نەخشەى هاوپەیمانێتییەکان مەترسی گەڕانەوەى "هاوپەیمانى سێ قۆڵى و سێیەکى پەکخەر" دەگەڕێنێتەوە

#عێراق#هەڵبژاردن
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سیاسەتمەدارێکى شیعە پێشبینی دەکات "شێوەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی" لەگەڵ دابەشبوونى "چوارچێوەى هەماهەنگى" سەرهەڵبدات و دوای دەرکەوتنى ئەنجامى هەڵبژاردن سەبارەت بە پۆستی سەرۆک وەزیران قەیرانێک سەرهەڵبدات و رەنگە سودانی بەرەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانى کوردستان و لایەنە سوننەکانى نەیارى محەمەد حەلبوسی پێکبهێنێت.
Primary Asset

سبەى

لایەنە شیعەکان ترسیان هەیە لە سەرهەڵدانی "هاوپەیمانییەکی نوێی سێ قۆڵی" کە سێ لایەنى (شیعە، سوننە و کورد) کۆبکاتەوە و سیناریۆی دوای هەڵبژاردنەکانی 2021 دووبارە بکاتەوە و لەئەگەرى لەو شێوەیەشدا پێدەچێت بە پێکهێنانى "سێیەکى پەکخەر" وەڵامی بداتەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، نەخشەى هاوپەیمانێتییەکان دەرکەوتوون و چوارچێوەى هەماهەنگى شیعە روبەڕووى دابەش بوون بووەتەوە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ڕاگەیاندنی پێکهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی هەڵبژاردن لایەنەکانى دیکەى ناو چوارچێوەى روبەڕووى دۆخێکى سەخت کردووەتەوە،

سیاسەتمەدارێکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەى مەداى عێراقى راگەیاند، هاوپەیمانی شیعە، هەر زوو هەوڵیدا هەر مەترسییەک تێپەڕێنێت سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی "هاوپەیمانی سێ قۆڵی" کە بۆ یەکەمجار لە مانگی ئازاری 2022 سەریهەڵدا و لە هاوینی ئەو ساڵەدا و لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز بە شەڕێکى خوێناوی کۆتایی هات.

ئەو سیاسەتمەدارە دوو پێشنیازی ئاشکرا کرد کە لەم دواییانەدا لەناو لایەنە شیعەکان خراونەتەڕوو، کە یەکەمیان بریتییە لە مانەوەى پێکهاتەکانی ئێستای "چوارچێوەی هەماهەنگی" وەک خۆیان دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، رێککەوتن لەسەر شێوەی حکومەتی داهاتوو.

پێشنیازى دووەم بەوتەى ئەو سیاسەتمەدارە بریتییە لە، مانەوەى پێکهاتەی ئێستا لەدەسەڵات لە دوای هەڵبژاردن. بەشێوەیەک محەمەد شیاع سودانی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و "چوارچێوەش" هاوپەیمانی دەسەڵاتدار بێت.

هیچ کام لە پێشنیازەکان پشتیوانی هەموو لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی شیعەیان بەدەستنەهێناوە، بە وتەی ئەو سیاسەتمەدارە شیعەیە، دەشڵێت، "بڕیاری هاوپەیمانی بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکان بە تەنیا رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانى هاوپەیمانییەکی سێ قۆڵی نوێ".

ئەو سیاسەتمەدارە پێشبینی دەکات "شێوەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی" لەگەڵ دابەشبوونى "چوارچێوەى هەماهەنگى" سەرهەڵبدات و دوای دەرکەوتنى ئەنجامى هەڵبژاردن سەبارەت بە پۆستی سەرۆک وەزیران قەیرانێک سەرهەڵبدات و رەنگە سودانی بەرەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانى کوردستان و لایەنە سوننەکانى نەیارى محەمەد حەلبوسی پێکبهێنێت.

پارتەکەی حەلبوسی، "تەقەدوم" بڕیاریداوە بەتەنها بچێتە هەڵبژاردنەوە، لەبەرانبەردا هاوپەیمانى عەزم هەیە کە لەلایەن  موسەننا سامەرائی نەیارى حەلبوسى و نزیک لە سودانییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.

هەروەها پێدەچێت مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان سەرکردایەتی هاوپەیمانى کەسایەتییە سوننەکان بکات و دوای ئەنجامەکان لە سودانی نزیک بێتەوە.

لەبەرامبەردا، بەپێی خەمڵاندنە شیعیەکان، سەرۆک وەزیران دەیەوێت لانیکەم بەبەدەستهێنانى 50 کورسی ببێتە "سەرکردەیەکی سیاسی دیار" لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا.

بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆن، ژمارەی ئەو لایەنانەی خواستى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە، 118 لایەنە. ئەوەش زیاترە لە ژمارەی حزبەکان (لە دەرەوەی هاوپەیمانی) لە ساڵی 2021 کە 109 حزب بوون، هەرچەندە هەڵبژاردن بە سیستمى فرە بازنەیی بەڕێوەچوو.

هەروەها کۆمسیۆن دەڵێت، 25 هاوپەیمانی خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە، 11 هاوپەیمانی تریش هێشتا چاوەڕێی پەسەندکردن، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو، 21 هاوپەیمانی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو.

موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدری ساڵی 2022 دەستەواژەی "هاوپەیمانی سێ قۆڵی"ی داهێنا، کاتێک لەگەڵ مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی هاوپەیمانى راگەیاند. لە بەرامبەردا بەرەی نەیار بە "سێیەکى پەکخەر" وەڵامی دایەوە.

بەپێی سەرچاوەکانى ناو چوارچێوە، ڕەنگە "سێیەکى پەکخەر" وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەر هاوپەیمانییەکی "سێ قۆڵى یان چوارقۆڵی" دەربکەوێتەوە کە بیەوێت "چوارچێوەی هەماهەنگی" لە دەسەڵات دوور بخاتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی