سبەی
دادگای باڵای تورکیا ڕەزامەندی لەسەر داواکاری ژنێک دەربڕی، کە بەهۆی ئەوەی شوێنی کارکردنی هاوسەرەکەی نەزانیووە داوای کردووە لێی جیاببێتەوە.
ماڵپەڕی ئێن تی ڤی بڵایکردەوە، هۆبەی دووەمی فەرمانگەی یاسایی دادگای باڵای تورکیا ڕەزامەندی لەسەر داواکاری ئەو ژنە داوە کە بەهۆی نەزانینی شوێنی کارکردنی، گرنگینەدان پێی و وەڵامنەدانەوەی تەلەفۆنەوە، داوای کردووە لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە و هاوسەرەکەیش پابەند دەکات بە دابینکردنی بژێوی ژیان و قەرەبووکردنەوەی ماددی ژنەکەی.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵا ژنێک لە ئەنتاڵیا بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی گرنگی بە ئەو و منداڵەکەی نەداوە، لەگەڵی نەنوستووە، بەبێ پرسی ئەو گەشتی کردووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بلۆکی کردووە و لەلایەن کەسوکاری هاوسەرەکەیەوە پشتگوێخراوە، داواکارییەکەی پێشکەش کردووە و داوا دەکات لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە.
لە بڕیارەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە وێڕای ئەوەی هاوسەری ئەو ژنە لەو داواکارییە ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام هەر ئامادە نەبووە وەڵامیشی بداتەوە، بۆیەیش دادگای باڵای تورکیا ڕەزامەندی لەسەر بڕیارەکەی هۆبەی هەشتی دادگای خێزانی ئەنتاڵیا داوە، کە بە پاساوی "کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن" ماف بە ژنەکە دەدات لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە و هاوسەرەکەش پابەند دەکات بە دابینکردنی بژێوی ژیان و قەرەبووکردنەوەی مادی ژنەکەی.
بەم جۆرەیش ناتوانرێت تانە لە بڕیارەکەی هۆبەی هەشتی دادگای خێزانی ئەنتاڵیا بدرێت و دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.