سبەی
بەهۆی گێچەڵی سێکسی و هەراسانکردنی دوو خوێندكاری خۆی، مامۆستایەک لە شارۆچکەی پانۆس لە پارێزگای ئاگری کە پێشتر وەک "مامۆستای ساڵ" هەڵبژێردراوە و ڕێزی لێنراوە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
لە 2019 موراد ئارسڵان مامۆستای ئامادەیی تۆمەتبار کرا بەوەی کە دەستدرێژی کردووەتەسەر دوو خوێندكاری خۆی، دادگای ژمارە یەک سکاڵای لەسەر ئامادە کرد و داوای کرد ناوبراو بە 33 ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێت.
دوای خایاندنی ماوەیەکی زۆری دادگاییکردنەکە، بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرکرا. بەڵام دادگای باڵای تورکیا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و دیسانەوە دۆسیەکەی بۆ دادگای ژمارە یەک ڕەوانە کردەوە.
دادگای سزا قورسەکانی پانوس'یش بڕیاری دا تۆمەتبار بە تێکڕایی بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا بدات.
دادگا بڕیاری دا کە تاوانەکانی ئەو مامۆستایە "لەناکاو و کورتمەودا بوون" و "بە تەواوی ئەنجامی نەداون"، بۆیە لە خانەی گێچەڵی سێکسیدا پۆلین دەکرێن، نەک دەستدرێژی سێکسی.
بەهۆی ئەوەی موراد ئارسڵان لە کاتی مامۆستایەتیدا ئەو کارەی کردووە، دادگا بڕیاریشی دا بۆ ماوەی سێ ساڵ و نۆ مانگ لە مامۆستایەتی دوور بخرێتەوە.
بەڵام لای خۆیەوە ئەو مامۆستایە تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
کەناڵی هاڵک تی ڤی بڵاوی کردووەتەوە ئەو مامۆستایە لە بەرپرسانی سەندیکای یەکێتیی پەروەردەکارانەوە نزیکە و بەهۆی بەکارهێنانی هەژموونی ئەوانیشەوە پێشتر دۆسیەکەی داخراوە.
ئەو مامۆستا تۆمەتبارە لە 2010 وەک "مامۆستای ساڵ" هەڵبژێردراوە لەلایەن هەمان سەندیکاوە.