سبه‌ی
به فۆتۆستۆرییه‌كی تایبه‌ت به ژیانی كۆڵبه‌ران و كۆژانی هاوڵاتییانی نیشته‌جێی سه‌ر سنووره‌كانی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان، ئیبراهیم عەلیپوور فۆتۆگرافه‌ری ناوداری كورد، خه‌ڵاتی "وۆرڵد پرێس فۆتۆ"ی به‌ده‌ستهێنا كه به گەورەترین خەڵاتی بواری فۆتۆگرافی داده‌نرێت.
ئیبراهیم عەلیپوور فۆتۆگرافه‌ری خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگی دیكه‌ی به‌دستهێناوه، له‌گه‌ڵ ناردنی به‌شێك له وێنه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانیاندا بۆ "سبه‌ی"، باسی گرنگیی خه‌ڵاتی وۆرڵد پرێس و چۆنێتیی به‌ده‌ستهێنانی كرد و ڕایگه‌یاند، "له خولی 70ـیه‌مین ساڵی به‌خشینی خه‌ڵاتی وۆرڵد پرێس فۆتۆدا كه گرنگترین خه‌ڵاتی بواری وێنه و فۆتۆجۆرنالیزمه له جیهاندا، فۆتۆستۆرییه‌كی من له‌نێو 25 هه‌زار و 800 وێنه كه له زیاتر له 144 وڵاتی جیهانه‌وه به‌شداربوون، بووه براوه‌ی خه‌ڵاته‌كه".
فۆتۆستۆرییه‌كه‌ی ئیبراهیم عەلیپوور نزیكه‌ی 30 وێنه‌ی له‌خۆیگرتووه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی كۆڵبه‌ره‌كان و دانیشتووانی ناوچه سنوورییه‌كان و ئه‌و كۆژان و سه‌ختی و مه‌ترسییانه‌یه كه ڕوبه‌ڕویان ده‌بنه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه ئیبراهیم عەلیپوور وتی، "وێنه‌كان به‌شێكن له ژیانی خۆم و ئه‌و كه‌سانه‌ی له ده‌وروبه‌رمدان، فۆتۆستۆرییه‌كه سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی سه‌ر سنوور و كۆڵبه‌رانی كورد و ئه‌و هاوڵاتییانه‌یه كه له‌سه‌ر سنوور ده‌ژین و له ماوه‌ی نزیكه‌ی هه‌شت ساڵدا ئه‌و وێنانه‌م چركاندووه".
ساڵی ڕابردوو سێ ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی پێشانگه‌ی خستنه‌ڕووی وێنه‌كانی تایبه‌ت به خه‌ڵاتی وۆرڵد پرێسیان كردووه، ئیبراهیم عەلیپوور كه خه‌ڵاته‌كه‌ی له ئه‌مستردامی پایته‌ختی هۆڵه‌ندا به‌ده‌ستهێناوه ده‌ڵێت، "پێشبینیی ده‌كرێت ئه‌مساڵ چوار ملیۆن كه‌س سه‌ردانی پێشانگه‌كه بكه‌ن".
وێنه‌كان ئیبراهیم عەلیپوور بۆ “سبه‌ی” ناردوونی