وەزارەتی پەروەردە: ناوی یەکەمەکان راناگەیەندرێت هیچ کۆنگرەی رۆژنامەوانی مەراسیمێک رێکناخرێت

#یەکەمەکان#12ـی ئامادەیی#مەراسیم#خەڵاتکردن
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەک بڕیاری سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەرکرد و لەمەودوا ناوی یەکەمەکان راناگەیەندرێت و هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و مەراسیمێک و خەڵاتکردنێک ئەنجام نادرێت.
Primary Asset

مەراسیمی خەڵاتکردنی یەکەمەکان- ئەرشیف

سبەی

وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەک بڕیاری سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەرکرد و لەمەودوا ناوی یەکەمەکان راناگەیەندرێت و هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و مەراسیمێک و خەڵاتکردنێک ئەنجام نادرێت.

بڕیارەکە لەلایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی ئایاری 2025) دەرچووە و ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەدەکان کراوە و تیایدا هاتووە: لەبەر بەرژەوەندی گشتی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بریاریانداوە، بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە هیچ جۆرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام نادەن، وەزارەت بە رێگای دیجیتاڵی نمرەی قوتابیان و خوێندکاران رادەگەیەنن. هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی ئاستەکەکان (یەکەم، دووەم و سێیەم) و هیچ پلەبەندییەک راناگەیەندرێت و سەرجەم پەروەدە گشتییەکان و پەروەردەی قەزاکان و قوتابخانە و خوێندنگاکان پابەندی بڕیارەکە دەبن.

وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە، کە وەزارەت و دام و دەزگا پەروەردەییەکان لە پەروەردەی گشتی و پەروەردەی قەزاکان هیچ جۆرە مەراسیمێکی خەڵاتکردن ئەنجام نادەن و ئامادەشی نابن. هەر سەرپێچیکردنێک روبدات رێکاری کارگێڕی و یاسایی پێویست دەگیرێتەبەر.

لە خاڵێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە: بنەمای هەڵسەنگاندن دەگۆڕێت بۆ شێوازێکی زانستیانەتر لەسەر بنەمای رێژە و تێکڕای نمرەی دەرچوونی قوتابیان و خوێندکارانی هەر قوتابخانەیەک لە پاش راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم، نمرەکان دەبێتە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستی قوتابخانە و خوێندنگە، پاشان ئەنجامەکان بۆ پەروەردەی گشتی و پەروەردەی قەزا و قوتابخانە و خوێندنگاکان دەنێردرێت. نمرەی پێوانەیی و تێکڕای ژمێرەیی هەر بابەتێک لە بابەتەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە لە پاش تەواو بوونی خولی دوەم دەبێتە بنەمای هەڵسەنگاندنی مامۆستای هەر بابەتێک.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو، دوای ئەنجامدانی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی وەزارەتی پەروەردە مەراسێمێکی رێکدەخست و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوی 10 یەکەمەکەی سەر ئاستی سەرجەم بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و بەشەکانی دیکەی رادەگەیاند و دواتر لەسەر ئاستی سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی حکومی و حیزبی مەراسیمی رێزلێنان و خەڵاتکردن ئەنجامدەدرا. دواتر میدیاکان بەرنامەی راستەوخۆ و چیرۆکی ژیان و چۆنیەتی کۆشش و زانیارییان لەسەر یەکەمەکان بڵاودەکردەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی