دەم پارتی بۆ گەورە ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان: ڕاست دەکەی دەمیرتاش زیندانی سیاسیی نییە، سیاسییەکی بەبارمتەگیراوە

#زیندانیی سیاسی#تورکیا#کورد
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • دوای ئەوەی محەمەد ئوچوم، گەورەڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە لە تورکیا هیچ کەسێک لەسەر سیاسەت زیندانی نەکراوە و کەس زیندانی سیاسیی نییە، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند: "خۆی بە لایەکدا ڕاست دەکات، دەبێت بڵێین سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ زیندانی سیاسی نین، بەڵکوو ئەوان سیاسی بە بارمتە گیراون".
Primary Asset

سبەی

دوای ئەوەی محەمەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە لە تورکیا هیچ کەسێک لەسەر سیاسەت زیندانی نەکراوە و کەس زیندانی سیاسیی نییە، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند: "خۆی بە لایەکدا ڕاست دەکات، دەبێت بڵێین سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ زیندانی سیاسی نین، بەڵکوو ئەوان سیاسی بەبارمتەگیراون".

گەورە ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هۆشداری دا لەوەی کە ئەو زمانەی بەکاردەهێنرێت زۆر کاریگەری دەکاتەسەر ئەو پرۆسە نوێیەی بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری پەکەکە دەستیپێکردووە.

ئوچوم لە پەیامەکەیدا کاردانەوەی توندی نیشان دا لەبارەی بەکارهێنانی دەستەواژەی "زیندانی سیاسی" و نووسیوویەتی: "لە تورکیا هیچ زیندانییەک سیاسی نییە. ناتوانن تاوانبار بە بێتاوان نیشان بدەن. ناتوانن ئەوەی گەندەڵی کردبێت بیکەن بە قارەمان و ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ تیرۆر 'پەکەکە' کردبێت بیکەن بە ستەملێکراو".

لە بەرامبەردا تونجەر باکرهان ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئایاری 2025 لە کۆبوونەوەی ئیدارە خۆجێیە دیموکراتییەکان لە ئامەد (دیاربەکر) بە توندی وەڵامی ئوچومی دایەوە و گوتی: "وەک دەبینن کەسانێکی بچوک و لاواز زمانێکی هەراسانکەر بەکاردەهێنن. ئەوان بە جۆرێک قسە دەکەن وەک ئەوەی لە تورکیا یاسا سەروەر بێت و خەڵک بەهۆی جیاوازی بیروڕاوە زیندانی نەکرێت. خۆی بە لایەکدا ڕاست دەکات، دەبێت بڵێین سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ زیندانی سیاسی نین، بەڵکوو ئەوان سیاسی بەبارمتەگیراون".

ئەو قسانەی محەمەد ئوچوم لە کاتێکدایە لە دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمووزی 2016ەوە زیندانەکانی تورکیا پڕکراون لەو کەسایەتییە سیاسییانەی بە سیاسەتی سەرکوتکاری، تاکڕاوی و خۆسەپێنی ئەردۆغان و پارتەکەی ڕازی نین.

سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کە زیاتر لە هەشت ساڵە زیندانی کراون و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە لە 19ی ئادارەوە دەستگیر کرا و دواتر خرایە زیندان، لە دیارترین نمونەکانی زیندانییانی سیاسین لە تورکیا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی