دواى نزیکەى شەش مانگ دانوستان پارتى و یەکێتى لەسەر پێکهێنانى حکومەت رێکنەکەوتوون
سبەى
پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە هەشت پۆستى باڵاى کابینەى داهاتوو، لەسەر دابەشکردنى دوو پۆستیان هاوڕان و لەسەر ئەوانەى دیکە ناکۆکن، ئەوەش دانوستانەکانى خستووەتە قۆناغێکى نوێوە.
رۆژى 21 ى ئایار، دواى زیاتر لە 20 رۆژ لە وەستانى دانوستانەکانیان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، هەردوو شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە.
سەرچاوەیەکى باڵا لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ سبەى ئاشکرایکرد، لەدوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتى شاندى یەکێتى جەختى لە وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى هەرێم و وەزارەتى ناوخۆ کردووەتەوە، کاتێک گفتوگۆکانى هەردوولا لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان دەستیپێکردووە.
ئەو دوو پۆستە بەشێکن لەو پۆستانەى کە پارتى جەخت لە مانەوەیان لە دەستى خۆیدا دەکاتەوە و لە دانوستانەکاندا ئامادەنەبووە سازشیان لەسەر بکات.
جگە لەو دوو پۆستە یەکێتى داوایکردووە پۆستى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى پێبدرێت و لەبەرانبەردا پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و جێگرى سەرۆکى هەرێم بۆ پارتى بێت، بەڵام پارتى بەوە رازى نییە.
جگە لەو پۆستانە، دوو پۆستى دیکەى باڵا کە پێکهاتوون لە پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و راوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایش ماونەتەوە و هێشتا پارتى و یەکێتى بەتەواوى لەسەریان رێکنەکەوتوون.
بەو پێیەش، هەردوو حزب تا ئێستا تەنها لەسەر پۆستەکانى سەرۆکى حکومەت بۆ مەسرور بارزانى و جێگرى سەرۆکى حکومەت رێککەوتوون بە دەسەڵاتى زیاترەوە کە پێدەچێت لەدەستى قوباد تاڵەبانیدا بمێنێتەوە.
ناکۆکییەکانى یەکێتى و پارتى لەسەر ئەو پۆستانە بەتایبەتى پۆستى سەرۆکى هەرێم چارەنوسى پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراقى بەنادیارى هێشتووەتەوە کە ماوەى 20 ساڵە لەلاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە لەبەرانبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێم بە پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى نێوانیان لە ساڵى 2005 کە دواتر بووە بناغەى رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
سەعدى ئەحمەد پیرە وتەبێژى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، گفتوگۆ لەسەر پۆستەکان هەیە بەڵام نەگەیشتووەتە ئەوەى کام لایەنە داواى کام پۆست دەکات، بەبێ ئەوەى رەتیبکاتەوە یان پشتڕاستى بکاتەوە کە داواى پۆستى سەرۆکى هەرێمیان کردووە یاخود نا.
وتیشى کۆبوونەوەى دیکە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دەکرێت، بەڵام وادەى دیارینەکراوە.
بەردەوامى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر پێکهێنانى حکومەت لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کەمتر لە 6 مانگى دیکە بەڕێوەدەچێت و هەردوو حزب لە دانوستانەکانیان بۆ پێکهێنانى یەک لیستى شکستیان هێنا.
وتەبێژى یەکێتى هیواى خواست پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ کابینەى نوێ پێکبهێنرێت، بەبێ ئەوەى دڵنیایی تەواو بدات لەو بارەیەوە، ئەوەش بەهۆى بەردەوامى دانوستانەکانەوە کە نزیکەى 6 مانگە بەردەوامن.
بەردەوامى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى، دواى حەوت مانگ لە هەڵبژاردن چارەنوسى پێکهێنانى کابینەى نوێى بەنادیارى هێشتووەتەوە، سەربارى پەکخستنى پەرلەمانى نوێ بۆ ماوەى زیاتر لە پێنج مانگ، لەکاتێکدا هەردوو حزب دوو مانگ لەمەوبەر گەیشتنە رێککەوتن لەسەر رەشنوسى پێکهێنانى کابینەکە.
مەیادە نەجار پەرلەمانتارى پێشووى پارتى لە پەرلەمانى عێراق جەختدەکاتەوە، پۆستەکانى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت پشکى پارتین و بۆ ئەوان یەکلا بوونەتەوە، پۆستى سەرۆکى پەرلەمانیش بۆ یەکێتى دەبێت.
لەدوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پارتى 39 کورسی بەدەستهێنا لەبەرانبەر 23 کورسی بۆ یەکێتى و هیچ لایەکیان بەتەنها ناتوانن حکومەت پێکبهێنن.
لەپێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بەرپرسانی یەکێتی جەخت لە "گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز و شەراکەت" دەکەنەوە، بەرپرسانی پارتیش جەخت لە پێکهێنانی "حکومەتێکی بەهێز" لەسەر بنەماى یەک حکومەت و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان دەکەنەوە.
لە ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بەدەستھێنا و بەھاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کە 12 کورسی پەرلەمانی هەبوو، هەروەها سۆسیالست و پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمیان پێکھێنا، پۆستی سەرۆک وەزیران لەلای پارتی و جێگری سەرۆک وەزیران لای یەکێتی بوو، ھەروەھا نۆ وەزارەت لای پارتی، پێنج وەزارەت یەکێتی و چوار وەزارەتیش لای بزووتنەوەی گۆڕان بوون، مەسیحییەکان و سۆسیالستیش هەریەکە و وەزارەتێکیان بەرکەوتبوو.
ھەر لە کابینەی نۆیەمدا سێ پۆستی وەزیری ھەرێم ھەبوون، کە بریتیی بوون لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ یەکێتی، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بۆ پارتی، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان درایە بەرەی تورکمانی.