"پاشای دارستان" لەقەفەزی ماڵاندا؛ بەخێوكردنی شێر لە عێراق زیادیكردووە

#شێر#پڵنگ#عێراق
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • زۆرێك بۆ خۆدەرخستن و بەشێكیش بۆ پیشاندانی هێز، كەوتوونەتە بەخێوكردنی شێر و پڵنگ و بەشێك لە ئاژەڵە دڕندە و كێوییەكانی دیكە، بەشێكیان بە بەچكەیی دەیكڕن و بەشێكیشیان بە گەورەیی، هەرچەندە بەوتەی پسپۆڕانی ئاژەڵ ئەو كارە مەترسیەكی زۆری هەیە.
Primary Asset

بەچکە شێرێک لە یەکێک لە ماڵەکانی عێراق

سبەی

هەموومان كاتێك باسی شێر و پڵنگ دەكرێت بیرمان لای ئاژەڵێكی كێوی بەهێز و دڕندەیە، بەڵام لە عێراق خەریكە سروشتی ژیانی ئەو ئاژەڵەش دەگۆڕدرێت و لەبری ژینگەی تایبەتی خۆیان دەبرێنە ماڵ و باخ و كێڵگە تایبەتەكانەوە.

زۆرێك بۆ خۆدەرخستن و بەشێكیش بۆ پیشاندانی هێز، كەوتوونەتە بەخێوكردنی شێر و پڵنگ و بەشێك لە ئاژەڵە دڕندە و كێوییەكانی دیكە، بەشێكیان بە بەچكەیی دەیكڕن و بەشێكیشیان بە گەورەیی، هەرچەندە بەوتەی پسپۆڕانی ئاژەڵ ئەو كارە مەترسیەكی زۆری هەیە.

یەكێك لە فرۆشیارانی ئاژەڵە دڕندە و كێوییەكان لە بەغداد بەناوی عەباس خالیدی، بۆ یەكێك لە میدیاكانی عێراق قسەیكردووە و دەڵێت: لەم چەند ساڵەی دواییدا بەخێوكردنی شێر و پڵنگ و ئاژەڵە دڕندەكان لە عێراق زیادیكردووە، زۆربەی كڕیارەكانم خاوەن باخ و ئەو كەسایەتیانەن كە حەزیان بە دەرخستنی هێز و دەسەڵات هەیە، ئێمەش بەچكەی ئەو ئاژەڵانە بە تەمەنێكی كەمەوە دەهێنین و بەشێوەیەكی تایبەت لەگەڵ رێنمایی بۆ بەخێوكردنیان رادەستیان دەكەین".

بەوتەی ئەو فرۆشیارە: نرخی ئاژەڵەكان بەپێی جۆر و تەمەنیان دەگۆڕێت، بۆ نمونە نرخی بەچكە شیرێك یاخود پڵنگێكی كێوی لەنێوان دوو بۆ چوار هەزار دۆلاری ئەمەریكیدایە، زۆربەی كاتیش بە رێگەی نافەرمی دەهێنرێنە عێراق، لە سوریا و ئێران و وڵاتانی دیكەوە، لەو دەروازە سنوریانەی كەمتر لەژێر چاودێریدان".

هەرچەندە دەستخستنی ئەم ئاژەڵانە قورسە و بۆ ئەوەی ببرێنە ماڵەكان راهێنانیان پێدەكرێت، چونكە ئەو ئاژەڵانە غەریزە "رەمك" ی كێوی و دڕندانەی خۆیان دەپارێزن تەنانەت لەناو ماڵەكانیشدا.

لە رووداوێكی كارەساتاویدا لە پارێزگای نەجەف، لە هەشتی ئەم مانگە، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیی، شێرێك پەلاماری خاوەنەكەیدا و  بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، تا دواجار دراوسێی قوربانییەكە دەستێوەردانی كرد و بە حەوت فیشەك شێرەكەی كوشت.

یاسر مەحمود، پزیشكی ڤێتێرنەرییە لە كەركوك، ئەو دەڵێت "ئەو رووداوانە سەیر نین، شێر و پڵنگەكان لەسەرەتادا رامكراو و ماڵی دەركەون، بەڵام غەریزەكانیان بەتەواوەتی كۆنترۆڵ ناكرێت، هەر ساتێكی برسێتی و توڕەیی دەكرێت كارەسات بنێنەوە".

سەرەڕای بوونی یاسایەكی روون، بەڵام نەبوونی چاودێری چڕ و بوونی بازاڕی رەش، وایكردووە ئەم دیاردەیە لە عێراق سەرهەڵبدات و بەرەو زیاتربوون بچێت، ئێستا بووەتە جۆرە بازرگانییەك و بەچكەی ئاژەڵە دڕندەكان بە نرخێكی زۆر مامەڵەیان پێوەدەكرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی