "سەرەتا ئەمەریکا دەبێت بە هێز دژی هەر هەوڵێکی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بوەستێتەوە"، دەشڵێت: "کاتێک سوپای پاسداران هیرشی موشەکی کردە سەر ناوچە کوردییەکان، پێویستبوو واشنتن وەڵامی هەبێت بۆ ئێران"، نوسیویشیەتی: "ئەمەریکا دەبێت ژمارەیەک هێڵی سووری هەبێت دژی دژەبەرەکانی هەرێمی کوردستان لەپێناو پاراستنی هاوپەیمانەکان لەهەر مامەڵەیەکی خراپ".
سەبارەت بە ئیکۆسایدی بەغداد، تاران و ئەنقەرە دژی هەولێر، پۆمپیۆ نوسیویەتی: "ئەمەریکا دەبێت هەولێر بپارێرێزێت لەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت ئابووری کوردستان پەکبخەن"، زیاتر دەڵێت: "بەغداد بەردەوام بودجەی هەرێم رادەگرێت و رێگریی دەکات لە هەناردەی نەوت، ئەوە تاکتیکێکە کە تاران داڕێژەریەتی لەپێناو ناچارکردنی هەولێر بۆ داواکارییەکانی تاران".
سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان و ریفراندۆمی سەربەخۆیی پۆمپیۆ نوسیویەتی: "ئەمەریکا پێویستە رێز لە شەرعیەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017 بگرێت کە 93%ـی خەڵکی کوردستان خواستی خۆیان بۆ سەربەخۆیی دەربڕی"، وەزیرەکەی کابینەی پێشووی ئەمەریكا بەردەوام دەبێت: "لەو کاتەدا ئەمەریکا پشتیوانی سەقامگیری درۆینە و دەستکردی عێراقی کرد دژی خواستەکانی کورد، ئەوەش هەڵەیەک بوو، ئێستا پێویستە راستی بکەینەوە".
هەر سەبارەت بە ریفراندەم پۆمپیۆ نوسیویەتی: "داننان بە رەوایەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە پشتیوانیکردن لە ئۆتۆنۆمی کورد بە واتای رێزگرتنە لە ئیرادەی دیموکراسی گەلێک کە مافی دیاریکردنی داهاتووی خۆیان بەدەستهێناوە".
لە کۆتایی وتارەکەشیدا پۆمپیۆ نوسیویەتی: "ئەمەریکا پێویستە لەگەڵ کوردەکان بە ئاشتییانە کار بکات و دانوستان بكات بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمییەکی گەورەتر و سەربەخۆیی کوردستان".